چی گوزەراوەو چی دەگوزەرێت لە ڕۆژاڤا

23/10/2019

شێرکۆ کرمانج


لەم بابەتە هەوڵدەدەم بە پشتبەستن بەو لێپێچینەوەیەی کە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا دوێنێ لەگەڵ جێمس جێفری، نێردەی تایبەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سوریا، کردی، کە ٢ سەعات‌و ٣٦ دەقە بوو، شرۆڤەی ئەو پێشهاتانەی لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوو بکەم. تەرکیزی سەرەکی بابەتەکەم لەسەر ئەوە دەبێت کە پرسیارو وەڵام‌و گفتوگۆکانی لێپێچینەوەکە چیمان لەسەر کۆی پرسی ڕۆژاڤاو سیاسەتی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین‌و کەسایەتی ترمپ پێدەڵێت.

ترەمپ سەرۆکێکی بێ هاوتا

ترەمپ تاکە بڕیاردەری سەرەکی بووە لەو پرسی کشانەوەو ڕێگەدان بە تورکیا بۆ داگیرکردنی بەشێک لە ڕۆژاڤا. ئەو پرسی بە کەس نەکردوە تەنانەت بە جێمس جێفریش کە هەم کەسێکی شارەزایە لەمەڕ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەم نێردەی تایبەتی خۆی بووە بۆ سوریاو سەرپەرشتی دۆسیەی شەڕی داعشی کردوە. جێفری لە کاتی تەلەفۆنەکەی ترەمپ بۆ ئەردۆگانیش ئامادە نەبووە. ئەمانەش پێمان دەڵێن کە:

1. ئەمریکا وەک زۆر وڵاتی ئۆپۆریتاری، وەک تورکیاو ڕوسیا، خەریکە ڕۆڵی دامەزراوەکان تێیدا لاواز دەبێت.

2. ئەگەر بتەوێت خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئەمریکا بکەیت لەسەردەمی ترەمپ دەبێت لەو چوار ئاستە باوەی کە بەکاردێت بۆ شرۆڤەکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان کە ئاستی کەس، ئاستی ناوخۆ، ئاستی پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان و ئاستی جیهانین، ئەوە ئاستی کەس، کە لێرە دەکاتە ترەمپی سەرۆک، باشترین خوێندنەوە بەدەست بدات. لێرە مەبەستم ئەوە نیە کە ئاستەکانی دیکە، واتە بکەرەکانی دیکە، کاریگەرییان نیە.

3. ترەمپ لە هەوڵی بێ نرخکردنی دامەزراوەکانی ئەمریکایە، چ دامەزراوە دەوڵەتییەکان وەک کۆنگرێس‌و وەزارەتەکان، چ دامەزراوە نادەوڵەتییەکان وەک حیزب‌و تەلەفزیۆن‌و ڕۆژنامەکان. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو بڕیارێکی بەو ئاراستەیە دەدات.

4. لە تەواوی پرسیارو گفتوگۆکان هیچ سەرەداوێک بەدەست ناکەوێت کە ترەمپ بۆچی ئەم بڕیارەی داوە. لەڕاستیدا بڕیارەکە هێندە بەدزی‌و هێندە خێرا دراوە کە گومانی زۆر دەکرێت یان پێکهاتنێکی دووقۆڵی ئەردۆگان‌و ترەمپ بێت یان گەمژەییەکی ترەمپ کە بەس لەبەرئەوەی بەڵێنی بە دەنگدەرەکانی دابوو هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکێشێتەوە بۆیە ئەم بڕیارەی داوە، ئەویش بۆ زامنکردنی ئەو کەسانەی بەو مەبەستە دەنگیان پێداوە.

ستراتیجیەتی ئەمریکا لە سوریا

لە گفتوگۆکانی لێپێچینەوەکە، وەک پێشتریش زانرابوو، ئەمریکا سێ ستراتیجیەتی هەبوو، گوایە هەر ماویەتیش، لە سوریا:

1. لەناوبردنی خەلافەتی ئیسلامی‌و بێهێزکردنی یان لەناوبردنی داعش.
2. کەمکردنەوەی بوون‌و تواناکانی ئێران لە سوریا بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی لەسەر ئیسرائیل‌و هاوپەیمانەکانی دیکە لە ناوچەکە.
3. گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا کە لە بەرژەوەندی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێت لە ناوچەکە.

هەر بەپێی گفتوگۆکانی لێپێچینەوەکە دەردەکەوێت کە هەموو ئەندامانی لیژنەکەی کۆنگرێس، تەنانەت جێمس جێفری خۆیشی، کۆکن بوون لەسەر ئەوەی کە بە ڕێگەدان بە هاتنی تورکیا بۆ ڕۆژاڤاو لاوازکردنی هەسەدە ئەمریکا پێگەی لە سوریا هێندە بێ هێزبووە کە بەدیهێنانی هەر سێ ستراتیجیەتەکەی ئەگەر لە ئەستەم نزیک نەبووبنەوە ئەوە بەرجەستە کردنیان زۆر سەخت بووە.

هەسەدە و ئەمریکا

نەک هەر لە قسەو گفتۆگۆکانی لێپێچینەوەکە بەڵکو لە تەواوی ئەوەی دەگوزەرێت لە ئەمریکا لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمریکییەکان بەگشتیی، قل قل نەبێت، پێیانوایە کە ترەمپ‌و ئیدارەکە، لەوێشەوە ئەمریکا، نەک هەر کوردیان بەجێهێشتوە بەڵکو خیانەتیان لێکردوە. ئەندامانی لیژنەکە بە جێمس جێفریان دەگوت ئێوە چۆن سەنگەرەکانی پێشەوەتان بە هێزەکانی هەسەدە چۆڵکرد‌و تونێلەکانتان پێ تێکدان‌و دواتریش کە تورکیا هێرشی کرد ڕاتانکرد. بەگشتی بێجگە لە پشتتێکردن‌و خیانەت ئەوەیان وەک فێڵێک دەدیت لە قازانجی تورکیاو بە زەرەری کورد.

بەپێی قسەکانی ئەندامانی لیژنەکەی کۆنگرێس بێت ئەمریکییەکان دەیانەوێت دووبارە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە دامەزرێننەوە. دیارە گومانیان هەیە داخۆ ئەگەر هەوڵێکی وابدەن سەرکەوتو دەبن یان نا بەڵام وەک لە تێگەیشتن‌و قسەکانی جێمس جێفریش دەردەکەوت هەوڵێکی وا لە ئارادایە. بۆ ئەم مەبەستەش هەم کەسانی دیپلۆمات‌و هەم سەربازییان لەناو سوریا لە پەیوەندی بەردەوام دان لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی لە هەسەدە.

هەر لە قسەکان دەردەکەویت کە هەسەدە پێنەچێت بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنێت چونکە ئەوان چاک دەزانن سبەی ئەگەر لەگەڵ ئەسەدیش گفتوگۆ بکەن ئەوە پشتیوانی ئەمریکایان پێویستە.

ئەمریکا پێدەچێت لەڕێگەی عەرەبەکانی ناو هەسەدە نەک لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ عەرەبەکانی ڕەقەو حەسەکەو دێرەزور پەیوەندی دروستبکات‌و کۆنتڕۆڵی هەم نەوتەکە بکات هەم چاودێری پەیوەندی‌و هاتوچۆی خاکیی نێوان ئێران‌و سوریا بەڕێگەی عێراقەوە بکات. لەم ڕێگەیەشەوە بتوانێت لە گفتوگۆ سیاسییەکان لەسەر دواڕۆژی سوریا دەستێکی کوردی‌و عەرەبی هەبێت.

هاتنی تورکیا بۆ ڕۆژاڤا

بەپێی قسەکانی جەیمس جێفری ئەمریکاو تورکیا بەس لەسەر ئەوە پێکنەهاتون کە شەڕ بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕابگیرێت بەڵکو تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت. هاوکات ئەو ناوچە ئارامەی ئەمریکا بۆ تورکیای دیاریکردبوو تەنیا نێوان سەرێ کانی‌و گرێ سپی، واتە ١٣٠ کیلۆمەتر بە قوڵی ٣٢ کیلۆمەتر، دەگرێتەوە. دیارە ڕوسەکان ئەوەشیان لە تورک کەمکردۆتەوە بۆ قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بەبێ داگیرکردن بەهاوکاری ڕوسەکان تەنیا دەورییەنان لەو ناوچانە هەبێت.

ئەمریکییەکان ڕاگرتنی شەڕیش وەک سەرەتایەک بۆ گفتوگۆ لەنێوان کوردو تورک دەبینن کە لەوانەیە گفتوگۆی پەکەکەو تورکیاشی لێبکەوێتەوە.

ئەمریکا و تورکیا

هەموو ئەندامانی لیژنەکەی کۆنگرێس کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا درزی ئێجگار گەورەی تێکەوتووە. کێشەو ئاڵۆزییەکانیش تەنیا پەیوەندی بە هەڵوێستی جیاوازی هەردوولا لەسەر هەسەدەو یەپەگە نیە بەڵکو چەند پرسێکی دیکەن، لەوانە:

1. نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا بەگشتی‌و کڕینی موشەکی S-400 بەتایبەتی. دیارە پرسی موشەکەکان تەنیا پرسێکی بازرگانی نیە بەوەی کە ئەمریکییەکان بڵێن بۆ تورکیا موشەکی تۆماهۆکی نەکڕیوە بەڵکو پرسەکە پەیوەندی بە هاتنی پسپۆڕانی ڕوسەوە هەیە بۆ وەکارخستنی موشەکەکان. ئەمریکییەکان پێیانوایە کە پسپۆڕانی ڕوسی لەوانەیە دەستیان بە تەکنۆلۆجییەکانی فڕۆکەی F-35 ڕابگات‌و بەکاریبێنن لە دروستکردنی فڕۆکەکانی خۆیان‌ لەگەڵ چۆنیەتی کەشفکردنی لەڕێگەی ڕادارو خستنەخوارەوەی لەڕێگەی موشەکەوە، هەر بۆیەش یەکسەر فرۆشتنی F-35 بە تورکیا ڕاگرت‌و ئێستا تورکیا بەشێکیش نیە لە دروستکردنی فڕۆکەکە.

2. ئەمریکییەکان پێیانوایە کە تورکیا یارمەتی ئێران دەدات بۆ دەربازبوون لەو ئابڵوقەیەی کە ئەوان خستویانەتە سەر ئێران. بەمەش پێیانوایە تورکیا وەک نەیارێک نەک هاوپەیمانێک مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەمریکا.

3. هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای غاز لە دەریای ناوەڕاست لەو ناوچانەی کە یۆنان‌و قوبرس بە ناوچەی دەریایی خۆیان دەزانن ئەمریکییەکانی نیگەران کردوە. دیارە بێجگە لە ئەمریکاو قوبرس‌و یۆنان، میسریش نیگەرانەو بە ئاشکرا لەم ماوەیە ئەمریکاو قوبرس‌و میسرو یۆنان دژایەتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی تورکیا دەرخستوە.

4. گوتەکانی ئەردۆگان لەمەڕ بیرکردنەوەو کارکردن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پرسێکی دیکەیە کە ئەمریکییەکانی زۆر نیگەران کردوە. ئەوان پێیانوایە کە هێشتان وەک پێویست نەیانتوانیوە ڕێگری لە ئێران بکەن کەچی خەمی تورکیاشی هاتەسەر. دیارە سعودیەش لەم پەیوەندە تا ئێستا یەکدو قسەی کردوە بەڵام بەسەرپەرشتی ئەمریکییەکان لە هەوڵدان. بەگشتیی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرئێشەیەکی زۆر بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکەی، ئیسرائیل، دروستدەکەن. ئەمەش ئەمریکییەکانی توڕەکردوە لە تورکیا.

5. ئەمریکا، ئەگەر لە ئاستی حکومەتیش نەبێت، ئەوە لە ئاستی کۆنگرێس زۆر بێزاربوون لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا. ئەوان تورکیا وەک زیندانی ڕۆژنامەنوس‌و دەنگە ناڕەزاکان دەبینن‌و پێیانوایە کە ئەندامێکی ناتۆ نابێت بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتیمانییەکانی بکات. ئەوان دەڵێن ناتۆ تەنیا هاوپەیمانییەکی سەربازییە نیە بەڵکو لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵێک بەهاش هەن کە کۆیان دەکاتەوە، لەوانە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

تورکیاو تاوانی جەنگ

یەکێک لەو پرسانەی کە بۆ من زۆر جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە ئەندامانی لیژنەکەی کۆنگرێس باسیان لەوە دەکرد کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەریکی دەرکردنی ڕاپۆرتێک بووە بۆ چۆنیەتی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە سوریا، لە حکومەت یان لە دەرەوەی حکومەت، تاوانی دژی مرۆڤ یان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە. ئەوان دەیانگوت ڕاپۆرتەکە دەبوایە پێش هێرشەکانی تورکیا دەرچووبا کەچی پێدەچێت لە وەزارەتی دەرەوە، جێمس جێفری یەکێک لەوان، کەمتەرخەمیان کردبێت لە تەواوکردنی ڕاپۆرتەکە. ئەندامانی کۆنگرێس دەیانگوت ئەگەر ڕاپۆرتەکە دەرچووبا ئەوە لەوانەبوو کە تورکیا ئاوا بێ سێ‌و دوو هێرشی نەکردبا بۆ سەر کوردەکان. هاوکات ئەندامانی کۆنگرێس زۆر جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە داخۆ ئیدارەی ترەمپ هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ دادگایکردنی ئەو هێزو لایەن‌و کەسانەی کە لە هێرشەکانی تورکیا بەشداربوونەو تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە (دیارە فەڕەنسا دەستی بەم کارە کردوە). جێمس جێفری بەڵێنی دا کە بە جدی کار لەسەر ئەم دۆسیە دەکەن‌و هیچ تاوانبارێک نابێت لەم پرسە ڕزگاری بێت. ئەندامانی کۆنگرێس هیوایانخواست کە ئەم پرسە دیزە بە دەرخۆنەی پێنەکرێت. ئەم خاڵە بۆ کورد نەک هەر لە ململانێکانی لەگەڵ تورکیا زۆر بەقازانجیەتی بەڵکو دەستی تورکیا لە دواڕۆژی سوریا زۆر کورتدەکاتەوە ئەگەر ئیشی جدی لەسەر بکرێت.

بەگشتیی بە بنەما لەسەر ئەم قسانەی کە لێپێچینەوەکەی جێمس جێفری کران پێدەچێت:
1. کە ئەمریکا ئەگەر سوریاشی بەجێهێشتبێت بەڵام نەتوانی دەستبەرداری کورد بێت لە سوریا نەک لەبەر چاوی ڕەشی کورد بەڵکو بەرژەوەندییەکانی ئەوە دەخوازێت.

2. لە دووبارە داڕشتنەوەی سوریا، کوردو هەسەدە ئەگەرچی لاوازیش بووبن بە داگیرکردنی بەشێک لە ڕۆژاڤاو لەلایەن تورکیا‌و هاتنی هێزەکانی سوریاو ڕوسیا بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەچی کوردو هەسەدە هێشتان دەتوانن ڕۆڵی چاک ببین. هۆکاری هەرە سەرەکیش ئەوەیە کە نە ئەوڕوپا نە ئەمریکا ناتوانن دەستبەرداری کورد بن‌، هەم لە ڕووی بەرژەوەندییەکانیان هەم تاڕادەیەکیش لە ڕووی ئەخلاقی.

3. کورد لایەنگری ئێجگار زۆری بۆ پەیدابووە لە ئەوڕوپاو ئەمریکا بەتایبەتی لە ئاستی جادە.

4. ئەگەری زۆری هەیە دوای نیشتنەوەی تۆزی ئەم شەڕەی ئەم دوایە لە ڕۆژاڤا، گفتوگۆی نێوان پەکەکە بەڕاستەوخۆ، یان بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی هەدەپەوە، لەگەڵ تورکیا دەستپێبکاتەوە ئەمەش لەژێر فشاری ئەمریکاو ڕوسیاو ئەوڕوپا.

ئەم بابەتە زۆر لەمە زیاتر هەڵدەگرێت بەڵام هەوڵدەدەم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە سەری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی