سیاسەت و گۆرانی چراندن

06/09/2019

نازم دەباغ


کاتێک سەیری بارودۆخی دونیا و خۆرهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە و کوردستان دەکەین لە ئاستی روداوەکانی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داهاتوو، پێویست دەکات دڵنیای بدەین کە دەکرێت بارودۆخی ئێستاکە لەسەر رۆشنایی رابردوو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەوکات لەسەر رۆشنایی و بارودۆخی ئەمرۆکە دەکرێت ئایندەیەکی دیار دەست نیشان بکرێت و پێش بینی بکەین.

بەبروایمن  بەداوای لێ بوردن  لە هەموو ئەوانەی رۆژانە لە پەخشی راستەوخۆ و تەلەفزیۆنەکان و نووسین و بابەتەکان بەدی دەکەیت بەناوی چاودێری سیاسی و سیاسەت مەدار و راوێژکار، زۆری بابەتەکان لەشێوەی گۆرانی و گۆرانی بێژەکاندایە، کەلەسەر خواست و سۆزی خۆی و جۆرە هۆنراوەکە ئاوازێک هەڵدەبژێرێت و دەیڵێت. زۆرهەیە گۆرانیەکەی تەمەنێکی کورتی هەیە و هەشە هەمیشە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە.هەڵسەنگاندن و باسکردن لەرووداوە سیاسی و سەربازیەکان تا دەگاتە گۆڕانکاریەکان، لەهەموو روویەکەوە ئەنجامێکن بۆ کۆمەڵێ هۆکار و کارلێکردە دەگەرێتەوە، واتە پێویست دەکات رابردوو هۆکارەکان و هەڵسەنگاندنی ئەمرۆکەی بۆ بکرێت لەسەر رۆشنایی رابردوو، ئەوکات دەتوانین تێبینی راست و دروست بۆ داهاتوو بکەین.

ئێستاکە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی لە ناوچەکە کێشەی هەرە گەورە و گەرمەکان (ئیسرائیل و فەلەستین )و (ئەمەریکا و ئێران) و (شەری دژە تیرۆر و داعشە). لەدەرەوەی ئەو بازنەیەش کێشەی درێژ خایەن و رەوا هەیە کە کێشەی کوردە و بەشێوەیەکی گەرم هەموو بەشەکانی گرتۆتەوە کەم تا زیاد.

  پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد لەناو هاوکێشەکانی ناوچەکە دەچێتە ریزبەندی و دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پێناو بەدەست هێنانی مەفەکانی؟ یان دەبێتە کەرەستەیەک و کارەکتەرێک  بۆ هاوکاری لایەنە دژ بەیەکەکانداو  دژی لایەنێکی تر، ئەوکات وڵاتە زلهێز و دەسەڵاتدارەکان بە ئامانج گەیشتن پشت لە کورد بکەن؟ لەباشترین بارودۆخدا بڵێن فەرموون لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەتان رێک بکەون. هەروەکو لە رابردوو لە کاتی ئەنجامدانی راپرسی بەدیمان کرد.

  ئایا تەنها لەبەرژەوەندی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی تایبەتیدایە؟ هەموو ئەو هاوکێشانە ئەنجامی چەند بابەتێکن کە هەندێکیان بۆ هەندێ بەرژەوەندی دەکرێت بگوترێت ئابووری و بازرگانی بێت یاخود گەیشتن بە رێگا چارەسەرێکی گشت گیر و دابین کردنی مافەرەواکان؟.

  بۆ هەر ئەنجامیک و پێشبینی هەر ئایندەیەک پێویست دەکات هۆکارەکانی پەیدا بوونی گرفتەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەوکات دەکرێت ئەنجامەکانی لەبەرژەوەندی تایبەت مەندیەتی و کارلێکردنی سوودی لێ وەربگیرێت و ئایندەش پێشبینی بکرێت. بەداخەوەکورد هەتا ئێستا لەگەڵ هەموو رەوایەتیەکی ماف و داخوازیەکانی، نەکراوە خۆی بکاتە هۆکارێکی بنەرەتی بۆ بەشداری و لابەلاکردنی هاوکێشەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی و گەیشتن بەمافەکانی خۆی.

  لێرەدا دەکرێت هەڵسەنگاندن بکرێت کە بەدرێژایی مێژوو بوونی کورد بە هەموو شەرەناوخۆییەکان و بەتایبەتیش لە دوای راپەرین و دەست کەوتەکانی تاوەکو ئەمرٶکە بە لێکدانەوە بۆ هەموو قۆناغەکانی حکومەتداری و بەرێوەبردن و سیاسەت کردن و ئابووری تا  دەگاتە بەشداری سەربازی  لە شەرێکی سەپێندراوی دژە تیرۆر و داعش لە عێراقدا بکەین،نمونەیەک تەنها بەشدار بوون و پشتیوانی بوو، ئەوەی دەستکەوتی گەلی کورد و هێزە قارەمانەکەی پێشمەرگە بوو تەنها دەست خۆشی لێ کرا، دوایی رێگا پیشاندان بۆ ئەوەی لەرێگای حکومەتی ناوەندی کێشەکان چارەسەر بکەن و مافەکانانتان بەدەست بهێنن. کورد لەبەر بارودۆخی تایبەتی جوغرافیای و ناوچەیی و بەرژەوەندیەکانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی یەک گوتاری سیاسی و ئیستراتیجیەتێکی دیار و هەمیشەیی.

  ئەگەر هەموو ئەورووداوانەی رابردوو و بارودۆخی ئەمرۆکە رەچاونەکەین و لەبەرچاو نەگرین، بەدڵنیای لەرۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە دەبینە قوربانی بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوچەیی( الوفاق الاقلیمی).

دەکرێت تا بارودۆخی ناوچەکە لەململانێدایە، بتوانین ئابرومەندانە کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەین و یەک ریزی بەهێز بکەین و پاوان کاری نەهێڵین و یەک گوتاری سیاسی بۆ یەک ئەمانج  ولە هەوڵدابین سوود لەم بارودۆخەی ئەمرۆکە لە بەغدا هەیە و سوود لە توانایی و برایەتی سەرۆک کۆمار و سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران  و سەرۆکی پەرلەمان وەربگرین و بە وتاری ئارامی و ئاسایش گەلەکەمان بپارێزین لە کێشە و شەر و ململانێی بەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە و زلهێزەکان، تەنها وەکو لە کۆنەوە گوتراوە پشت و پەنای کورد شاخ و یەکریزی و یەک  گوتارەی یە. جارێکی تر نەگوترێت دەبوایە وامان نەکردبا و وامان کردبا.

 نازم دەباغ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی