ئەوەی لە عێراق دەبێت رووبدات لە کودەتا گەورەترە

08/10/2019

 

لە ئێستادا قسەیەکی زۆر لە ئەگەری روخاندنی دەسەڵاتی عێراق دەکرێت. کە قسەش لە روخانیش دەکەین، مەبەستمان کودەتایە بە ئامانجی لەناوبردنی رژێمێک و دروستکردنی دەسەڵاتێکی جێگرەوە.. نمونەشمان بۆ ئەم جۆرە کودەتایانە: لیبیا و میسر و تونس و...هتد..
بەڵام لێرەدا دەبێت بپرسین، ئەو دەسەڵاتەی قەرارە بیڕوخێنین کێ هێنای؟ کامانەی ئەو جومگە یان موئەسەسە هەستیارانەی کە بە کۆنترۆلکردنیان ئیتر کودەتاکە سەردەکەوێت؟ بۆ هەموو کودەتایەک دەبێت یان هێزی عەسکەری یان لە پشتت بێت یان هەڵگەڕانەوەی تیا رووبدات، هەروەها پێویستت بەوەیە موئەسەسەی راگەیاندن کە تەمسیلی دەسەڵاتەکە دەکات بتوانی خەرقی بکەیت و لێوەی یەکەمین بەیانی کودەتاکەی لێوە بڵاوبکەیتەوە..
لەبیرمان نەچێت ئەو دەسەڵاتەی ئیستا لە عێراقدا هەیە، بە کودەتایەکی وەکوو کودەتاکەی حزبی بەعس نەهاتوە، هەتا بە کودەتا بروخێت، بەڵکوو شۆڕشێک هەڵگیرسا و بە یارمەتی هێزێکی زەبەلاحی بیانی سەری دەسەڵاتەکە لە ریسەوە هەڵکێشرا.. بەڵام لە عێراق سەرێکی وەکوو سەدام بوونی نیە کە کۆی هەموو دەسەڵات و جومگە هەستەوەرەکانی عێراقی لە دەستی خۆیدا کۆنترۆل کردبێت.. ئەوەی ئیستا لە عێراق دەبێت رووبدات لە کودەتا گەورەترە.. چونکە ئەوەی پێی دەوترێ حکومەت لە عێراقدا بەدەستی یەک حبەوە نیە قۆرخی هەموو شتێکی کردبێت بە کودەتایەک کۆتایی پێ بێت. حکومەت لەدەستی کۆمەڵێک حزبدایە، ئەو خەڵکەی سەر جادە دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو حزبانە دا ومتمانەیان پێ بەخشین و دەسەلاتیان لە نێوان خۆیاندا بەشکرد..
هەموو ئەوانەی لە 2003ەوە حکومەتیان لە عێراق بەڕیوە بردوە بە موحاسەسە و زامنکردنی تەوازوناتی ئیقلیمی وڵاتیان بەڕیوەبردوە. ئەمانە وەکوو سەدام نەهاتوون، بۆ ئەوەی وەکوو سەدام بڕوخێن.. خودی عادل عەبدول مەھدی بە مەرجی هاوسەنگی حزبی و رەزامەندی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران دانرا، تەنانەت سەرۆک کۆماریش. ئەوانیتریش هەموو بە لۆژیکی بەشبەشێنە و موحاسەسەی حزبی و مەزهەبی پلە و پۆست و پایەکان بەشکراون..  ئیتر لە عێراقدا شتێک نیە بەناوی روخانی دەسەڵات و کودەتاوە.. ئەوەی لە عێراق ھەیە دەسەڵاتێکە میللەت خۆی لە دوای 2003ەوە ھەڵیبژارد، ئەوانەی ئیستا لەسەر جادەن خۆیان لە رێگەی دەنگدانێکی بە گوتەی خۆیان "دیموکراتی"ەوە هێنایانن و عێراقیان دانە دەست.. ئەو حزبانەش کە عێراقیان لە نێوان خۆیاندا بەشکردوە حکومەتێکی موئەسەساتی وایان پێکنەهێناوە کودەتا ببێتە ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی چارەسەر و گۆڕین... ئەوەی لە عێراق ناوی دەسەڵاتی لێنراوە کۆمەڵێ حزبی بەشدار لە دەسەڵات گرتوویانەتە دەست بنەمای رێکەوتنیان پارە و پوول و سەروەت و سامانی عێراقدا بووە، هیچ کات لە خەمی بە موئەسەساتکردنی وڵاتەکە نەبوون، لە خەمی دروستکردنی حکومەتێکی بێلایەنی خاوەن جومگە گرنگەکانی وەکوو راگەیاندنێکی گشتگیر و بێلایەن کە دەنگ و رەنگی هەموو عێراقیەکان بێت و بە کۆنترۆلکردنی لێوەی مژدەی کودەتایان لێوە بۆ بڵاوبکەیتەوە.. ئیستاشی لەگەڵ بێت ئەوانەی لەسەر جادەن ئەجیندایەکی دەرەکی و ناوەکی دەیانجوڵێنێت و هەر ئەو ئەجیندایانە ماوەیەکیتر بە گۆڕینی چەند دەموچاوێک هەموویان دەنێرێتەوە ماڵەوە..
ئەوەی چارەسەری کێشەی ئیستای عێراق دەکات کودەتا نیە، بەڵکو دابەشکردنە، ئەوە واقیعە، دەبێت کورد لە جێگەیەک، شیعە لە جێگەیەک و سونە و هەموو رەنگەکانیتر کە بەئەزمونی شازدە ساڵی رابردوو تاقیبۆوە کە بەرگەی پێکەوە ژیان ناکەن، هەر یەکە لە هەرێمێکی تایبەت بە خۆیان حوکمی خۆیان بکەن..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی