پلانەكەی یەكێتی لە بەرانبەر پارتی

06/11/2019

سەرتیپ وەیسی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر مەسەلەی نیگەرانییەكانیان لە كابینەی نوێ بوونەتە دووبەش، ئەو بەرەیەی، كە خۆی لە مەكتەبی سیاسی و حیزب دەبینێتەوە، پلانی ئەوەیان هەیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی مەكتەبی سیاسی و كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی لیژنەی قەیرانەكان ئەو حیزبە، ئەگەر پارتی نەیەتە ژێرباری جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لە هەنگاوی یەكەمدا دەستبكرێت بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای ئەو هەنگاوەش وەزیرەكان بكشێندرێنەوە لە حكومەت.

هەرچی تیمی حكومەتە بە تایبەت وەزیرەكان جگە لەوەزیری ڕۆشنبیری، كە دوای ئەوەی كۆبوونەوەیەكیان لەنێوخۆیاندا ئەنجامدا، ئەوان لەگەڵ ئەوەنین ئەو هەنگاوە بگیرێتە بەرو پێیانوایە ناكرێت لەسەر شەخسێك و چەند دەسەڵاتێكی كەم، یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە یەكێتی خۆی كەمتەرخەمە بووە لەپێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان، بەڵام یەكێتی ئەوە ڕەتدەكاتەوە، چونكە ئاماژە بەوەدەكەن، تا ئێستا پارتی بە ڕوونی پێیانی ڕانەگەیاندووە ئەو پۆستانەی، كە پەیوەستن بە بڕیكاری وەزیر هی كامە وەزارەتەو ژمارەی بەڕێوبەرە گشتییەكانیشی دیارینەكردووە، جگە لەوەش پارتی ئامادەنییە هەندێك پۆست بدات بە یەكێتی، ئەوەش نیەت خراپی ئەو حیزبە نیشاندەدات.


كەركوكییەكانی نێو یەكێتیش، لە دژی ڕەتكردنەوەی رەوەند مەلا مەحمودن لەلایەن مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، لەسەر ئەم بابەتەش لەكۆبوونەوەی ڕابردووی شاندی یەكێتی و مەسرور بارزانی سووكە دەمەقاڵییەك لە نێوان مەسرور بارزانی و رەفعەت عبدالڵە دروستبووە، ناوبراو توندی قسەكانی رەوەندی لەبەرانبەر قسە وتن بە مەسعود بارزانی بە ئاسایی زانیوە، هەروەك چۆن ئەوانیش لە رابردوو قسەیان بە مام جەلال وتووە.

لە هەموو حاڵەتەكان ئەو پلانان و كارتانەی یەكێتی لە بەردەستیدایە، وەك جاری جاران ناچنە بواری جێبەجێكردن، یەكێتیش وەك جاران لە نێو حكومەت دەمێنێتەوە، هەرچەندە یەكێتی ئەوەش باش دەزانن پارتی وەكو جاران دەسەڵاتیان نێوە بەنێوە لەگەڵ بەش ناكات. 

دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانیش هەر لە چواچێوەی كاغەز دەمێنەوەو وەزیرەكانیش پابەند دەبن بە بەرنامەی حكومەت.

كێشەی رەوەند مەلا مەحمود و پۆستەكانی دیكەی یەكێتیی، كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە، ئەویش چارەسەردەبێت، چونكە دواجار یەكێتی بە كشانەوەی رەوەند ڕازیدەبێت، پارتیش بە دانانی پۆستەكانی یەكێتی كۆتایی بە كێشەكان دەهێنێت.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی