پرۆژە یاسای چاكسازی لە كوێیە؟

30/10/2019

مەجید ساڵح

(١)
كابینەی هەشتەم، پێش كۆتایی ماوەكەی، لە ژێر گوشاری شەقام و هەلومەرجی گۆڕاوی عێراق و دەوروبەر، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكی تایبەت بوو بە چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دواجار لە ٢٠١٨/٩/٥ خرایە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی هەر بە پرۆژەیی مایەوە و دواجار بوو بە دۆسێیەكی لەبیركراو.

(٢)
كبینەی نۆیەم، پێش پێكهێنانی، لە گفتوگۆی لایەنەكان (پارتی، یەكێتی و گۆڕان) زۆر باسی چاكسازی كرا، بەجۆرێك بوو بە خاڵی هاوبەشی هەرسێ لایەن و لە كارنامەكەی حكومەتیشدا كرایە دەسكەوتێكی گەورەی كابینەكە. خەڵك زۆر دڵخۆشكرا كە ئەم كابینەیە كابینەی چاكسازی و گەڕانەوەی متمانەی خەڵكە بۆ حكومەت و پەرلەمان. لە نێو هەرسێ لایەنەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەوانی دیكە زیاتر بەپەرۆشەوە بوو بۆ ئەو پرۆژەیە یاسایە، چونكە بەشێك بوو لەو پاساوەی كە پێی چووە ناو كابینەكەوە و پێشتریش بەشێك بووە لە كارنامەی هەڵبژاردنەكەی.

(٣)
لە ٢٠١٨/١١/٦ەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەكاربووە، وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمیش لە ٢٠١٩/٧/١٠ سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون. هەنگاوە سەرەتاییەكانی حكومەت بەو ئاراستەدا دەچوو كە كابینەكە زۆر سورە لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی، دیسانەوە خەڵك هیوایەكی بۆ پەیدا بوو.

بەڵام وا ساڵێك بە سەر تەمەنی پەرلەمان و نزیكەی چوار مانگیش بەسەر كابینەی نۆیەمدا تێ دەپەڕێ، هەلومەرجی سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەكە تا دێت ئاڵۆزتر و مەترسیدار تر دەبێ، ئەو تروساكەیەش كە هەبوو بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێم، تین و تاوی جارانی نەماوە، عێراق لەبەردەم پێچەوانە بوونەوەی هاوكێشەكانە بەرەو ئاراستەیەك كە هیچ لەبەرژەوەندی كوردستاندا نییە..

لەم نێوەندەدا خەمساردییەكی زۆر هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەڵینی 'پرۆژە یاسای چاكسازی موچە و خانەنشینی' ، بەرادەیەك پرۆژەكە ون بووە.. لە ناوەندە ناڕەسمیەكاندا یەكێتی تۆمەتبار دەكرێ بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەمیدا، لە حەقیقەتیشدا گۆڕان و پارتیش بەو بێدەنگیەیان دەریدەخەن كە ئەوانیش زۆر لە خەمی بڕیاردان نین لەسەر دەركردنی یاساكە..

كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی وڵامی هەبێ بۆ ئەو تۆمەتە، پارتیش بەرپرسیارە لەوەی بۆ خەڵكی روون كاتەوە كە بۆچی ئەم پرۆژەیە نایەتەوە پەرلەمان و هۆكارە راستەقینەكەی دیار نەمانی روون كەنەوە!!

بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ لەم دۆخەدا لە هەمویان پەرۆشتر بێ و قسەی جیدی هەبێ، رای گشتی لە هۆكارەكانی نەهاتنە پەرلەمانی ئەو پرۆژەیە روون بكاتەوە.

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی