بۆچی خەڵك لەسەر ھەدەپە نایەتە دەنگ؟

24/08/2019

موراد ئیکینجی

حكوومەتی توركیا 19ـی ئەم مانگە دەستی بەسەر شارەوانییەكانی، دیاربەكر، مێردین و وان ی ھەدەپە دا گرت، ھەدەپە لەو سێ گەورە شارە، 959 ھەزار و 92 دەنگی بەدەستھێنابوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرج و پرسیاری جددییە، بۆچی لە خۆپیشاندانەكانی ھەدەپەدا 20 كەسیش ئامادە نابن و لەسەر حزبەكەیان نایەنە دەنگ؟

لە راستیدا پرسیارەكە نەك تەنیا بۆ ئەمڕۆیە، بەڵكو چوار ساڵە ھەدەپە ناتوانێت خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەی ئەنجامبدات، یاخود خەڵك گوێ ناداتە داخوازی ھەدەپە بۆ خۆپیشاندان.

لە 11ـی ئەیلوولی ساڵی 2016، حكوومەتی توركیا بۆ جاری یەكەم قەیوومی لەسەر 28 شارەوانی ھەدەپە دانا و دواتر ژمارەكە بووە 94، دواتر شارەدارەكان زیندانیكران و تا ئێستاش بەشێكیان لە زینداندا ماون، بەڵام ئەوكاتیش وەك ئێستا ھیچ خۆپیشاندانێكی جەماوەری ئەنجام نەدرا و خەڵك لەسەر شارەوانییەكانی ھەدەپە نەھاتە دەنگ. ئەو بێدەنگییە بە ھەمان شێوە بەرامبەر دەستگیركردنی ھاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی ھەدەپەش ھەر بەردەوام بوو، بە ھەمان شێوە لە ئۆپەراسیۆنی عەفرینیش.

ھاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی ھەدەپە تا ئێستاش لە زینداندان و دوای عەفرین، توركیا ئەمجارە دەیەوێت بەرەو رۆژھەڵاتی فوراتیش ھەنگاو بنێت، كە لەو باوەڕەدام، نەك ئۆپەراسیۆنێك، توركیا 100 ئۆپەراسیۆنی سەربازیش دژی رۆژھەڵاتی فورات ئەنجامبدات، دەست بەسەر ھەموو شارەوانییەكانی ھەدەپەدا بگرێت و ھەموو پەرلەمانتارانی ئێستای ھەدەپەش زیندانی بكرێن، ھیچ كەس دەنگی لێوە نایەت. بەڵام وەك دەزانین، لەو كاتەوەی لە ساڵی 2014 داعش ھێرشی كردە سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، لە باكووری كوردستان گۆڕەپان و كۆڵان نەبوو خەڵكی لێ نەبێت و دەنگ دژی ئەو ھێرشە بەرزنەكاتەوە و تەواوی باكووری كوردستان ببووە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین.

بەڵام ئاخۆ بێدەنگییەكەی ئێستا چییە؟

پێویستە ھۆكاری ئەو بێدەنگییە، بۆ سەردەمی شەڕی خەندەقەكانی پەكەكە بگەڕێنینەوە، پەكەكە لە ساڵانی 2015 و 2016، لە شارو شارۆچكەكانی وەك شرناخ، جزیر، سلۆپی، نوسەیبین، ناوچەی سوور، فارقین، دێرك، جۆلەمێرگ، گەڤەڕ و وارتۆ خەندەقی ھەڵكەند و شەڕێكی ھەڵە و ناڕەوای دەستپێكرد، شەڕەكە بۆ حكوومەتی توركیا بووە بیانوو بۆ ئەوەی شار و شارۆچكەكانی كورد وێران بكات. لە ئەنجامی شەڕەكەشدا ئەوەی زیانێكی گەورە و بەردەوامی كرد، كورد بوو، پەكەكە سەدان گەنجی بوێر و چالاكی لەو شەڕەدا بەكارھێنا و بە كوشتنیدان، ھەزاران خانوو و موڵكی خەڵك وێرانكران، نزیكەی ملیۆنێك كەس ئاوارە بوون.

شتێكی گرنگ كە پێویستە لەبیر نەكرێت ئەوەیە، سەلاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپەش پشتیوانی لە شەڕی خەندەقەكان دەكرد، بەڵام خەڵك پشتگیریی نەدەكرد و زۆریش ناڕازی بوو. سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ھەدەپە كە دژ بە بڕینی دارێك قیامەتی لە مەیدانی تەقسیمی ئیستانبوڵ دروست دەكرد، لە شەڕی خەندەقەكاندا دژی مردنی كورد بێدەنگیی ھەڵبژاردبوو، سەرۆك بارزانی، ئەوكات لەگەڵ بەرپرسانی ھەدەپە باسی لە سیاسەتە ھەڵەكانی ھەدەپە و كۆتایی ھێنان بە شەڕی خەندەقەكان كردبوو، بەڵام ھەدەپە گوێی بۆ نەگرت و شەڕی خۆی كرد، ئەو كاتەی لە بۆردومانەكاندا مرۆڤ دەكوژران و تەرمی ئافرەتان حەوت رۆژ لە كۆڵانەكان دەمایەوە، تەرمی منداڵان بۆ ئەوەی بۆن نەكات، لەنێو ساردكەرەوەكاندا ھەڵدەگیرا (لە كاتی شەڕی خەندەقەكاندا ھاتووچۆ قەدەخەكرابوو)، ئەو كاتەی ماڵ و موڵكی خەڵك ھەڵدەوەشێندرایەوە، لە ھیچ شارو شارۆچكەیەكی دیكەی باكووری كوردستان دەنگی ناڕازیبوون بەرزنەبووەوە، بۆیە ھەر كەس سوپاسگوزاری خودا بوو كە لە شارەكانیان خەندەق ھەڵنەكەندراون.

بە كورتی و كرمانجی، ئەو شەڕەی روویدا، بیروباوەڕی خەڵكی تێكشكاند، رۆحی بەرخودان و راپەڕینی ھەزار ساڵەی كوردی كوشت، لەگەڵ بێھیواكردنی ئەو گەنجە بوێرانەی كە ئەمڕۆ بتوانن خۆپیشاندانێكی سڤیل و دیموكراتخوازانە ئەنجام بدەن. پەكەكە و ھەدەپە بە شەڕ و سیاسەتی ھەڵەیان، متمانەی خەڵكی خۆیان لەدەستدا، ئەو خەڵكەی كە پێشتر پێش ھەموو شتێك دەچووە بەردەم گازی فرمێسكڕێژ و پێشی بە ھێرشەكانی پۆلیس دەگرت، ئەمڕۆ شارەدار و پەرلەمانتارەكانیان لەبەردەم ئەو گازە ھەژار و بێ خاوەن جێدەھێڵێت. ئەو خەڵكە ئەمڕۆ لە ھەموو كات زیاتر دەتوانێت لە ھەڵبژاردنێكەوە تا ھەڵبژاردنێكی دیكە، دەنگ بداتە ھەدەپە. سوودی ھەدەپە ئەوەیە كە لە دەرەوەی ئەو حزبە، لە باكووری كوردستان پارتێكی دیكەی كوردی كە بتوانێت بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكات و دەنگی جددی وەربگرێت، نییە. ئەگەر ھەدەپە بەدیلێكی دیكەی ھەبووایە، ئەو دەنگانەش نەدەمان. ئەو كاتەی ھەدەپە پشتگیری جەماوەریی خۆی لەدەستدا، حكوومەتی توركیا لە دژی بوێرتر بووە و توانیشی تا عەفرین بچێت. تا وایلێاتووە، ئەمڕۆ میدیای توركیا باس لە داخستنی ھەدەپە دەكات. دوای ئەو ھەموو رووداوە، داخستنی ھەدەپەش كارێكی مەحاڵ و سەخت نییە بۆ حكوومەتی توركیا.

رەنگە ھەندێك كەس بڵێت "پرسەكە تەنیا شەڕی خەندەقەكان نییە، جگە لە شەڕی خەندەقەكان، توركیا رووبەڕووی ھەوڵی كودەتا بووە و دوو ساڵ لە دۆخی با ئاساییدا بوو توركیا بەڕێوەبردراوە، ھەزاران كەس زیندانیكران و لە كارەكانیان دوورخرانەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا كۆمەڵگە ترساوە"، بەڵام پێویستە لەبیر نەكرێت، ساڵانی نەوەدەكان لە رۆژانی ئەمڕۆ سەختتر بوون، ئەو كاتیش لە كۆڵانەكاندا خەڵكی دەكوژران و دەڕفێندران و بكوژانیشیان نە دەدۆزرانەوە و ئاشكرا نەدەكران، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو بكوژانە دیارنین. ئەنجامی ساڵانی نەوەدەكان، دایكانی شەممەی گۆڕەپانی گەلاتاسەرای ئیستانبوڵن كە تا ئێستاش لە تەرمی منداڵ و كەسوكاریان دەگەڕێن و بەدوای بكوژەكانیاندا وێڵن. ئەو كەسانەی لە ساڵانەی نەوەدەكان نەترسابن، ئێستا ھەرگیز ناترسن، بەڵام خەڵك دەتوانێت كارتی سوور بۆ سیاسەت و شەڕی ھەڵە بەكاربھێنێت. بێدەنگییەكەی ئەمڕۆش ئەو كارتە سوورەیە كە خەڵك دەیداتە ھەدەپە و پەكەكە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی