ئاستەنگەکانی بەردەم ڕیفۆرمی ئاینی لەکوردستان

25/08/2019

هەرێم حەسەن



بۆچی تاوەکو ئێستا ڕیفۆرمی ئاینی لەکوردستان سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە؟

هەمیشە نوێبونەوەو ڕیفۆرم لە ئاین و مەزهەبەکان و ڕەوتە دینیەکان، کارێکی یە کجار گرنگ بۆدەربازبون لەچەقبەستویی و دۆگمابون و ڕزگاربون لەخورافەو زیادەڕەوی و ملکەچبون بەرامبەر ئەوڕوداوە مێژوویی یانەی کەبەسەرهاتی ژیانی مرۆڤەکان بون لەڕابردوو لەئێستادا بەناوی دین و پیرۆزی و پاراستنی ڕێبازی سەلەف دەرخواردی تاکەکان دەدرێت.
سەرەڕای ئەوەی هەر ئاینێک،لەگەڵ بارودۆخی سەردەمەکە هەڵنەکاو خۆی نەگونجێنێت،دەبێتەهەۆی بێزاری و دورکەوتنەوەی خەڵک لەئاینەکە وەکو چۆن ئێستالە کوردستان،خەڵک بەگشتی لەگوتاری ئاینی و پەیرەوکردنی ئاین بەشێوازی تەقلیدی و پەیڕەوکردنی ئاین توشی سەرلێشێواوی بووە،بەوەی نازانێت کام لە ڕەوت و مەزهەبەکانی ڕابردوو پەیڕەوبکاو کامیان لەڕاستیەوە نزیکن،چونکە لەئێستادا زۆرینەی ڕەهای خەڵک ئاینی هەر بەشێوە تەقلیدی یەکەی، لە پیاوانی ئاینی و خێزان وەردەگرێت،نەوەک بەخوێندنەوەو بیرکردنەوەو تێڕامان.

.مەبەستی ڕیفۆرم لێرەدا زیاتر،چاکسازی و گۆڕانکاری یە لەلایەنەکانی دەرەوەی عیبادەت و ڕێورەسمە ئاینیەکان و ئەو بوارانەی کە پەیوەندی بەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە هەیە یان دروستکردنی بۆچون و تێڕوانینی تازە بەرامبەر ئەو مەسەلانەی کە لەدەقەکاندا باسنەکراون.

لەبەرئەوەی لەهەموو ئاینەکان،هەمێشە ڕەوتی کۆنەپارێزو توندڕەو ژمارەو لایەنگریان زیاترە،بۆیە هەمیشە باسکردنی ڕیفۆرم و نۆێبونەوە،ڕوبەڕوی هەڕەشەو ئالنگاریەکی گەورەدەبێتەوەو لەهەر شوێنێک تروسکایی داواکاری ڕیفۆڕم بکرێت،بەزوویی خامۆشدەکرێت.بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەهەموو سەردەمەکان هەمیشە چەند کەسایەتی و دەستەیەک بونەتە ئاڵا هەلگری ڕیفۆرم کەئەوانە خۆیان پەیرەوکارو کەسانی دیندارو بەناوبانگی ناوئاینەکەبون.
بۆنمونە لە ئاینی مەسیحی (مارتن لۆسەرو جۆن کاڵڤن و ارازموس....)لەکەنیسەوە داوای ڕیفۆرمیان کردووە.

کێشەکانی سەرنەکەوتنی ڕیفۆرمی ئاینی و ئەوەی ساڵانێکە لەکوردستان بانگەشەی بۆدەکرێت زیاتر دوو خاڵی سەرەکی یە،
1-ڕۆشنبیرو میانڕەوەکانی ئاین، ژمارەیان کەمەو جورئەتی ئەوەیان نیە،بەشێوەیەکی ئاشکرا ، لەڕێگەی گروپ و دەستەوە بانگەشە بۆ ڕیفۆرم بکەن،بەڵکو زیاتر لەگروپی بچوکی فەیسبوکەوە بانگەشەی ڕیفۆرم دەکەن نەک چونەناو جەماوەر.
2-زۆرینەی ئەوانەی بانگەشەی ڕیفۆرمی ئاینی  دەکەن، لەسەرکردەو ڕۆشنبیرو خاوەن بڕوانامەکانی حیزبە عەلمانیەکانن،ئەوانە دورونزیک هیچ پەیوەندیەکیان بە ئاینەوە نیە،ئامادەی مزگەوت و ڕێوڕەسمە ئاینیەکان نابن،تەنانەت لەناو خەڵکانی دیندار بە دژەدین ناسراون،بۆیە لەلایەن خەڵکانی دیندار بایکۆتی کۆڕو کۆنفرانس و کۆبونەوەکانیان دەکرێت کەباس لەڕیفۆرم دەکەن و گوێ لەبانگەشەکانیان ناگیرێت.
لەلایەکی ترەوە، جێگای سەرسوڕمان نیە کە خەڵکی دیندار بڕوا بەم جۆرە خەڵکانە نەکەن کەداوای ڕیفۆرمی ئاینی  دەکەن،چونکە ئەوان ناتوانن ڕیفۆرم له حیزبه کانیان بکەن،کۆنگرە ببەستن و سەرۆکێکی تازە بۆ حیزبەکانیان هەڵبژێرن و دەسکاری پەیڕەوو پڕۆگرامی حیزبەکانیان بکەن و بەشێوەیەکی پیرۆز سەیری بکەن و لێی لانەدەن،ئەی چۆن داوای ڕیفۆرمی ئاینی لەبیروباوەڕی خەڵک دەکەن؟

هەربۆیە سەرکەوتنی ڕیفۆرم زیاتر بە ڕۆشنبیرو میانڕەوەکانی ئاین دەکرێت نەک بەکارەکتەرەکانی دەرەوەی ئاین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی