دانیشتنەکانی دیمۆکرات و کۆمەڵەکان لە نۆروێژ نابێتە موزاکرەی "کورد" و ئێران!

10/07/2019

عەلی كەریمی

لە چەند رۆژی رابردوو لەناکاو دوو رووداو بوو بە جێی مشتوومڕ و لێکدانەوەی جیاواز لە ناو گەلی کوردستان لە رۆژهەڵات بە گشتی و چالاکانی سیاسی و لەشکری ناو تۆڕەکانی فەیسبوک و سایتەکانی ئینترنێت بە تایبەتی. ئەوانیش "کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە" و مفاوزاتی ئەم چوار حیزبە بوو لە گەڵ بەرپرسێکی ئێران بە نێوندگیری رێکخراوەیەکی (NGO)ی نۆروێژی.


نەفسی وتووێژ باوەڕ ناکەم لە دنیای سیاسەت و بگرە غەیرە سیاسەتیشدا کەس نکۆلی لێ بکات و بە تەواوی رەدی کاتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم رۆژانە لە نۆروێژ کرا دەبێ چی ناو لێبنێین جیا لە فێل و موئامرەی رژیمی مەلایان.


چل سالە کۆماری ئیسلامی، گەلی کورد لە ئێران بە هەموو شێوەکانی دڕندەیی و بێبزەیانە دەچەوسێنێتەوە و تەنانەت لە مافی پەیا کردنی نان بۆ زگی برسیی بێ بەش کراون و رۆژانە کۆڵبەران دەکوژرێن. چالاکی سیاسی و لاوان دەچنە بەندیخانە و سەریان بە دارەوە دەکرێت، رێکخراوگەلی جیاوازی سیاسی بوونی نییە و کوردستان هەروا وێران و مەحروومە لە ئاوەدانی و سەرمایەگوزاری.


حیزبەکانی رۆژهەڵات لەوپەڕی نایەکگرتوویی و پارچە پارچە بوون و دوورکەوتنەوە لە خەڵک دان بە تایبەت ئەم چوار حیزبەی روویان تێکراوە بۆ ئەو مەبەستە.
هەر چالاکێکی سیاسی و بە ئەزموون و مێژووزان، بە باشی ئەم راستییە دەزانێت حکومەتەکانی ئێران و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە زەعف و فێڵ نەبێ هەرگیز مل بۆ موفاوزات راناکێشن و بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی عەجەم بە فێڵ و موئامرە مفاوزاتی لە لایەنی بەرامبەری خۆی بردۆتەوە. بە دەیان نموونەی زەق هەیە، لەوانە کە زۆر کۆن نین، قەوام لە گەڵ قازی محەمەد و براکەی سەدری قازی، دەستەی نوێنەرایەتی کورد لە ١٩٧٩ بە رابەری شێخ عێزەدینی حوسێنی لە مەهاباد، شەهید کردنی دوکتور قاسملو لە ڤیەنای نەمسا لە سەر مێزی گفتوگۆ، سادق شەرفکەندی لە برلین و... هتد.


لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئێران لە سەد لاوە کەوتووەتە گەمارۆ و کەس ئارەزوو بە حاڵی ناخوازێت و حاڵی لە شڕ شڕترە بۆ دەبێ بێتە پای مێزی دانیشتن و بۆ دەبێ کورد مل بدا بەم ویست و فێڵە؟!


کۆماری ئیسلامی تادێ گەرووی فشارەکانی لێ تەنگتر دەبێ و هەربینا کەوتە سەر ئەژنۆیان، دەنگی نارەزایی ژنان و چالاکانی سیاسی ناوخۆ ئیتر چیتر ناشاردرێتەوە و هەر دێ و گەورەتر دەبێ، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە گرانی شتومەک و باری گوزەران هاواریان دەگاتە عاسمان، گەمارۆی ئابووریی و نارەزایی خەڵک پشتی دەوڵەتی چەماندۆتەوە و لە زۆر شوێن و کاتدا ئیتر کونتروڵ لە دەستی تەنانەت چوماقبەدەستەکانی سەرجادەشیدا نەماوە و لە رووی ناچاری و زەعفەوە زۆر شتیش قبووڵ دەکا.
هەموو باش دەزانین لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک، کوردستان یەکەم شوێنە بۆ راپەڕین و سەرهەڵدان و بە چەشنی موغناتیس بۆ کۆکردنەوەی هەموو دژبەرانی ئاخوندەکان چ ناوخۆ و چ دەرەوەی ئێران.


بە دەیان هۆکار، ئەمڕۆ تاران دەبێ لە حەولی دەستەمۆکردنی کوردستان دابێ و خەتەر و پیلانی دوژمنانی ناوخۆی تا بۆی دەکرێ کەم کاتەوە، کوردستان و خەڵکەکەی دەکرێ "پاشنەی ئاشیل"ی بن و لەوێرا ئاگر تەشەنە بکا و هەموو ئێران بگرێتەوە.


تاران ئەمڕۆ پێویستی بە رای گشتی جیهان و بە تایبەت ئوروپا هەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دژی ئەمریکا، بۆیە حەول دەدا رای گشتی بە هاتنەوەی تەنانەت هونەرمەندێک بۆ سنە و "کۆنگرەی ناوداران" و یان هێنانە سەر مێزی گفتگۆی سەرانی کورد بە دنیا بڵێ من هیچ کێشەی ناوخۆ و تەنانەت دیمۆکراسی و مافی گەلانم نییە و ئەوە ئەمریکایە گێچەل بە میللەتی مەزلوومی ئێران دەکا و جیهان نابێ قبووڵی بکا، بەم رێیە بە خەیاڵی خۆی دەتوانێ دەنگی پشتیوانی بۆخۆی بکڕێت و بە خەڵکی کوردی رۆژهەڵاتیش بڵێ فەرموون با هەموو لە ژێر سێبەری ئیسلام بەیەکەوە بژین، ئەوەتا هونەرمەند دوای چل ساڵ هاتەوە و چووینە پێشوازی با سەرانی کوردیش هەروەک ئەو بەخێر بێنەوە و پێشوازیان لێدەکەین!
لە لایەکی تر سەرانی کۆماری فێڵ و درۆ، لە حەولی دابەشکردنی ریزەکانی کوردا هەنگاویان ناوە و بە داخەوە ئەم چوار حیزبە کەوتنە داوی ئەو موئامرەیەش، بە بەشدار نەبوونی لایەکی گەورەی کۆمەڵەی (حیزبی کۆمۆنیست) و پژاک هەر لە ئێستاوە ئاژاوەیەکی لەناو ریزەکانی چالاکانی فەیسبووک ناوەتەوە و ئەگەر فەیسبووک تۆپخانە و قەناسەی هەبا لە مێژ بوو ئاگری شەڕ تاکیانی نەهێشتبوو، کەواتە کۆماری ئیسلامی لە ئێستاوە مەبەستێکی خۆی کە لێکدابڕانی کورد بوو پێکاوە.


کوردی رۆژهەڵات ئەمڕۆ پێویستی بە یەک گوتاری و یەکگرتوویی لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسۆنی ئێران هەیە، کەچی ئێران بەم هەنگاوە لەگەڵ ئەم چوار حیزبە، کورد لە هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێران جیا دەکاتەوە و دوژمنایەتیان لە نێواندا خۆش دەکا.


خودی ئەم چوار حیزبە کە هەڵگری ناوی دیمۆکرات و کۆمەڵەن و دەزانێ هێژموونی ئەم ناوانە ئێستاش لەناو خەڵکدا هەیە و هیچ نەبێ ناوەکان بۆ خەڵک خۆشەویست و جێی رێز و حورمەتن، سوک دەکا و ئەوەتا لە ئێستاوە هەر چوار حیزب کەوتوونە بەر لافاوی رەخنە و بێزاری کۆمەڵانی خەڵک و قەڵەم بەدەستان و هیچ نەبووە لە ناو خۆیانیشیاندا بوونە دوو دەستە و یەک دەڵێ گفتوگۆ هەبووە و یەک دەڵێ نەبووە و تا دێ هەر چوار لا لە لای خەڵک بێ ئێعتبارتر دەبن.


بە کورتی ئەوەی لەم دەنگۆیانەی ئەم چەند رۆژی رابردوویەدا قازانجی کرد کۆماری ئیسلامی بوو و ئەوەشی بە بێ ئەوەی هیچی دەستکەوتبێ و قازانجێکی نەک بۆ خەڵک بۆ خۆدی خۆشیان دەستەبەر کرد بێ و تەنیا هێنانی کەسایەتی ئەم چوار لایەنە بوو بۆ سەر دم و زاری دۆست و دۆژمن و دوور کەوتنەوەیان بوو لە زمان حاڵی بزاڤی بە حەقی گەلی کورد!


رای دۆستانەی من بۆ ئەم چوار حیزبە ئەوەیە هەتا زوویە و زیاتر نەبوونە مقاشی یاری سەرانی کۆماری ئیسلامی، ئەوەندە نەچنە پێش کە رێی پاشگەزبوونیان لێ ببەسترێ و لە داوی فێڵاوی سەرانی ئاخوند کەون، بکشێنەوە و تەنیا بە شاهیدی کۆمەڵانی خەڵک و بەشداری بەرفراوانی نوێنەرانی خەڵکی رۆژهەڵات مل بۆ گفتگۆ راکێشن و شەرتی بچوکیان بۆ موزاکرە، فەزایەکی کراوەی سیاسی و ئازاد بوونی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان و کۆتایی هینان بە کوشتنی لاوان و کۆڵبەران بێ، ئامادەسازی بێ بۆ فەزایەکی ئاشتەوایی و لێک تیگەیشتن و گەڕانەوە بۆ شارەکان و هەڵبژاردن و دیاریی کردنی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک، ئەوەش هەموو دەزانین لە محاڵاتە و لە ژێر سێبەری دەستوری ئێران و حکومەتی ولایەتی فەقی لە نامومکین و موعجیزە دەچێ تا واقع!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی