پارتى لەهەموارى دەستور شینى بۆ هەریسەکەیە یان حسێن!

31/10/2019

د.حلمی رەسول رەزا

 

داواکاری بۆ هەمواری دەستور لەم قۆناغەدا زادەی ئەو واقیعەیە کە هاتۆتە ئاراوە، واقیعێک کە بەهۆی شکستی جۆری حوکمڕانی و بلاوبونەوەی گەندەڵی و بێ توانایی حکومەت لە خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی دیموکراسیەکی راستەقینە، کە زاتى ئەوەناکات بەرگرى لێ بکات. بەشێکى زۆری لایەنە سیاسیەکانی عیراق بە عەرەب و کوردەوە، هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێ جیاوازی تێبینی و رەخنەی خۆیان لە سەر دەستور هەیە، پێشتریش بە ئاشکرا باسیان لێوە کردوە و ئێستاش بووەتە خواستێکى فراوانى شەقام وجەماوەرى.

 

کاتێک چوە بابى رەسمیەوە لیژنەی تایبەتى بۆ پێکهێندراوە و بۆ نوێنەرانی کوردیشی تێدابووە، دواى ئەوەى لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەی تایبەت بۆ هەمواری دەستور پێکهاتووە کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕانی تێدا ئەندامن، لەهەندێک لەمیدیاکان موغریزانە دەیانەوێت، ئەم پرسە بەکاڵ و کوڵاوییەوە بیخە ئەستۆى سەرۆککۆمار، لەکاتێکدا بەرپرسیارى هاتنە پێشەوەى هەموراى دەستور هەر ئەوانە بوون کە ریفراندۆمێکى فاشلیان ئەنجامداو بەهانەى گەورەیان خستە بەردەست نەیارەکانى کورد لەناوخۆو دەرەوەى عێراقیش.

 

لەکاتێکدا باس لە هەمواركردنی دەستور لەلاى سەرۆککۆمار لەچوار چێوەی ئەو واقیعە تازەیەدا بووە کە لەعیراق بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و داواکاری خۆپیشاندەران هاتۆتە کایەوە، نەک وەک شتێکى تازە پێشنیار کرابێت، خۆ گەر دەوترێت، سەرۆک کۆمار یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پارێزگاری دەستورە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم سەروەرییە لەوشوێنەوە پێشیلکراوە، کە لەدەوامەیەکى داخراوى سیاسى بەقازانجى هەندێک دەستەبژێرى سیاسى باڵادەست دروسست بووە، کە رێگەنادات دەستور وەک خۆى جێبەجێبکرێت و لەولاشەوە بەناوى کوردایەتیەوە شەرى پارێزگارى لەو دەستورە دەکەن کە پارێزگارى لەو دەوامە داخراوە سیاسیە دەکات، کە زۆرینەى خەڵکى عێراق بەکوردستانیشەوە لێى نارازییە، بەپێچەوانەوە سەرۆککۆمار پێی وایە و تەئکیدیش دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی هەموارکردنی دەستور ئەبێ بە میکانیزمی دەستوری و دیموکراسی و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بێت و جەماوەریش لێ رازى بێت نەک نەتەنها دەستەبژێرێکى سیاسى قازانج پەرست.

 

ئەمە جگە لەوەى کەیەکێک لەو میکانیزمە بنەڕەتیانەى هەموارى دەستور ئەوەیە کە 3 پارێزگا دەتوانن فیتۆ بكەنو رێگری بکەن لەهەر گۆڕانکاری یان هەموارکردنێک لە دەستور، بۆیە ئەو هەڵمەتەى لەلایەن هەندێک لایەنى سیاسییەوە بەرێوە دەچێت ئەوەندەى بۆ موزایەدەى سیاسى و بازارگەرمییە ئەوەندە بەقازانجى ئەوەنییە کە دەستورێکمان هەبێت بەرژەوەندیەکانى کوردو کوردستانى تیاپارێزراوبێت، چونکە لەئاکامدا بەو میکانیزمەى باسکرا بە بێ ڕەزامەندی كورد هیچ گۆرانكاریك ناكرێ. لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە، ئەوانەى کەلە کاتی ریفراندۆم زۆرترین رەخنەیان لەم دەستورە هەبوو، ئێستا هەر ئەوانەن شین و واوەیلا بۆ هەمان دەستور دەکەن، بۆیە ناهەقمان نییە بلێن ئەوان شینیان بۆ هەریسەکەیە نەک حسێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی