چارەسەری بنەڕەتیی لە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییدایە!

10/08/2019

ڕێبوار رەشید


لە ماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێران و تورکیا هێرشی پروپاگەندەییان دژ بە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان زیاتر و بەربڵاوتر کردووە. نموونەی ئەو هێرشانە لە باشووری کوردستان دیارن و هاوکات لە ئوروپایش کەمپینێکی پروپاگەندەییان بەڕێ خستووە و واتەوات و ویتەویتێکی پشت پەردەش ساز کراوە.

لە بیست ساڵی ڕابردوودا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە سەر بناخەی دڵخوازانە و خۆبەخشی بە سەدان کۆنفەرانس و سیمینار و دیدەنیی دیپلۆماسیی جیهانیی و گوتوبێژ و ڕێپێوان و شێوەی دیکەی لە کار لە سەر تەواوی کوردستان و پێکهاتەکانی بە ئەنجام گەیاندووە.

تێگەیشتن لە ناسنامەی کوردستانیی لایەنێکی گرینگی خەباتی ئازادیخوازانەیە. لە ناسنامەی کوردستانیبووندا دەبێت جێگای هەموو ئایین و ئایینزا و پێکهاتە هەرێمیەکانی کوردستان و ئەو نەتەوە دێرینانەیش کە ئێستا لە ناو کوردستاندا دەژین، ببێتەوە.

تێگەیشتن لە خەباتی ئازادیخوازیی دەبێت تێگەیشتن بێت لە پرینسیپ و دیسپلینی کار، لە هەستی بەرپرسیاریی، لە بەدەربەستەوەهاتن، لە جیددیەتیی سیاسیی، لە پراکتیکی کار، لە دانی ورە و وزە بە گەل، لە ڕەخساندن و پێشخستنی دیالۆگی دیموکراتیک و کاری هەرەوەز.

کوردستانیبوون هەروەها بە مانای ئەرکی بەشداربوونی چالاکانە دێت لە هەموو جۆرەکانی خەبات و تێکۆشاندا، بێگومان دیارە بە پێی توانا و تاقەت و ئیمکانیات. 

کوردستانیانی هۆشیار دەزانن کە گەلی کوردستان زۆر بە دژواریی ئەنگاوتەی نەخۆشینەکانی عەشیرەتگەریی و ناوچەگەریی و باوەڕبەخۆنەبوونە. داگیرکەران لەلایەن کەناڵەکانی پروپاگەندەیی خۆیانەوە بێ باوەڕیی بە خۆ و بە گەلی خۆ، بێ قەراریی سیاسیی و خۆشلکردن بۆ پارەوپول بڵاو دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن بیکەن بە کولتور. داگیرکەران دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە تەواوی گەلی کورد خۆی فرۆشتووە بۆ ئەوەی هەموو نیشتەگایەکی کوردستان بکەن بە گۆڕستانێک بۆ زیندووان. 

داگیرکەران گرەوی هەرە یەکەمینیان، زۆر پێش ئەوەی یەکەمین گولـلە بتەقێنن، لە سەر ئەوەیە تاکەکەسی کورد هیچ جۆرە کارێکی بە سوود نەکات و لە هیچ نەکردندا لە سەرخۆ بمرێت. 

لەو بارەوە هەموو کەسێکی کوردستانیی دەبێت لە شوێنی خۆیەوە وەڵام بە سیستەمی داگیرکەریی بداتەوە.

سیستەمی داگیرکەریی زۆر زیاتر لە نەزمێکی لەشکریی، نەزمێکی هزرییە، نەزمی داسەپاندنی ملکەچیە. هیچ داگیرکەرێک نەیتووانیوە تەنیا بە هێزی سپایی خۆی بسەپێنێت. لەبەرئەوە ئازادیخوازیی کوردستانیی بەو مانایە دێت کە سەرەڕای جیاوازیی بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیی پێویستە بە توندترین شێوە لە هەموو روویەکەوە لە داگیرکەران بدەین. ئەوانەی دەست لە داگیرکەر دەپارێزن هێشتا نەگەیشتوونەتە هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی.

هاوڕێیانی هۆشیاری کوردستانیی دەزانن کە لە ئێستادا ئەرکی سەرشانمان ئاسان نییە، چون لەلایەکەوە خەباتێکی گەورەوگرانی ئازادیخوازانە بەرێوە دەچێت و لەلایەکی دیکەوە داگیرکەرانیش خۆیان توندکردووەتەوە و هێرشێکی بەرفراوان بەڕێوە دەبەن.

لەبەرئەوە لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستمان بە یەکیەتیی نەتەوەیی و خوشکایەتیی و برایەتیی ڕیزەکانی کۆمەڵگای کوردستانە، دروشمی ئێمە پێکەوەبوون و یەکترقبوڵکردن و ڕێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی یەکتر، بەهێزکردنی دیالۆگی نەتەوەیی و پێوەندیەکانمانە، باسی دۆخی دژواری ژێردەستەیی خەڵکی کوردستانە، دیفاعکردنە لە شەفافیەتی حوکمڕانیی، دیفاعکردنە لە دەستپاکیی نەتەوەیی و پاراستنی سامانی نەتەوەیی و پێشخستنی، دیفاعکردنە لە مافی ژنان، لە زیندانیانی بە دەهەزاری سیاسیی، بریتییە لە ڕێزگرتن لە گەریلا و پێشمەرگە کە هەر ئێستا لە سەنگەرەکاندا گیان بەخت دەکەن، هاوکاریکردن و هاوپشتیکردنە لە هەژاران و نەدارانی کوردستان و لە بێکاران و ئاوارەکان، لە دژایەتیکردنی نیپۆتیزم و گەندەڵیی.

هەموو ئەمانە کۆی خەباتی ئازادیخوازیین و دەبێت تیایدا ڕۆڵی دروستی خۆمان ببینین.
کوردستان دەبێت کۆمەڵگای فرەلایەنیی، جێگای بیر و بۆچوون و قسەوباسی جیاواز و جێگای ڕێزگرتن لە ئازادیەکانی تاکەکەس و لە پاراستنی مافی مرۆڤ بێت. کوردستان دەبێت جێگای سەرکەوتنی کولتور ی پێشکەوتنخوازیی بێت.

لەبەرئەوە ئەرکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆکردنەوەی هەموو پۆتێنسیالێکی کوردستانییە بۆ ئەوەی هەر کەس بتوانێت بە پێی توانای خۆی ڕۆڵ بگێرێت و شوێنی خۆی لەو تێکۆشانەدا ببینێتەوە.

هەموو کوردستانیەک، تەنانەت ئەگەر بێ دەربەستیش بێت، مافی خۆیەتی گومان بکات و لە سەر ئەو بناخەیە لە هەموومان بپرسێت و بکۆڵێتەوە. مافی خۆیەتی ڕەخنە لە شێوەی کار و خەبات بگرێت و پێشنیازی شێوەی تر بدات و ئاماژە بە کەمکاریی و کەموکورتیی بکات. بەڵام دەبێت ڕێگا لە ئەوانە بگرین کە ئەجێندایەکی شاردراوەیان هەیە واتەوات و ویتەویتێک بە گەڕ دەخەن و هەوڵ دەدەن خەڵکی کورد لە یەک داببڕن. ئەوانە دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە کولتورێک لە دوورەپەرێزیی، لە بێ ڕێزیی بۆ گیانبەختکردووان و بۆ مافی ژنان دروست بکەن. خواست و ئامانجی داگیرکەر ئەوەیە کە تاکەکەسی کورد خۆی و نیشتیمانی خۆی هەڕاج بکات.

بەڵێ، گرنگترین چەکی داگیرکەر دوورخستنەوەی خەڵکە لە یەکتر و چاندنی تۆوی دووبەرەکیی و بێمتانەییە، چون دەزانن کە پێکەوە زۆر بەهێز دەبین. داگیرکەر دەزانێت کە کاتێک پێکەوە بین بیر و هزرمان قووڵتر دەبێتەوە، میتۆدی باشتری کار و خەبات پێش دەخەین، لە سەنگەردا ڕوونتر شوێنی خۆمان دیاری دەکەین و زیاتر خۆ ڕادەگرین و باشتر ڕێز لە کاری یەکتر دەگرین و پێکەوە بە ئاسانیی دەتوانین دەستکەوتەکانمان دەپارێزین.

لەبەرئەوەیە داگیرکەران مایەیەکی زۆر لە سەر واتەوات و ویتەویتی پروپاگەندەیی دادەنێن. ئەوان دەزانن کە مرۆڤی بندەست بە ناهۆشیاریی زووتر و هاسانتر لە ناو دەبردرێت وەک لە کوشندەترین بۆمب. 

بەو شێوەیە بردنی کوردان بۆ لای یەک، زیاتر ناساندنی کورد بە یەکتر، گەیاندنی بەهدینان بە گۆران و گۆران بە موکریان و ئێزدی و عەلەوی و یارسان و زەردەشتیی و هتد بە یەکتر دەبێت ئەرکی سەرشانی هەموو دڵسۆزێکی کوردستانیی بێت.

ڕێبوار رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە