قەیوم: ئاڵنگاری بەردەوامی کورد لە تورکیادا

05/09/2019

گەیلان عەباس


رۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٩، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژ بەتیرۆر، سەرۆکی سێ گەورە شارەوانی (ئامەد، وان و ماردین)ی هەدەپەی لە لەکارەکانیان دورخستەوە. هەمان رۆژ بە فەرمانێکی وەزاری و پشت بەست بەیاسای قەیوم، پارێزگاری هەرسێ شارەکەی بە قەیوم، لەجێگای سێ سەرۆک شارەوانیەکەی هەدەپە دامەزراند.
پرۆسەی لەسەرکارلادانی سەرۆک شارەوانیەکانی کورد لە تورکیادا ریشەیەکی مێژویی هەیەو لەرابردوشدا هەمان رێوشوێن دژ بە سەرۆک شارەوانیەکانی دیکەی کورد لە باکوری کوردستان گیراوەتە بەر.
بەر لەدەرچونی یاسای قەیوم، لەتورکیادا بۆ دانانی قەیومەکان پشت دەبەسترا بە (مادەی ١٣٣ی یاسای تیرۆر، مادەی ٤٥-٤٧ی یاسای شارەوانییەکان، مادەی ١٢٧ی دەستوری ١٩٨٢ی تورکیا).
بەڵام دوای یەک مانگ لە کودەتاکەی ١٥ تەموزی ٢٠١٦ تورکیا، لەچوارچێوەی قۆناغی باری نائاسایدا، (یاسای قەیوم) لەپەرلەمانی تورکیا بەدەنگی ئەکەپەو مەهەپە لە ١٤ئابدا دەرچوێندرا. دیارترین خاڵی یاساکە پەیوەست بە پرسی شارەوانییەکان ئەوەی تێدابوو "هەمو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لەکار دوردەخرێنەوە، کە پشتیوانی و پشتگیری لە رێکخستنە تیرۆریستیەکان دەکەن و قەیوم دەخرێتە جێگەیان". قەیومەکانیش کەسانی راسپێردراوی دەوڵەتن، كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان، بە دامەزراندن و فەرمانێکی وەزاری، دایاندەنێت، لەجێگەی سەرۆکی شارەوانیەکان. ئەوەش بەمەبەستی راپەراندنی کاروباری شارەوانیەکان، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو شارەوانی و ناوەندە بەپرسێکی نایاسایی تۆمەتبار دەکرێت،  لە نمونەی (تیرۆر و گەندەڵی، یاخود پلاندانان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات ...).

بەم جۆرە حکومەتی ئاکپارتی لەپاڵ یاساو بریارەکانی پێشودا، پشتی بەیاسای قەیوم بەست، بۆ پەراوێزخستنی نەیارەکانی، لەم نێوانەشدا کوردانی باکور لەماوەی سێ ساڵی رابردودا، یەکەمین گروپ بوون کە باجی دەرچونی یاسای قەیومیاندا. بەتایبەت لەسەر ئاستی سەرۆکی شارەوانیەکان.

لە بیست ساڵی رابردودا كوردانی باکور، بەشداریان لە پێنج هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیادا کردووە. واتە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ساڵی ١٩٩٩ تا دواین هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩، ئەوەش لەرێگەی پارتەکانی (هادەپە، دەهەپە، دەتەپە، بەدەپە، هەدەپە). بەڵام ئەوەی کەخاڵی هاوبەش بوو، لەنێوان ئەزمونی بیست ساڵی رابردوی بەشداری کورد لە هەر پێنج هەڵبژاردنەکەدا، بریتی بوو لە بریاری داخستنی ئەو پارتە سیاسیانە لەرێگای دادگای دەستوری تورکیاوە، بلەرێگەی یاسای تیرۆرو پشتیوانی پەکەکە، دواتر دەستگیرکردن و دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانی و ئەندام و لایەنگرانیان.
 یەکەم ئەزمونی بەقەیوم کردنی شارەوانیەکانی کورد، دەگەرێتەوە بۆ دوای کودەتاکەی ١٥ی تەمموزو دەرچونی یاسای قەیوم. ئەوەبوو لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە تیرۆر، هەڵمەتی گرتن و دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەپە دەستی پێکرد. لەکۆی ١٠٢ شارەوانی بەدەپە، لەماوەی دووساڵی باری نائاسایدا ٩٤ شارەوانی لەکارەکانیان دورخرانەوەو قەیوم (واتە نوێنەرانی دەوڵەت)، بەدامەزراندن خرایە جێگەیان.

دواین پارتی سیاسی کوردی، کە لەباکوری کوردستان کەوتە بەر هەڵمەتی تیرۆر و سەپاندنی قەیومەکان، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بوو.
هەدەپە لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیادا لە ٣١ ئازاری ٢٠١٩ لە سنوری باکوری کوردستان بەشداریکردو توانی ٥٨ شارەوانی بەدەستبهێنێت. بەڵام دوای تێپەربونی تەنها چوار مانگ و نیو، بەسەر هەڵبژاردنەکەدا بەفەرمانی سەرۆک کۆماری تورکیا، وەزارەتی ناوخۆ، بریار درا بە دورخستنەوەی سەرۆکی هەرسێ گەورە شارەوانی هەدەپە لە (ئامەد و وان و ماردین) و دانانی قەیوم لەجێگەیان.

لەئێستادا هەرچەندە تەنها ئەو سێ گەورە شارەوانی باکوری کوردستان بەر هەڵمەتەکانی قەیوم کەوتون، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها لەو ئاستەدا دەوەستێت. بۆیە ئەگەر هەیە دوابەدوای جێگیرکردنی تەواوەتی قەیومەکان لەو سێ شارەوانییەو کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان. حکومەتی تورکیا، روبکاتە شارەوانیەکانی دیکەی هەدەپەو ئەوانیش بەو دەردە ببات.
لەئێستاشدا ئاماژەکانی ئەم خواستە بەتەواوەتی بەدەر کەوتون، بۆ نمونە دوای یەک رۆژ لەلادانی سەرۆکی سێ شارەوانیەکەی هەدەپە، (ئەیهان بیلگەن)ی سەرۆک شارەوانی پارێزگای (قارس)ی سەر بە هەدەپە، لە ڕێی پارێزەرەکانییەوە ئاگادارکرایەوە کە لایەن داواکاری گشتی تورکیاوە بانگهێشت کراوە بۆ لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەکانی، لەسەر دۆسیەی تیرۆر. ئەمەش دەریدەخات کە ئاکپارتی تەنها بەو سێ شارەوانیەوە ناوەستێت و شارەوانیەکانی دیکەی هەدەپەش دەخاتە نێو هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرەوە.
تەنانەت ئەگەر هەیە دوا بەدوای شارەوانیەکانی هەدەپە، ئاکپارتی روبکاتە شارەوانی پارتەکانی دیکەش. بۆ نمونە بەرپرسانی جەهەپەش لەئێستادا ئەو گومانەیان لەلا دروستبوە. (گورسەل تەکین)ی پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیستەنبوڵ، لەتویتێکدا دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا دژى سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دەڵێت "بیستومە سەرەی قەیوم دەگاتە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەش".  ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گواستنەوەی مۆدێلی کۆنترۆڵکردنی قەیومی ئاکپارتی لە شارەوانیەکانی هەدەپەوە بۆ دەستگرتن بەسەر شارەوانیە گەورەکانی جەهەپە لە (ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەو ئیزمیر).  

بەمجۆرە لەژێر سێبەری دەستور و یاسای تیرۆرو یاسای قەیوم و یاسای ئاسایشی نیوخۆی تورکیا، پرسی لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی کورد، لەئێستاو رابردوشدا، بوەتە ئەگەرێکی کراوەو پێشبینی کراو. واتە لەهەرکاتێکدا دەسەڵاتی ئەنقەرە بخوازێت، ئەوا دەتوانێت لەرێگای رێوشوێنە یاساکانییەوە نەیارەکانی لەدەسەڵاتی شارەوانیەکاندا بهێنێتە خوارەوەو بە قەیومەکانی حکومەت جێگەیان بگرێتەوە.  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە