جینۆسایدی ڕۆژئاوا لەڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە

23/10/2019

عادل مەلا ساڵح

گەلی کوردی دابەشکراو بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا هەر لە دێر زەمانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی هەمە چەشنە بونەتەوە بەهۆی ئەوەی خاوەنی کیانێکی سیاسی و قەوارەیەکی دان پێدانراوی یاسایی و دەستوری نەبووە، ئیدی هەردەوڵەتێک بەجۆرێک هەوڵی سەرکوت کردن و چەوساندنەوەی داوە، بۆ نمونە لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ڕژێم هەستا بە هێرشێ بەربڵاو و ڕاوەدونانی تێکۆشەران و خاپورکردنی پێگەکانی شۆڕش و لەسێدارەدانی لایەنگرانی شۆڕش و دواتر خاپورکردنی گوندەکان و ئەنفالی فەیلییەکان و بەرزانییەکان و ئەنفالی ساڵی (١٩٨٧) و کیمابارانی هەڵەبجە و سێوسێنان و گۆپتەپە و عەسکەر و بالیسان و شوێنەکانی تر بە گازی سیانید و خەردەل و بەچەکی قەدەغەکراو بەپێی یاسای کارپێکراوی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش سەرپێچییەکی ڕوونی ڕێکەوتننامە جیهانیەکانە. 

ئەو ڕوداوانە هەموو لەسەدەی ڕابردودا بوو ڕەنگە هەندێکیان دوور بووبن لە چاوی میدیاکان و بەهۆی سیاسەتی شۆفێنیانەی ئەنجامدەرانیەوە نەیان هێشتووە بەپێی پێویست دەنگی خەفەکراوی کورد بگاتە جیهان و خودی جیهانی ئەوساتە وەختانەش بەهۆی بەرژەوەندی تایبەتیان لەگەڵ ڕژێمی عێراق بێ دەنگیان هەڵبژارد و بێ هەڵوێست بوون بەڵام ئەوەی جێگای داخ و کەسەر و نیگەرانیە (٤٠) ملێون کوردە ئەوەیە کە لەسەدەی نوێدا و لە چەرخی پۆست گڵۆباڵیزەیشن و لە دنیای خێرایی و ئینتەرنێت داو بەبەرچاوی هەموو میدایا جیهانییەکانەوە و بە ئاگاداری زلهێزترین وڵاتانی دونیا جارێکی تر ئەم میللەتە بێ دیفاع و مەزڵومە کەوتەوە بەر هێرشی چەکی فۆسفۆڕی قەدەغەکراوی جیهانی و زۆر بە ئاشكراو بەپێی بەرنامە و پلانێکی گڵاو جینۆساید دەکرێتەوە و بە تۆپ و تەیارەو چەکی قورس و قەدەغەکراو بە شەو ڕۆژ لەلایەن دەوڵەتی تورکیای کەمالیستەوە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی تر جینۆساید دەکرێتەوە، کە ئەمەش پێشێلکاریەکی زەقی ڕێکەوتننامە جیهانیەکانە بە تایبەتی 


ڕێکەوتننامەی (قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی) وە هەروەها دژە لەگەڵ سەرجەم بڕگەکانی ڕێکەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ڕێکەوتننامەی مافە ئابوری کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی ١٩٦٦ و لەهەمان کاتدا پێشێلکاریەکی ڕوونی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤیشە کە لەساڵی (١٩٤٨) وە واژۆکراوە.

ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە بێدەنگی ناوەندە جیهانییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانە لە بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆری قەدەغەکراو لەلایەن سوپای تۆرکیاوە دژ بە هاوڵاتیانی سیڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان، لەڕووی یاسایی و دەستوریەوە پێویستە گەلی کورد و بەتایبەتی چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و سەرکردە سەربازیەکان و پارتە سیاسییەکان کاربکەن لەسەر بە دۆکومێنت کردنی بەڵگەکان و قوربانییەکانی هێرشەکانی تورکیا و پاراستنیان بە ئامانجی گەیاندنیان بە دادگا جیهانیەکان وەکو (دادگای تاوانکاری نێو دەوڵەتی) بۆ سزادانی تاوانباران و سزا خستنە سەر ئەنجامدەرانیان.

هەروەکو مامۆستا (ئاوارە حسێن) لەزانکۆی هەڵەبجە دەڵێت " یەکێک لە پرنسیبە بەهادارەکانی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی ئەوەیە کە تێپەڕبوونی کات بۆ هەمیشە نابێتە ڕێگر بۆ جوڵاندنی داوای سزایی لەدژی تۆمەتبار" .

هەروەها بۆ سەلماندنی ئەو وتانەی سەرەوەشی دوو نمونەی زیندومان پێشکەش دەکات ئەوانیش:-

لەپاش (٤١) ساڵ لە ساڵی (٢٠١٢) دا دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی بەنگلادیش دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی جینۆسایدی بەنگلادیش کە (یەحیاخان) سەرۆک کۆماری پاکستان و سوپاکەی ئەنجامیان دابوو لەساڵی (١٩٧١) دا.

پاش (٥١) ساڵ و لەساڵی (٢٠١٦) دادگای نێودەوڵەتی گەل بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بکات لەو جینۆسایدەی کە سۆهارتۆی سەرۆک کۆماری ئەندەنوسیا لە ساڵی (١٩٦٥) دا ئەنجامی دابوو.

ئەو نمونانەو چەندین نمونەی هاوشێوەی تر پێمان دەڵێن کە ئەنجامدەرانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە سیڤیل و دژ بە مرۆڤایەتی ئەگەر ئەمڕۆش بەهۆی گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی و قەڵاچۆکردنی گەلی کوردەوە بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانەوە قسەی لەسەر نەکرێ و نەگاتە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی جیهان ... باماوەشی بەسەردا بڕوات بەڵام دواجار تێپەڕبوونی کات نابێتە هۆی ڕزگاربونیان چونکە تاوانی جینۆساید بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچێ و ناتوانن لەسزای یاسایی ڕزگاریان بێت !!

 

*ماستەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی