کابینەی ڕوکن

10/07/2019

هادی حەمەڕەشید


بە گوڵباران کردن و پیرۆزبایی گەرم و دابەزاندنی وێنەی تەمەن لەگەڵ سەرۆك و جێگر و وەزیرەکانی کابینەی نۆیەم، بگرە نەزر کردن و سەربڕینی ئاژەڵ وەك تەدارەکی گەیشتنیان بەو پلە و پایە بێت، کەواتە ئەم کابینەیە خۆشبەختترینن، لەبری بەرپرسیار کردنیان پیرۆزبایی و لەبری هۆشیاریدان پێیان هەلهەلەکێشان بۆیان و لەبری ئەوەی ئەوان خەڵك دەعوەتی سەر خوانەکانیان بکەن، ئاژەڵ و ماڵاتیان بۆ نەزر ئەکرێت!
ئاسۆی خۆشبەختیی و سەرەتایەکی موریحە بۆیان کە پێیان ئەڵێت کەشی کۆمەڵایەتی لەبارە تا چۆنیان بوێت بەرخورد بکەن.

کە ڕۆژی دەستبەکاربوون و دەنگی دلێری بێ بەربەستی مەسرور بارزانیی ئەبیستیت، بەقەولی باو قرچە لەجەرگت دێت بۆ سەردەمی بەرهەم ساڵەح، بەرهەم نەك ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراوی بە ئەجێندا دەنوکی لەسەری بوو، بگرە پارتیی هاوپەیمانی حیزبەکەی و باڵەکانی ناو یەکێتییەکەی خۆی بەتوندی لێیان ئەدا!

هەمووی ئەوەی ئەو ڕۆژانەدا گوزەران سەرچاوەکەی پەرلەمانێکی زیندوو بوو کە دڵی تەندروستانە لێی ئەدا، سەنگەری یەکەمی ململانێکان و گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی بەشێکی زۆری ناکۆکییەکان بوو.

پەرلەمانی کوردستان(بە هەموو تێبینییەك لەسەر یەك بە یەکی خولەکانیتر) بەڵام تادێت نابود و دزێوتر ئەکرێت، حەقە هەموو تاکێکی کورد چاو بگێڕێت بە لیستی ناوی ئەندامانی پەرلەمانی خولی یەکەمدا، لیستێك کە حیزبەکان لەشاخ هاتنە خوارەوە، ئەزموونێکی ئەوتۆیان نەبوو، بواریان بۆ نەڕەخسابوو تا وەك ئێستا بڕوانامە بەدەست بێنن، کەچی نزیکەی سی لەسەدی پێکهاتەی ئەندامانی پەرلەمان، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بوون، ژمارەیەکی بەرچاویان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر بوون، یان ڕۆشنبیرێکی دیار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بوون.

کە شەڕی ناوخۆ دەست پێئەکات و تەنانەت بەشێك لە وەزیرەکانیش دابەشبوون بەسەر بەرە و سەنگەرەکاندا، هێشتا پەرلەمان ئەیویست ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بەکورتیی بەشێك لەو دڵدارییەی کە هەر لەئێستاوە هاونیشتیمانیان ئەم خولە لەگەڵ کابینە پێشنیارکراوەکەدا ئەیکەن، هۆکارەکەی پەرلەمانێکە کە لەسێبەری چەند خێزان و کەسایەتی و بازرگانێك دان و ناتوانن بچوکترین سەرنج لەسەر خراپترین کاندید بخەنە ڕوو، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین وەزیری پێشنیارکراو متمانەیان بەدەست نەهێنا، چونکە بە فیعلی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران متمانە لەو ئەنجوومەنەوە وەرئەگرێت، نەك وەك ئێرە سەرۆکی پەرلەمان زۆر بە شانازییەوە یەکێك بێت لەوەزیرە بێ وەزارەتەکانی کابینەکە و پەرلەمان پاشکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت!

کابینەیەك کە لە وتاری سەرۆکەکەیدا نەك بەڵێنی گێڕانەوەی موچەی خوراوی فەرمانبەرانی نەدا، بگرە هەڕەشەی هاتنی قۆناغێکی نوێی ڕاگەیاند و دوا کارتی زەردی بەڕووی وەزیرەکاندا هەڵبڕی، کەچی خەڵکی چەپڵەباران و پیرۆزبایی ئاژێنیان کرد، بێگومان کابینەیەکی خواپێداوە بۆ سەرۆك و ئەنجوومەنەکەی و وەك زەوی ڕوکن هەموو نەخشەیەکی لێ دروست ئەکرێت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی