بەیانییەکی ساردی ساڵی 2019 لەگەڵ هاوڕێیەک چووینە 'پاچەی قەساب'ی هەولێر، من ئەوکاتە لە سەرەتای ئاشنابوونم
بە نوسین بەگشتی و نوسەرەکانی کوردستان بە تایبەتیی بووم. پێش ئەوەی بچینە ناو
خواردنگەکە، دکتۆر فەرهادیش لە کۆڵانەکە هاوشانی ئێمە دەهاتە وێندەر، ئەمنیش کە
بینیم تۆزێک حەپەسام و بە عەجەلە گۆتم: کاک دکتۆر ئاساییە ڕسمەک بگرین؟!
گوتی: کورە دەلاکۆ.
من ئەوکات نە نانەکەم خوارد،
نە پاشانیش نوستم بێ ئەوەی ساتێک بێ بیرکردنەوە لەو وەڵامە ڕووشکێنە تێپەڕێنم، وەلێ
چونکە هەرزە و نوێبووم، دوای ماوەیەک دڵم پاک بوویەوە و ئەوەشم وەکو گەورەیی و
مەشغەڵەتی فکریی ئەو نووسەرە لێکدایەوە، و وەکو هەمیشە بە بیانووی زیرەکی و
جیاوازبوونی (ئەو نووسەرە گەورەیە)، ئەم بابەتەم لەبیرکرد و بەردەوامبووم لە
خوێندنەوەی کتێبەکانی.
یەک دوو ساڵ دوای ئەوە، من و
کۆمەڵەک هاوڕێ لە کۆڕێکی بەڕێزیان ئامادەبووین، دوای کۆڕەکە دانیشتنێک کرا و
بیروڕای زۆر ئاڵوگۆڕ کران، ئەوکاتیش گەر پرسیارێکی جەوهەری لێکرابا، بە تایبەت
لەلایەن کوڕەکانەوە، ئیتر دەستی دەکرد بە شکاندنی بەرامبەر و جوڵە و دەستگەمەی
سەیر.
من لەو کاتەوە گەلێک تێبینی
سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیم لەسەر ئەدا و
ڕەفتاری بەڕێزیان بۆ دروستبووە، چونکە خوێنەرێکی باشی بەرهەمەکانی بەڕێزیان بووم،
ئەوەی من پێیگەیشتووم ئەوەیە: ئەو پیاوە لەژیانی ڕۆژانە و دەرکەوتنەکانی، هەرگیز
ئەو عەقڵە فکریی و ئەدەبییە گەورەی نێو کتێبەکانی نییە، وە دەتوانم بڵێم دکتۆر
فەرهادیش بەو هەموو دونیابینی و ئەزموونەی خۆیەوە نەیتوانیوە سنوری ئەو 'دووفاقی لە کەسێتی'یەی دکتۆر عەلی
وەردی باسی دەکات، تێپەڕێنێ.(بە جۆرێک تاک لە تیۆر و گوتاردا بانگەشەی بەرزترین
ئاستی مرۆڤایەتیی و مەعریفە و شارستانییەت دەکات، وەلێ ڕەفتاری ڕۆژانەی بە تەواوی
لەگەڵ حەزە لۆکاڵییکانی خۆی دەگونجێنێ).
دکتۆر فەرهادیش بەدەرنییە لەم
دیاردە کۆمەڵناسیی و دەروونییە، بۆ نموونە: ڕێز لە نەخوێندەوار و مەخلوقی وا دەگرێت، کە
گەر بیخەیتە سەر تەرازوی بەهاکانی خودی کتێبەکانی دکتۆر خۆی، باری بەرامبەر هەموو
ئەو ڕۆژنامەنووس و گەنجە نەجیبانە لارە، کە دکتۆر ئەو ڕەفتارە نامۆیانەیان
بەرامبەر دەکات.
بەڕای من حەزی جیاوازبوون و
دەرکەوتنی نامۆ دکتۆر فەرهادی خستۆتە نێو واقیعێکی ئاوها تاڵ کە: هەر خوێنەرێک
وەکو من پێنج بۆ شەش کتێبی ئەو بخوێنێتەوە، باوەڕناکا نووسەری ئەم تێکستە ئەدەبییە
چاکانە ئەو پیاوە بێت.
من هەمیشە گوتوومە: ترسی مرۆڤ بۆ هەر
لە کەسانێک بێ کە توانای چەوساندنەوەیان هەیە؟، چۆن ناچارین لە چەکدارێکی
نەخوێندەواری قبوڵ بکەین، با لە نوسەرێکی گەورەشی قبوڵ بکەین.! بەڵام ئەوەی
سەیرە ڕەفتار و کاردانەوە توندەکانی دکتۆر فەرهاد، بە تایبەت لەو دواییانەدا،
تەنها بەرامبەر کەسانێکە کە ناتوانن ترس لەسەر ژیان و بەرژەوەندییەکانی جەنابیان
دروست بکەن، پێداکردنی شەربەت و بەکارهێنانی وشەی زبر بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسە،
لە کاتێک بە سەدا یەکی کەسانێک بێ ڕێزی بە نوسین و پیشەی دکتۆر فەرهاد نەکردووە،
نە جیاوازبوونە و نە بیانوی تەمەن هەڵدەگرێت.
لەو سۆنگەیەوە، بە ئەرکی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دەزانم مشوری پاراستنی کەرامەتی ڕۆژنامەنووسان بخوات و
لەسەر ئەم ڕەفتارە هەڵوێستی یاسایی خۆی وەربگرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی