لەنێوان ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەردا

01/09/2019

جەبار عەزیز

 

بەرەبەیانی ٣١/٨/١٩٩٦ هێزەکانی سوپای عێراق بە پێشەنگایەتی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەلاماری هەولێریاندا، کە ئەودەم حاکمیەتی یەکێیتی نیشتیمانی کوردستان بەسەر شارەکەوە بوو. خیانەت و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ نەیارەکاندا، بۆ کۆتایهێنان بە ململانێی ناوخۆی لەناو کورد شتێکی نوێ نییە و مێژووییەکی درێژی هەیە، بەڵام ئەوەی ٣١ی ئاب جیادەکاتەوە لە ئەوانی تر پەنابردنە بۆ "بەعس" وەک یەکێک لە دڕندەترین هێزەکانی ناو مێژوو دژ بە کورد، تەنانەت لەناو خێزانی بارزانیدا دووبرای سەرۆکی پارتی (عبداللە، لوقمان) ئەو رژێمە لەسێدارەی داون، ئەوەجگە لە ئەنفالکردنی (٨٠٠٠)هەشت هەزار بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣. نوێترین کارەساتە گەورەکان لە ٣١ی ئابەوە، بۆ هەشت ساڵ پێش ئەو رۆژە دەگەرێتەوە کەئەویش گەورەترین کارەساتەکانی ناومێژووی ئێمە کە ئەنفالکردنی سەدان هەزار کورد بوو بەدەستی بەعس، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دەیان گوند وناوچەی تری کوردستان بوو، وێرانکردنی هەزاران گوند و دەیان شارۆچکە و کۆکردنەوەی دانیشتوانەکەی لە کۆمەلگا زۆرەملێکاندا.

 

تەنیا دوای پێنج ساڵ بوو لە راپەڕین دژی ئەو رژێمە و کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان کە ئەنجامەکەی دەرکردنی بڕیاری (٦٨٨) لە ٥/٤/١٩٩١ نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بۆ پارێزگاری لەگەلی کورد، بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی رژێمی بەعس. کەچی ئێستا هێزێکی کوردی خۆی پێشەنگایەتی ئەو رژێمە دەکات! شۆکی ئەو ڕوداوە تەنێ بۆ ئێمەی کورد نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو دونیا بوو. ٣١ی ئاب دەستگرتنی رژێمێک بوو کە هیچ ڕێگایەک نەمابوو نەیگرێتەبەر بۆ توانەوە و لەناوبردنی کورد. بەبەرچای کامێراکانەوە رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی، هێزەکانیان بەرەو ئەوناوچانە جولاند، کە پێشمەرگە لەئەنجامی شەری داعش بە خوێنی خۆی ئازادی کردبوون، لە شەنگالەوە هەتا خانەقین وەک لە بەیان و رەسمیاتەکانی حکومەتی عێراقیدا هاتوە ئەوان بۆ شەڕ نەهاتوون، بەڵکو دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی کە بەپێی دەستور سنوری جوگرافی بەشێکن لەعێراق، لە کەرکوک پێکدادانێکی کەم ڕویدا و دەیان پێشمەرگەی یەکێیتی تیایدا بوون بە قوربانی، ئەم شەرە درێژەی نەکێشاو لەزۆربەی ناوچەکانەوە پێشمەرگە کەوتە پاشەکشێ، کە جگە لەپێشمەرگەی یەکێیتی هێزی لایانەکانی تریش بەتایبەت پارتی لێبوو، تەنانەت لەناوچەکانی شەنگال و سنونێ و مەخمور کەتەواو لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی بوو پێشمەرگە بێ هیچ بەرگرییەک کشایەوە.

 

هەر ئەوڕۆژە لە پەخشی راستەوخۆدا پەیامنێرەکان وەک خەریکی خوێندنەوەی شتێکی پێشوەخت ئامادەکراوبن، کارەساتەکەیان وەک خیانەتی بەشێک لە قیادەی یەکێیتی وێناکرد، زۆری نەبرد بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتیش بەهەمان نەفەس کەوتنە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و باڵێکی حیزبەکەیان بەهۆکاری ئەو شکستە تۆمەتبارکرد. ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە بوو کە بەپێداگری بارزانی لە ٢٥/٩/٢٠١٧ ئەنجامدرا و خەڵکی کوردستان بەڵێی بۆسەربەخۆی کرد، کەبەبێ هیچ بەڵێنێکی پێشوەختە بارزانی بڕیاری لیداو ئەو کارتەی کوردیشی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی. جەماوەری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کەوتە ژێر کاریگەری هەژموونی میدیای پارتی و زۆر ئاقڵانە توانرا حەقیقەتی پشتی روداوەکان لەخەڵک ون بکەن و یەکێتیش خۆی هۆکاری سەرەکی بوو نەیتوانی داکۆکی لەخۆی بکات، لەکاتکدا هەڵەی یەکێیتی لە٦ی ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو هەڵەی گەورە ئەوەبوو کە بەبێ هیچ زەمانەتێکی نێودەوڵەتی چووبووە ناو پڕۆژەکەی بارزانی(ریفراندۆ).

 

خۆ ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێ و یەکێیتی هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق کردبێ، هێشتا موقاڕەنەی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر شتێکی نالۆژیکیە، بەو پێیەی حکومەتی نوێی عیراق کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دامەزراوە کورد کاراکتەرێکی گرنیگ و کاریگەربووە تێیدا، دەستوری ئەو دەوڵەتە کورد خۆی بەشداری لەنوسینەوەیدا کردووە و لە ریفراندۆمێکی گشتیدا دەنگی پێداوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٥، کەبەپێی ئەو دەستورە سوپای عێراق لە کۆی جوگرافیای عێراقدا دەتوانێ جموجۆڵ بکات. جگە لەوە ئەو دەوڵەتە سەرۆک کۆمارەکەی کوردە، دەیان پەرلەمانتاری کورد لەسەر پشکی حیزبەکان لەپەرلەمانن چەندان وەزیری کورد لەبەغدان، هەتا ئەمرۆش قوت و بوجەی هەرێم لەبەغداوە دابین دەکرێت. ئەوەی خیانەت بوو خودی ڕیفراندۆم بوو، کە ئامانجی خودی بارزانیش هەر ئەو دەرئەنجامەبوو کە ئەمڕۆ دەیبینین، نەک خواستی دەوڵەت و کوردستان، چونکە هەموو بژاردەکانی بەردەم بارزانی لە ڕیفراندۆم باشتربوون، بەڵام ئەو خراپترینیانی هەڵبژارد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی