بۆچی ئەم جەژنە ساردو سڕ بوو؟

11/08/2019

عەزیز رەئوف


یەکەم: ئەوەی لە دنیای ئێمە دەگوزەرێت دروستکردنی دیوارە بۆ خۆجیاکردنەوە لەوی تر.درەستکردنی دیواری گەورە و بینای گەورە و ماڵی بێ ڕۆح ژووری میوانی بێ میوان دۆخێکی دروست کردووە کە مرۆڤ لەوی تر جودا بکرێتەوە.

دووەم: جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵێک تێر و زۆرێک برسی و بەشێک لە ناو وڵات و بەشێک لەدەرەوەی وڵات، دۆخێکی دروست کردووە ئیتر هەڵەیە بڵێین یەک نیشتیمان و یەک جۆر لە هاوڵاتی بوونی هەیە. کوردستان بەشێکی لە دوبەی و بەشێکی تری لە سۆماڵ دەچێت. ئەم جیاوازیە چینایەتیە جەژنێکی قوربان لەحەقی نایات ئەم سنورە کاڵ بکاتەوە.

سێیەم: تۆڕی کۆمەڵایەتی و خاڵیکردنەوەی پەیوەندی بە مەسج و چات و ڤایبەر. ئیدی مرۆڤ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، جەژن و پرسەکان لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە. ئیدی ئێمە لە سەردەمی مەرگی ڕووبەڕووداینface to face ، سەردەمێک ئیدی تەکنەلۆژیا جێکەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بینینی ڕووبەڕوو دەگرێتەوە.

چوارەم: دڵەڕاوکێی مرۆڤ لە دنیای ئێمەدا لەوەی کە ژیانی چۆن دەبێت و دۆخی ناوچەکە و نیگەرانی خەڵک لە ژیانکردن.

پێنجەم: تێکچونی کاتەکانی خەو و کاتی کۆبوونەوە لەسەر سفرە. تا سێ شەو خەریکی یاری و پۆپجیە سبەی لە حەوت و هەشت بەخەبەر نایات تێکچوونی کاتەکان کاریگەری هەیە. ئێستا درزێک کەوتۆتە نێوان خێزانەکان. سفرەکان وەک جاران کاتی دیاریرکاویان نیە و خەوتن و هەڵسان و کۆبوونەوە لەنێو خێزانەکاندا کاتی دیاریکراوی خۆی نەماوە.

شەشەم: جەژن زیاتر لە نمایش دەچێت هێندەی مناسەبەیەکی گەرم و گوڕی نێو چینەکان بێت. کەناڵی بەشێک لە هێزەکان بە هی خۆیانی دەزانن و بەشێکی تر فۆرمێکی تر جەژن دەکەنەوە. لای پارتە ئیسلامیەکان بە دەنگی پیاوانی ئاینی و لای هێزەکانی تر بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی. ئەم درزە کە کەوتۆتە کۆمەڵگەوە لەوە گەورەترە بە (گەردنم ئازاکە) چارەسەر بکرێت.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی