هەودارە بلیمەتەکانی مەلا هەڵۆ

17/08/2019

گۆران هەڵەبجەیی

 

پاش ئەوەی تۆمارە دەنگیەکەی مەلا هەڵۆ بڵاوکرایەوە  ،کە تێیدا بەشێوەیەکی زۆر زۆر ناشیرین و دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخڵاقی هێرش دەکاتە سەر هونەرمەند ماریا هەورامی ،ئیدی ئەو دەنگە وەک ئاگری بن پووش لە میدیاکاندا بڵاو بوویەوە ،بە تایبەت لە فەیسبووک ،کە بە هەزارەها پشتگیری بۆ ئەو خانمە گۆرانیبێژە بوێرە  لە شوێوەی نووسین و کۆمەنتدا ڕاگەیەندرا.
هەر بۆ ئەوەی بزانم پەرچەکرداری مەلا هەڵۆ  لەو بارەوە چیە ،سەردانی واڵەکەیم کرد ، لەوێ پاکانەیەکی دەنگی دابەزاندبوو کە کورد واتەنی [عوزر لە قەباعەت خراپترە]، تێیدا دانی پێدا دەنێت کە قسەکانی لە جێگەی خۆیدا نەبوون و داوی لێبووردن لە ماریا خان دەکات. لە هەمووی پێکەناویتر  ئەوەیە کە خۆی دەکات بە خزمی ماریاو دەڵێت سەردانی دەکەم. دیارە ئەمەش بۆ دەربازبوونە لەو زۆلکاوەی کە تێی کەوتووە . بیگومانم گەر برادەرەکەی ، ئەو قسە ناشیرینانەی بڵاو نەکردایەتەوە ،هەر لەسەر هەڵوێستی خۆی دەماو شانازیشی پێوە دەکرد. بەڵام کار لەکار ترازاو بڵاو کرایەوە ، ئیدی ئەو تەوژمە ناڕەزاییەی بەدوودا هات کە مەلا هەلۆ خودی خۆی هەرگیز چاوەڕێی نەدەکرد .
سەبارەت بەو  قسانەی مەلا هەڵۆ کە داوی لیبووردن لە ماریا خان دەکات، ژمارەیەکی زۆر کۆمەنتی بۆ نووسراوە کە  زۆر بەیانم خوێندەوە .
هەستم کرد سەردانی واڵی داعشێکم کردوە نەک بەناو بانگخوازێک، بەوەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەنتەکان بەزمانی تووندووتیژ و  بێ ڕەوشتی و هاندانی مەلا بۆ بەردەوامبون لەسەر ئەم شێوازە نا ئینسانیە لە دەربڕین و ئاخافتندا نووسراون.  بەڕای من ئەم جۆرە دەستخۆشی و هاندانانە  هەڵۆکان زیاتر بەرەو تووندڕەوی دەبەن.سەیر لەوەدایە مەلا هەڵۆ خۆی پەشیمان بووەتەوەو   هاتوە بەچۆکا ، بۆ دەرچەیەک دەگەڕێت تا بە کەمترین زیان لێی دەربازبێت ،کەچی هەودارانی وازی لێناهێنن و ڕەخنەی لێدەگرن کە [بۆچی داوای لێبووردن دەکەیت و تۆڕاستیت.]
یەک تاکە کۆمەنتم نەدی کە بە پێچەوانەوە بێت ،بۆیە منیش کۆمەنتێکم نووسی بۆی، بەوجۆرەی کە خۆم خواستم. . پاش دوو دەقیقە گەڕامەوە سەر کۆمەنتەکەم دیتم نەماوە. ئەوجا تێگەشتم کە پێدەچێت کۆمەنتی زۆر هەبووبێت هاوشێوەی ئەوەی من ،بەڵام خۆی یا ئەدمینەکانی سڕیویانەتەوە. جاریکی تر کۆمەنتیکی ترم  بەهەمان شێوە  نووسی ،ئەویش نەما.  جا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەر کۆمەنتێکێان بەڵ نەبووبێت سڕیویانەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆمەنتەکانی هەودارانی مەلادا، زۆربەی هەرە زۆریان کەسانی بێ سەواد، نەشارەزا لە ئاین، مێشک داخراو ،حاقد بەرامبەر بە هەموو جوانیەک و هەرجۆرە بزاوتێکی شارستانی. 
بە نووسینەکانیاندا دەرکەوت  کە ئاستی خوێنەوریان زۆر نزمە ،چونکە کۆمەنتەکانیان تژیە لە هەڵەی زمانەوانی  و گوزارشتی ناڕێک و پێک و مەبەستی تیکە و پێکەڵ ، بەخۆرێک بەدەگمەن {ڕستەیەکی بەکەڵک} بەرچاو دەکەوێت.
خاڵێکی دیکە بوونی ژمارەیەکی زۆرە لە دەم هەڕاشی لە نێو  کۆمەنتی ئەو هەودارانەدا ، کە لە زمان پیسیدا  مەلا هەڵۆ  بە قوتابی ڕاناگرن. بەئەندازەیەک  بێڕەوشتیان نوواندوە کە مرۆڤ گومان لە  لە مرۆڤبوونیان دەکات.
جا گەر ئەم بلیمەتانە  پشت وپەناو هەوادارانی ئەو مەلایە بن، ئەوە ئەو حەقیقەتە دەسەلمێنێت کە ئەمانە لە ژێر مینبەرەکەی خۆدی مەلاوە تەخەروجیان کردوە و پەروەردەی خیتابە ژەهراویەکانی ئەون.
ئەوەی لام سەیر بوو ،تێبینیم کرد ژمارەیەکی زۆریان سەر بە گۆڕانن، بەوەی  پرۆفایلەکانیان وینەی کۆچکردوو  کاک نەوشیروانە یا مۆمەکەی گۆڕانە ، وێرای گۆڕانخوازن هەندێک یەکێتیشی تیدایە ،چونکە ئەوانیش وینەی مامی کۆچکردویان کردوەتە پرۆفایلەکەیان.
کارەساتە کە گەلێک ئەم هەموو نەهامەتی و کارەساتەی بەسەردا هاتبێت، کەچی ئەمانە نمونەی گەنجەکانی بێت ،کە بە گیانی دژایەتی و ڕق و کینە و تووندڕەوی پەروەردەکرابن. کارەساتتر ئەوەیە لەم جیهانە بەرین و پڕ تەکنەلۆجیاو مەیسەربوونی خۆپڕچەککردن بە زانست و هزری جوان و مەعریفەدا ،گەنجەکانمان بەم جۆرە دابڕابن لە ژیانی پیشکەوتوو  و بەتاڵبن لە هەمووشتێکی جوان  و سوودبەخش و  ژیانی شارستانی و بەهای ئەخلاقی .
پێدەچێت تەنا شتێک لایان گرنگ بێت و پێی گۆشکرابن، وتارو قسەتووند ژەهراوی و پڕکارەساتەکانی مەلا هەڵۆ و هاوشێوەکانی بێت.
ئەم نەوە بێسەواد و مەترسیدارە  ، گەر دەسەڵاتیان هەبێت ،هەرچی کایەی بەهرەی جوان و  خۆشیەکانی  دنیاو   بزاوتی سودمەندو خۆشەویستی و عەشقە ،لە نێوی دەبەن و دۆزەخێک بۆ مرۆڤەکان دەخولقینن، هاوشێوەی ئەو دۆزەخەی داعش خولقاندی.
زۆر زۆر گرنگە و دواکەوتن هەڵناگرێت کە پێناسەیەکی نوێ بۆ خیتابی ئاینی و ئامانجەکانی دیاری بکرێت وگۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردابێت ، بەجۆریک لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت و گیانی ئاشتی وپێکەوژیان و تەبایی و  بەرامبەر قەبوڵکردن  بکاتە سەرمەشقی هەنگاوەکانی،گەر وانەکرێت ئەوە بێگومان ئایندەیەکی تاریک و مەترسیدار چاوەڕێی  زۆرێک  لە گەنجەکانمان دەکات و مەلا هەڵۆکانیش دەنگیان بڵندترو بیسراوتر دەبێت.
سەرنج/ بۆ خوێندنەوەی کۆمەنتە نەشیاو قێزەوەنەکانی هەودارانی مەلا هەڵۆ ، سەردانی واڵەکەی خودی مەلا هەڵۆ بکەن، بە نێوی [ مەلا هەڵۆ].
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە