وێنەكەی عێراق بە ڕوونی !

04/11/2019

دانا سەعدی

ناڕەزایی شەقام بەپێی بەردەوامیەكەی لەچاوەڕوانی  بەرفراوانتربونێكی پێشبینكراودایە . دیمەنەكان پێمان دەڵێن خوێنێكی زۆر ڕژا و ئەشێت زیاتریش بڕژێت ،  واش پێدەچێت خۆپیشاندەران لەو دڕندەییەی دەزگاداپڵۆسێنەرەكان بێ باكبن و  ئەڵتەرناتیڤێكی تریان لەبەردەستدا نەبێت تا شەقامی لەپێناودا چۆڵ بكەن . 

ئەمان تەنها داوای  گۆڕینی دەموچاوەناشیرینەكانی شازدەساڵی ڕابردووی حكومڕانی ناكەن ، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش كە پێیان وایە ئەمانە لەهەقیقەتدا تەنانەت نوێنەرایەتی دەنگدەرانی خۆشیان نەكرد ، هەروەها داوای گۆڕینی سیستێمی سیاسی و هەمواركردنەوەی دەستور دەكرێت  ...
 
مشتومڕێكی گەرم ی فرەڕەهەند بۆ دەستكاریكردنی دەستور لەئارادایە ، لەئێستادا جێبەجێبكرێت ناواقعی و  ناشەرعیە ، چونكە شەقام كە كۆی دەسەڵاتداران بە ناشەرعی ، بە گەندەڵ و بخۆر و دز ناوزەد دەكەن  ، ئەو مافەشیان لێدەسێنێتەوە بە بڕیاری ئەوان و لەسایەی ئەوان و لەپێناو درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیاندا بەو هەوڵە دیماگۆگیە هەڵبسن .. 

كەوابو باشترین چارەسەر بۆ حكومەت جێهێشتنی كورسیەكانە و بەپێی دەستوریش پێكهێنانی حكومەتێكی كاربەڕێكەرە ، چون ئەم دەموچاوانەی ئێستا لەو زۆرینە  بێدەربەستەی كابینەكە پێكدێن كە هێشتا خوێن و هاواری شەقام هەستی نەجوڵاندون ...

هەروەها چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای  سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانە ، كە بە ئەدای نابەرپرسیارانەی ڕابردویان سەلماندیان  هەموو شتێك بون  سەربەخۆ نەبون .

پاشان چارەسەر پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی نوێ لەدەستەبژێرێك كەسانی شارەزا و تەكنۆكراتی خاوەن بڕوانامەی دوور لە پشكی نەتەوە و ومەزهەب و حیزب و كەمینەكان ...

ئەو كۆمیسیۆنە بە هاوكاری نەتەوەیەكگرتوەكان ، چاودێرانی دەرەكی بێلایەن  سەرپەرشتی پرۆسەی  هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن ...

ئەوسا پێداچونەوە بە دەستوردا و هەمواركردنەوەی هەریاسا و بڕگەیەك دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ ، لەكۆتاشدا دەبێت ئەوە هاوڵاتیان بن لەڕێی ڕاپرسیەوە بەبەڵێ یان نەخێر دەنگی لەسەر دەدەن 

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئەمڕۆ ، هیچ خۆپیشاندانێك و گوتارێكی ئۆپۆزسیۆن هێندەی ئەمەی ئێستا كاریگەر نەبوە ، ئەمەی ئێستا دەنگەڕاستەقینەكەی بەشخوراوانە ، با ئێمە لانی كەم دوور بكەوینەوە لەو دەمارگیرییەی هەمیشە بۆ لەبیربردنەوەی كێشەناوخۆییەكان ، پەنا دەبەینە بەر  وەهم و ترساندنی  خەڵك و دروستكردنی گومان ، كە ئامانجی سەرەكی هەموو ئەمانە تەنها لە خشتەبردنی هاوڵاتین ..

دانا سەعدی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی