لەبارەی ئەمەریکا و تورکیاوە

11/08/2019

پەیڕەو ئەنوەر


بەهاری عەرەبی بۆ کۆماری تورکیا یەکێک لە ئاڵۆزترین رووداوە سیاسییەکان بوو! ئاڵۆز بەمانای ئەوەی سوریا بوو بە پانتاییەکی پڕ لە قەیران، پڕ لە ئەکتەری جیاواز، پڕ لە هێز و ناسنامەی تازە! دۆخێکی لە سوریا هاتەکایەوە (هۆبس) ناوی ناوە دۆخی بەر لە قۆناغی سروشتی! دۆخی بێ دەوڵەتیی، بێ هێزی باڵا و دەسەڵاتی سەروەر. دۆخێک کە هێشتا دەوڵەت وەک دەزگایەکی مۆدێرن ئامادەیی نییە تاوەکوو کۆمەڵ و گڕووپەکان دیسپلین بکات! لەڕاستیدا ئەم ئەدەبیاتە لەبارەی دەوڵەت و بەدەزگابوونی دەوڵەتەوە لە سوریا بەتەواوی تێکشکێنرا.

خەمی سەرەکی تورکیا لە سوریا ئامادەبوون، گەشەکردن و بەرهەمهێنانی مۆدێلی کوردبوون و ناسنامەی کوردبوونە! تورکیا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت کوردانی سوریا وەک یەکەیەکی رێکخراو، خاوەن هێز و دیسپلین، خاوەن ئەدەبیاتی رووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردن، خاوەن سیستمی پەیوەندییەکان، سیمبوڵ و سەرمایەی نەتەوەیی، ئاسایش و خۆ رێکخستنەوە دەربکەون و جوڵە بکەن!

دیارە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەدوای بەهاری عەرەبییەوە بەشێوازێکی میکانیکی کاربۆ ئەوە دەکات کوردبوون لە ناسنامە و بیرکردنەوەی ئیتنیکی بگۆڕێت و بیکات بەکێشەی "ئاسایش" جوڵەکانی ئەردۆگان، لێدوان و بڕیار و تێڕامانەکانی هەمووی نوێنەرایەتی ئەوە دەکەن کە چۆن کێشەی کورد لە سوریا بەقوڵی گرێبدەن بە کێشەی ئاسایش و مانەوە و سنوور! پێدەچێت بە ئاسایشکردنی پەیکەری کوردبوون لە سوریاوە پەیوەندی بە کڵێشەی دەوڵەتی تورکیا، پێگەی جیۆپۆلەتیکی و کێشە بونیادییەکانی سیستمی سیاسی تورکیاوە هەبێت. دیارە تورکیا وەک سیستم و دەوڵەت بەردەوام ترسی لەوە هەیە کوردانی سوریا هێڵێکی درێژی جیۆستڕاتیژی و جیۆ-ئیتنی لەنێوان باکووری کوردستان و قەندیل و باکووری سوریا دروستبکەن و پایە و رەگەزەکانی دەوڵەتی تورکیای پێ لاوازبکەن و لەکاری بخەن! ئەم ئەڕگیۆمێنتە دەیەها ساڵە باڵادەستە لای ئینتێڵیجێنیسای تورک، شەقمای تورکی و گەورە و بچووکی تورک!

لەڕووی ستڕاتیژییەوە تورکیا ناتوانێت بەردەوامی بە ململانێکانی بدات لەبەرامبەر ئەمەریکادا؛ چونکە ئەمەریکا هێزی زاڵە و ڕەگەزە بونیادییەکانی زاڵترە (هێزی سەربازی، دبلۆماسی، ئابووری، جیۆپۆلەتیک و پێگەی لەنێو سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی)! تورکیا دەیەوێت سنوورەکانی لەگەڵ باکووری سوریا پانتاییەکی پڕ لە ئاسایش بێت! ئاسایش بەمانای ئەوەی هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نزیک لەخۆی و نزیک لە جوڵە و ئایدۆلۆیا و سیستمی بیرکردنەوەی خۆی تێدا ئامادەبێت تاوەکوو فشارە دەرەکی و ناوەکییەکانی لەسەر بونیادە ناوەکییەکەی خۆی کەمتربکاتەوە! دیارە تورکیا وەک دەوڵەت و ستڕاکتۆر تاوەکوو ئێستاش کوردبوون وەک ناسنامە بە ترسناکترین کردە، وێنە، ئەکتەر، فشار و جوڵە دەبینێت. تورکیا دەیەوێت لەرێگەی "ناوچەی ئارام" ەوە دابڕانێکی قوڵ و جیۆپۆلەتیکی لەنێوان کوردانی باکوور و سوریا و ئەوانیتر بەرهەمبێنێت، وەک هێزێکی زاڵ دەربکەوێت لەدژی ئەوانیتر[ئەمەریکا و هێزە کوردییەکان].


پەیرەو ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی