لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە شاری سلێمانی، بە قۆناغێکی پڕ لە قەیراندا تێدەپەڕێت، بەهۆی زۆریی خستنەڕووی یەکەکانی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاوڵاتییان، جۆرێک لە شێواوی و پاشگەردانی لە بازاڕی خانووبەرەدا دروست بووە، وەبەرهێنەران بۆ ڕزگاربوون لە ئیفلاسبوون و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژە وەستاوەکانیان، پەنایان بۆ ڕێگەیەک بردووە کە نەک هەر سیمای شار دەشێوێنێت، بەڵکو گورزێکی کوشندەش لە ژێرخانی ئابووری و بازاڕی میلی دەوەشێنێت: ئەویش بازرگانیکردنە بە زەوییە گشتییەکان و دروستکردنی یەکەی بازرگانی بێبەرنامە.
ئەمڕۆ لە کەرتی وەبەرهێنانی هەرێمدا، دیاردەیەکی مەترسیدار و جێگەی سەرنج سەری هەڵداوە، ئەویش پێدانی مۆڵەتی چەندین پڕۆژەی جیاوازە بە یەک وەبەرهێنەر لە چەندین زۆنی جیاوازدا، کە ئامانجیان نەک گەشەپێدانی شار، بەڵکو تەنها فێڵێکی ئابوورییە بۆ ڕاکێشانی کڕیاری نوێ و کۆکردنەوەی نەختینە تاوەکو وەبەرهێنەر بتوانێت کێشەی پڕۆژە کۆن و پەککەوتووەکانی پێ چارەسەر بکات، ئەم دۆخە نادادپەروەرە لە کاتێکدایە کە سەدان خێزان و هاوڵاتی، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە قیستە مانگانەکان و بڕە پارەیەکی زۆری پێشەکییان ڕادەست کردووە، کەچی لە واقیعدا شوێنی تاوەرەکان تەنها وەک زەوییەکی تەخت ماونەتەوە و تەنانەت یەک بلۆکیشیان تێدا دانەنراوە، ئەم جۆرە وەبەرهێنەرانە کە هیچ سەرمایەیەکی بنەڕەتییان نییە و تەنها لەسەر گیرفانی هاوڵاتی و پارەی خەڵک پڕۆژەکانیان بەڕێوە دەبەن، بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێم؛ چونکە نەک هەر متمانەی نێوان هاوڵاتی و کەرتی وەبەرهێنان تێکدەشکێنن، بەڵکو ئەگەری دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی دارایی و یاسایی لێدەکرێت کە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی تەنها بەرۆکی هاوڵاتییانی کەمدرامەت دەگرێتەوە.
یەکێکی تر لە لایەنە نەرێنیەکانی ئەم دۆخە، بەبازاڕکردنی دەەیان دۆنم زەوی نیشتەجێبوونە بە بەڵێنی نافەرمی بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و ڕەسمی، ئەم وەبەرهێنەرانە بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی خزمەتگوزاری وەک (ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا) لەئەستۆ بگرن، تەنها زەوییەکان دابەش دەکەن و دەیفرۆشنەوە، لەولاشەوە، لەسەر ئەو شەقامە سەرەکییانەی کە دەوڵەت بە پارەی گشتی دروستی کردوون، یەکەی بازرگانی (دوکان و پێشانگا) دروست دەکەن بە نرخگەلێکی خەیاڵی (بۆ نموونە هەر مەترێک بە 3000 دۆلار)، لە کاتێکدا تێچووی ڕاستەقینەی دروستکردنی بۆ ئەوان ناگاتە ١٣٠ دۆلار.
خاڵێکی دیکە کە سەرنجرادەکێشێت بریتییە لە دروستکردنی هەزاران یەکەی بازرگانی و دوکانی بێبەرنامە لە پەراوێزی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا، بووەتە هۆی دروستبوونی شێواوییەکی گەورە لە دابەشکاریی زۆنەکاندا و کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری و سیمای شارستانی جێهێشتووە، ئەم دیاردەیە لە لایەکەوە دەبێتە هۆی لاوازکردنی بازاڕە میلی و مێژووییەکان کە وەک شوناسی ڕەسەنی ئابووریی شار دەبینرێن و بەهۆی ئەم پەرشوبڵاوییەوە بەرەو کزبوون دەچن، لە لایەکی تریشەوە زیانێکی کوشندە بە وەبەرهێنانە گەورەکان و مۆڵە مۆدێرنەکان دەگەیەنێت؛ چونکە ئەم بازاڕە بێسەروبەرانەی ناو کۆڵان و شەقامەکان هاوسەنگیی بازاڕ تێکدەدەن و پڕۆژە ملیۆن دۆلارییەکان ڕووبەڕووی بێ کڕیاری و شکست دەکەنەوە، ئەوەی جێگەی مەترسییە، بێهەڵوێستی و بێپلانیی دامەزراوەکانی شارەوانییە کە تەنها وەک بینەرێکی بێدەسەڵات ماونەتەوە و هیچ ڕوانگەیەکی زانستییان بۆ ڕێکخستنەوەی کایە بازرگانییەکان و فراوانبوونی شار نییە؛ ئەمەش نەک هەر ژێرخانی ئابووری و بازاڕی ناوخۆیی دەشێوێنێت، بەڵکو سیمای شارستانی و تایبەتمەندیی زۆنەکان لەناو دەبات و داهاتووی گەشەپێدانی شار بەرەو هەڵدێر و پاشگەردانییەکی هەمیشەیی دەبات.
جێگەی داخی قووڵە کە دامەزراوە کارگێڕییەکانی شار، لە پارێزگاوە تا شارەوانی و قایمقامیەت، نەک هەر خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژیی ڕوون نین بۆ داهاتووی شارسازی، بەڵکو نەبوونی دەستەیەکی ڕاوێژکاریی پسپۆڕ و ئەکادیمی وای لێکردوون بێئاگا بن لەوەی پلانی گەشەپێدانی شار بەرەو چ ئاراستەیەکی مەترسیدار دەڕوات، ئەوەی ئێستا لە واقیعی سلێمانیدا دەبینرێت، پڕۆسەیەکی سیستماتیکی "هەڕاجفرۆشی"یە نەک پلانی زانستیی شارسازی؛ چونکە تەواوی ژێرخانی گشتیی شار وەک تۆڕەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و شەقامە سەرەکییەکان کە بە سەرمایەی نیشتمانی دروست کراون، خراونەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی وەبەرهێنەران، بێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ مەرجێکی توند هەبێت بۆ تەرخانکردنی ڕووبەری پێویست بۆ سەوزایی، قوتابخانە یان خزمەتگوزارییە گشتییە ڕاستەقینەکان، ئەم پاشگەردانییە ئیدارییە وای کردووە کە شارەکە تەنها ببێتە دارستانێکی چیمەنتۆ کە تێیدا هەموو شتێک بە قوربانی قازانجی خێرای چەند کەسێک دەکرێت، ئەمەش نەک هەر سیمای شار دەشێوێنێت، بەڵکو گورزێکی کوشندە لە مافی نەوەکانی داهاتوو دەوەشێنێت و بنەماکانی ژیانێکی شایستە لە شارێکی ڕێکخراودا لەناو دەبات.
پێشنیازێک بۆ رێکخستنەوە
بۆ ئەوەی شار لەم قەیرانە ڕزگار بکرێت، پێویستە ئەم خاڵانە بکرێنە بنەما:
پێویستە شارەوانی زەوییەکان پێش وەبەرهێنان دیزاین بکات، زۆنەکان بچووک بکرێنەوە و شەقامی ستراتیژی و خزمەتگوزارییان بۆ دیاری بکرێت، نەک وەبەرهێنەر خۆی نەخشە بکێشێت.
لەبری ئەوەی هەزاران یەکە بدرێتە یەک کەس، پێویستە پڕۆژەکان دابەش بکرێن بۆ پارچەی بچووکتر تا وەبەرهێنەری ناوخۆیی و بچووکیش بتوانن کار بکەن و قۆرخکاری نەمێنێت.
پێشنیار دەکەین لەبری دروستکردنی ڕیزە دوکان لەسەر سیاجی پڕۆژەکە، تەنها مۆڵێکی ناوخۆیی دروستبکرێت کە هەموو پێداویستیەکان لە خۆ بگرێت
بازاڕکردن بۆ ئەم یەکانە دەبێت لە کەشێکی شەفافدا بێت تا هاوڵاتی بە نرخی ڕاستەقینە و کوالێتی بەرز سوودمەند بێت.
پێویستە شارەوانی ڕێگری بکات لە بەرزبوونەوەی باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی کە تەنها سیمایەکی ناشرین و تەنکیی سەربانیان لێ دەردەکەوێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی