هەرێم لە بەردەم تیغی بڕیارەکانی بەغدادا

21 خولەک پێش ئێستا

هیوا خدر رەسوڵ


بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە حەقیقەتدا کێشەی مووچە و ژمارە نین، هێندەی ئەوەی تەقەلایەکی ڕێکخراون بۆ گۆڕینی هاوسەنگی و پووچەڵکردنەوەی ئەو پێگە فیدراڵییەی هەرێم دوای ٢٠٠٣ بەدەستی هێناوە، نەوت و سنوورەکان و مووچە تەنها ڕووکەشن بۆ ململانێی دوو عەقڵییەت: عەقڵییەتێکی مەرکەزی کە هەموو جڵەوێک دەداتە دەست ناوەند، لە بەرامبەر عەقڵیەتێکی فیدراڵی کە وڵات لەسەر شەراکەت و هاوسەنگی دەهێڵێتەوە نەک بە زۆرەملێ و سەپاندن.
پێشهات و سیناریۆکانی داهاتوو
لە سایەی ئەم ململانێیەی نێوان عەقڵییەتی ناوەندگەرا و پرەنسیپی فیدراڵی، پێشبینیکردنی داهاتووی پەیوەندییەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەندە بە چۆنیەتیی کارلێکی نێوانیان و ئاستی وەڵامدانەوەی ستراتیژیی هەرێم، لەم سۆنگەیەوە ڕەوتی پێشهاتەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ سیناریۆدا خۆی دەبینێتەوە:
سیناریۆی یەکەم (ڕێککەوتنی ناچاری و یاسایی): گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و مافەکان بە شێوەیەکی یاسایی و بەردەوام.
سیناریۆی دووەم (بەردەوامیی شەڕی ئیرادە و فشار): مانەوەی فشارەکانی بەغدا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی و بڕیارە داراییەکانەوە بۆ ماندووکردن و ڕاکێشانی هەرێم بەرەو سازشی زیاتر.  
سیناریۆی سێیەم (پێکدادانی سیاسی و چەقبەستوویی): توندبوونی هەڵوێستەکان تا ئاستی بایکۆت یان کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق.  
پێم وابێت سیناریۆی یەکەم واقعییترین و تاکە ڕێگەی سەقامگیرییە؛ چونکە بێ یاسای نەوت و گاز و ڕێککەوتنی دەستووری، هەر ڕێککەوتنێکی کاتی بە لاوازی و بەردەوامیی قەیران دەمێنێتەوە.
کاری پێویست و ستراتیژی هەرێم چی بێت؟
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا پێگەی دەستووری و سەرچاوەکانی داهات و کەرتی وزەی بپارێزێت، پێویستی بە:
1. یەکڕیزیی ناوخۆ: کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی لە ناوخۆدا بۆ ئەوەی بەغدا وەک کارتی فشار بەکاری نەهێنێت.
2. چاکسازی و فرەچەشنکردنی داهات: شەفافیەت لە داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بەتەنها بە نەوت.
3. هاوسەنگی لە دۆسیەی وزەدا: پاراستنی متمانەی کۆمپانیاکان و پێداگری لەسەر چارەسەری یاسایی و دەستووری (یاسای نەوت و گاز) نەک بڕیاری تاکلایەنە .
4. دیپلۆماسییەتی بەرژەوەندی: نیشاندانی ئەوەی سەقامگیریی هەرێم و بەردەوامیی بازرگانی و وزە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بازاڕی وزە پێویستە و تێکدانیان زیانی گشتی هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی