شۆرشی ئه‌یلول له‌ ململانێی هه‌ریمایه‌تی و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی

شۆرشی ئه‌یلول له‌ ململانێی هه‌ریمایه‌تی و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی

دانا مه‌نمی


241 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شۆڕشی‌ ئه‌یلول هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بوو له‌گه‌ڵ شۆرشه‌كانی پیشخۆی چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌شایه‌ری دامه‌زرابوو ، هه‌ر عه‌شره‌تێك پارێزگاری‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان ده‌كرد‌و به‌رپه‌رچی‌ هه‌ر هێرشێكیان ده‌دایه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌ بكرایه‌ته‌ سه‌ریان، مه‌لا مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی شۆرشی ده‌كرد به‌ڵام شۆرش خاوه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتوو نه‌بوو نه‌خشه‌ رێگایه‌كی ستراتیژییان نه‌بوو فه‌رمانده‌ مه‌یدانیه‌كانیش به‌ مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵ و میزاجی خۆیان كاریان ده‌كرد ،شۆرشی ئه‌یلول هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان له‌ پێنجوێن تا زاخۆ، له‌ سنجاره‌وه‌ تا خانه‌قین گرته‌وه‌،به‌ڵام هێزه‌كان هێزێكی‌ میلی‌ بوون بۆیه‌ شكستێكی‌ كاتی‌ خوارد . كۆنه‌ ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گه‌كان ئومێدیان به‌سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش نه‌بوو بۆیه‌ به‌هه‌لیان زانی‌‌و خۆیان كێشایه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ نامه‌ ناردن بۆ ڕژێمی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ به‌غدا‌و ڕژێمیش ته‌ماعێكی‌ باشیان خسته‌ به‌رده‌میان زۆرێكیان گه‌رانه‌وه‌ باوه‌شی‌ ڕژێم‌و خۆیان دژی‌ شۆڕش پر چه‌ك كرد.

دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌ و مه‌لا مسته‌فا شۆڕشی ئه‌یلول له‌  ۱۱ـی ئه‌یلولی ۱۹٦۱دا هه‌ڵگیرسا، خه‌ڵك به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نێشتیمانیه‌كانیان به‌شدارییان له‌و شۆڕشه‌دا كرد ، له‌ كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ۱۹٦۲دا ئیران په‌یوه‌ندی به‌ شۆرشی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌كات و ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌موو هاوكارییه‌كی ماددی و ته‌ندروستی و سه‌ربازی ده‌رده‌بڕێت ، هه‌ر دوای په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر داوای مه‌لا مسته‌فا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بووه‌و له‌ ڕووی ڕامیارییه‌وه‌ شۆرشی ئه‌یلولی به‌ڕیوه‌ بردووه‌ به‌مه‌به‌ستی بیینی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا چوو بۆ تاران، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یتوانی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا ببینێت،‌ به‌ڵام ۱۰۰ هه‌زار دینار ‌و هه‌ندێك تفه‌نگ ده‌ستكه‌وتی ئه‌م سه‌ردانه‌ بوو بۆ شۆڕشی ئه‌یلول . 

له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ مه‌سعود به‌رزانی له‌ كتێبی بارزانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورددا ده‌لێت : یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت له‌ئاخروئۆخری‌ ساڵی‌ ۱۹٦۱ه‌وه‌ ده‌ستی‌ دایه‌ ته‌رخانكردنی‌ یارمه‌تیه‌كی‌ نه‌ختینه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ ۳٦۰ هه‌زار دۆلار كه‌ به‌نرخی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ گۆڕینه‌وه‌ ده‌یكرده‌ ۱۲۰ هه‌زار دیناری‌ عێراقی‌ ، ئه‌م به‌خششه‌ تا ساڵی‌ ۱۹٦۸یش هه‌ر وه‌ك خۆی‌ مایه‌وه‌. له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ ۱۹٦۹وه‌ زیاد كرا‌و كرا به‌نیو ملیۆن دینار‌و تا ساڵی‌ ۱۹۷۲ هه‌ر به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بو. له‌و ساڵه‌ی‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا هاته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، ئیتر یارمه‌تییه‌كه‌ی‌ سۆڤیه‌ت به‌ته‌واوی‌ بڕا ، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت : هه‌مو ئه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكه‌وتوه‌ شازده‌ ملیۆن دۆلاره‌، ئێمه‌ به‌نه‌ختی‌ شه‌ش ملیۆنمان له‌ماوه‌ی‌ نێوان كانونی‌ دووه‌می‌ ۱۹۷۳‌و یه‌كی‌ ئاداری‌ ۱۹۷٥دا لێوه‌رگرتون‌ و حكومه‌تی‌ به‌ریتانیاش تاكه‌ جارێك یارمه‌تییه‌كی‌ دارایی‌ چاره‌كه‌ ملیۆنێك پاوه‌نی‌ سترلینی‌ پێشكه‌ش كردوین و فرانز جۆزێف شتراوسی‌ پێشه‌وای‌ پارتی‌ یه‌كێتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ مه‌سیحی‌ دوو ملیۆن ماركی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌ساڵی‌ ۱۹٦۹دا پێداوین و ساڵی ۱۹۷٤ یش یه‌ك ملیۆن دۆلارمان له‌ شا فه‌یسه‌ڵی‌ كوڕی‌ عه‌بدولعه‌زیزی‌ پاشای‌ سعودیه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ ، له‌باره‌ی ئیرانیشه‌وه‌ نوسیویه‌تی و ده‌ڵێ :له‌یادمه‌ حكومه‌تی‌ شا له‌یه‌كی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ ۱۹۷٤ه‌وه‌ تا یه‌كی‌ حوزه‌یرانی‌ ۱۹۷٤ بێ‌ لێبڕان مانگی‌ ۲۰ ملیۆن تمه‌نی‌ به‌شۆڕش ده‌دا. پاشان له‌یه‌كی‌ ته‌موزی‌ ۱۹۷٤ه‌وه‌ تا یه‌كی‌ ئاداری‌ ۱۹۷٥ كردی‌ به‌ دو ئه‌وه‌نده‌، واته‌ دو ملیۆن دیناری‌ به‌پێی‌ نرخی‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌داینێ‌.

مام جه‌لال  له‌ دیمانه‌یه‌كی ئه‌رشیفكراوی له‌كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان ده‌ڵێت: مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئه‌یلول نه‌بوو ، بیانوی بارزانی ئه‌وه‌بوو گوایه‌ بارودۆخ له‌بار نیه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆرش . به‌هه‌رحاڵ شۆڕش به‌رپا بو و مه‌لا مسته‌فاش به‌ناچاری قیاده‌ی شۆرشه‌كه‌ی كردوه‌ . شۆرشی ئه‌یلول كۆكردنه‌وه‌ی ڕۆحی میڵی و داكۆكیكی كردن له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد و یه‌كده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و دژی سته‌م و زۆرداری بوو .

حكومه‌تی ئێران و ساواك ئامانجی كۆنترۆڵكردنی شۆرشی ئه‌یلول و په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردانی باشورو ڕۆژهه‌ڵات بوو كه‌ رێگری بكات له‌ هاوكاری كوردان له‌ نێوان خۆیاندا ، هه‌ربۆیه‌ محه‌مه‌د ره‌زا شا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌رووی‌ میلیتاری‌‌و هه‌واڵگیریه‌وه‌ ده‌یویست كۆنترۆڵی‌ كوردستانی‌ ئێران بكات ، به‌ڵام به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی ساواك له‌ كاروباره‌كانی شۆرشی ئه‌یلول نه‌یده‌توانی ناكۆكی و دوبه‌ره‌كی بخاته‌ ڕیزه‌كانی شۆرش و نه‌یشیده‌توانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵات كۆنترۆڵ بكات ، ئیران به‌ شۆرشی كورد له‌ دژی عیراق خۆشحاڵ بوو چونكه‌ ده‌بووه‌ هۆی وێرانبوونی هه‌موو عێراق جگه‌ له‌ زیانی ماددی زیانی فیزیكی و ژینگه‌ی تێكچونی دۆخی ئابوریشی به‌ دواوه‌ بوو ، هه‌روه‌ها ئێران ئامانجیشی ئه‌وه‌ بوو كه‌ درزو كه‌لێن بهاته‌ نێو به‌ره‌ی یه‌كگرتووی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌  ، مه‌سعود بارزانی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" شا له‌ یارمه‌تیدانی شۆڕشی ئه‌یلول دوو ئامانجی هه‌بوو: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ شۆڕش دژی ڕژێمی قاسم بوو كه‌ شا ڕقی لێی بوو ‌و به ‌شومی ده‌زانی بۆ خۆی، دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ بوو ڕێگه‌ی خه‌بات له‌ ڕووی گه‌لی ئێران بگرێت". 

پرسی كورد له‌ شۆرشی ئه‌یلولدا كرابووه‌ به‌شێك له‌ ململانێی هه‌ریمایه‌تی و ناكۆكی نێوان جه‌مال عه‌بدولناسر‌ و محه‌مه‌د ڕه‌زا شا ، هه‌ردولایان ده‌یانویست شۆرشی ئه‌یلول بۆ مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن ، له‌و كاته‌دا جمال عه‌بدولناسر ڕێبه‌رێكی پان عه‌ره‌بیزم دوژمنی سه‌رسه‌ختی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا رێبه‌ری پان ئێرانیزم بوو ،هیچیان چاره‌سه‌ری ستراتیژییان بۆ دۆزی كورد نه‌بوو ، پاشان دانوستاندن له‌ نێوان مه‌لا مسته‌فا و عه‌بدولسه‌لام عارف ‌ده‌ستی پێكرد و ڕێكه‌وتنی ۱۰ى شوباتی ۱۹٦٤ی نێوان هه‌ردوولای لێكه‌وه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ عه‌بدولسه‌لام عارف بووه‌ هۆكاری ناكۆكی و لێكترازانی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: سه‌رانی حكومه‌تی عێراق ‌و توركیا‌ و ئه‌مریكا، ده‌ستێكی زۆریان له‌ دروستكردن یان قوڵكردنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كییه‌كه‌دا هه‌بوو".


دانا مەنمى



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved