چاوەڕێی چی دەكەن؟

02/11/2019

كاردۆ محەمەد

لەرەوشێكداین دەورو بەرمان لە شەقامدا، لە دژایەتی گەندەڵی و داوای دادپەروەری دەكوڵێ . روداوەكان پەرەسەندنیان بەرەو ئاڵۆزی زیاتردەروات، لایەنە سیاسیەكانی هەرێم چاوەڕێی چی دەكەن ،بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك باشتر بكەن و دادگاكان سەربەخۆ بن و ئەو یاسایەی خۆیان دەری دەكەن جێ بەجێ بكرێت وزانكۆكان بكەنە ناوەندی زانست و توێژینەوە لەبازرگانی پێكردن جیابكرێتەوە،خەڵكی شیاو لەسەر لێوەشاوەیی وتوانا دابنێن، دامەزراوەكان لەژێر سایەی حزب دەربێنن. ساڵانە ئەوەی دێتە دەستیان ،بە ئاشكرا و ڕوونی لە بودجەدا بەیانی بكەن و بە دادپەروەرانە دابەشی بكەن. و سیستەمێكی پەروەدەیی هاوچەرخ بۆ پەروەردەی مناڵەكان بێننە ئارا ،بۆئەوەی ژیانی نەوەی ئایندە بپارێزین، دڵنییایی كۆمەڵایەتی بو كەمدەرامەت و بێ نەوایان دەستەبەربكەن و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنن، دامەزراوەكان كارا بكرێت لەجیاتی كردنیان بە بار بەسەر ژیانی خەڵك ،كەسی شیاو بەهۆی لێهاتویی و توانا لە شوێنی شیاو دابنرێت . 

لەسەروی كەس و خێزان و بنەماڵە حكومەتی هاوڵاتی دروست بكەین. وڵات ، وڵاتی هەمومان بێت و رایەڵەیەك بە خاكیان ببەستێتەوە. نەك كاستێكی حوكمداری مۆنۆپۆلی، ئەگەربۆیان بلوێ باجی هەناسەش وەردەگرن ،هاوشانی ئەو ڕاستیانە بونی ڕوئیا و وتارێكی یەكگرتوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی دەرەكی و هەڵوێست و گوتاری یەكگرتوو بەتایبەت لە پرسی ڕەوای گەلەكەمان لە هەر بەشێكی بێت لەوەش پێویستتر هەستكردن بەهەستیاری قۆناغەكە، كەبەبێ ئیرادەی چاكسازی دەبێ چاوەڕێی چی بكەن؟.

ئەمرۆ بە سبەی كردن بەبێ هەنگاوی كرداریی .. دادتان نادا. وەكو نەعامە سەری خۆتان لەنا لم دەنێن وبۆ ئەوەی دوژمنەكانتان نەتان بینین. یا چاوەرێی قەیران و ئاڵۆزی زیاترو هەڵدێرانی گەورە دەكەن، پێتان باشە تاكەی خەڵك چاوڕێ بێت. لە راستیدا بۆگۆرانكاری بروامان بە ئینقلاب نیە، بڕوامان بە چاكسازی بنەڕەتی وخەباتی مەدەنی و هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد هەیە، دڵنیابن گەلان وستەمدیدەكان دەستبەرداری مافەكانیان نابن. رێگری لەم شێوازی ئاشتیانەو مەدەنی بگیرێت، رێگای تری گۆرانكاری دەگرنە بەر،ئەگەر خەڵك دەرفەتی ئازادی بیروڕای هەبێت هەرلەوڕێگەوە دەتوانین ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكەكەمان دابین بكەین. سەبرگرتن سنووری هەیە، ئاگرێك هەڵگیرساوە پەرژینەكان توندو وماڵمان ڕێكنەخینەوە. چۆن شاهیدی ڕوخان و لە ناوچونی دەسەڵاتە ستەمكارەكان، تۆتالیتارو مشەخۆرەكانین ، سەڕەرای بونی پرسێكی نیشتمانی چارەنووسی هاوبەشمان شاهیدی ئێوەش دەبین. چاوەڕێی چی دەكەن ؟ وەڵامەكە خۆتان بیدەنەوە ..

كاردۆ محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی