ئێمە لەکام سیستم و حوکمڕانی ئەترسین لەدەستمان بچێت ؟!

06/11/2019

پەیمان عیزەدین


لەو کاتەوەی دەنگی هەموارکردنی دەستوری عیراق و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆتە داوایەکی ڕونی خۆپیشاندەرانی عیراق، ترسێکی نامۆ بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم و زۆربەی پارتە سیاسیەکانی گرتوە، ترس لە لەدەستدانی دەستکەوتێک! ئەوەی بە بۆچونەکاندا دیارە سیستمی پەرلەمانیی و فیدراڵی لە عیراقدا ئەو دەستکەوتە گەورانەن کە ئێمە ترسی لەدەستدانیانمان هەیە.

ئەگەر لەسەر هەر یەک لەو دوو دەستکەوتە بوەستین و بزانین چیان کردوە بۆ کورد و بۆ عیراق.

فیدرالیەت و سیستمی پەرلەمانیی لە عیراقدا: 

عیراق شێوەی دەوڵەتەکەی فیدرالیە و سیستمی سیاسیشی پەرلەمانیە بە گوێرەی دەستوری عیراقی ، گومان لەوەشدا نیە کە سیستمی پەرلەمانی یەکێکە لە باشترین سیستمە پەیڕەوکراوەکان بۆ چەسپاندنی دیموکراسیەت و سەقامگیری یاسا، بەڵام ئایا لەعیراقدا ئەم سیستمە توانیویەتی ئەوە بکات؟ عیراق لە کوێی دیمکراسیەت و مافی مرۆڤدایە؟ تا دێت ژمارەی بێکاری و هەژاری ڕو لە زیادبون ئەکەن، گەندەڵی و دزی و بەتاڵانبردنی ماڵی گشتی لە لوتکەدایە ، کەواتە ئەم سیستمە ئەفسوناویە چیە لە زوربەی وڵاتانی دنیا ئەبێتە خێر و لەعێراقیش نەگبەتی و هەژاری و ناعەدالەتی بەرهەم دێنێ؟ هەرچی فیدرالیەتەکەشە ناوێکە بۆ گاڵتەجاڕیەکی سیاسی و دەستوری ، بڕواناکەم هیچ کەسێگ گەمەی فیدراڵیەت بەسەریا تێپەڕێ کە فیدراڵیەتێکی مەرجدارە تەنیا هەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە کە نە عیراق وەک هەرێمی فیدراڵ مامەڵە لەگەڵ کوردستان ئەکات و نە هەرێمیش بەتەواوی خۆی بە بەشێک لە عیراق ئەزانێ، ئەوەی ئێستا لە عیراقدا ئەگوزەرێ دەرەنجامی کەڵەکەبوی گەندەڵی ئەم چەندین ساڵەی ڕابروە کە لە سیستمێکی پەرلەمانیدا و بەناوی دیموکراسەتەوە گەلانی عیراقی گەیاندۆتە ئەوپەڕی نائومێدی.

فیدراڵیەت و سیستمی پەرلەمانی لە کوردستاندا: 

لای ئێمە بەر لە ئازادبونی عیراق و دەستوری عیراقی ئاشنا بوین بە پەرلەمان و سیستمی پەرلەمانیی ، بەڵام چیمان لە سایەیدا چنیەوە؟ هەژاری و بێکاری زیاتر، شەرعیەت دان و بەقانونیکردنی زۆربەی گەندەڵیەکانی پارتی و یەکێتی، سەرکەوتنی ئاستی ناعەدالەتیی، بەتاڵانبردنی ماڵی گشتی.

ئەوەی پەیوەندی بە فیدراڵیەتیشەوە هەیە کەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرژەوەندی حیزبیان خواستبێتی عیراقی بون و شەڕیان لەسەر بەرکەوتەکانی ئەو وڵاتە کردوە و کەی بەرژەوەندیەکەشیان گۆڕابێ ئەوا سەربەخۆخواز و نەتەوەیی بون، بۆیە بەردەوام فیدرالیەت زیاتر ڕوکەش بوە وەک لە شێوەی دەستوریی دەوڵەت.

لەمەوە دەرئەکەوێ نە گەلانی عێراق و نە گەلانی هەرێم نەک سودمەند نەبون لە سیستمی پەرلەمانیی بەڵکو زۆریش زەرەرمەند بون. بەڵام بەدڵنیاییەوە هۆکارەکەی خراپی سیستمەکە نیە ، هۆکاری سەرەکی شکستی ئەم سیستمە لە عیراق و کوردستاندا لەلایەک پەیڕەونەکردنی سیستمی پەرلەمانیە وەک خۆی و لەلایەکی تریش، نەگونجاندن و نەکوڵانی حیزبە عیراقی و کوردیەکانە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی، زۆرینەی ئەم حیزبانە حیزبی خێڵەکین بە عیلمانیەکانیشیانەوە، حیزب گەلێک بڕوایان بە خاوەندارێتی سەرۆک بۆ حیزبەکەی بێت، حیزب گەلێک لە دەرەوەی کوڕ و کچ و ژن و کەسوکاریان کەسی تر بەخاوەن ماف بۆ وەرگرتنی دەسەڵات نەزانن، حیزب گەلێک پێیان ڕەواو ئاسایی بێ سەروەت و سامانی گشتی ببێتە موڵکی حیزب و لەناو حیزبیشدا موڵکی بنەماڵەی حوکمڕان بێ، ئەم جۆرە لە حیزب لە چوارچێوەی پەرلەماندا جێی نابێتەوە، بۆ ئەم جۆرە لە حیزب پەرلەمان تەنیا کارگەی دورینی قانونە بۆ ناقانونیەکانی حیزب.

کەواتە چی زەرەردەکەین لە گۆڕینی ئەو سیستمە و کێ زەرەر ئەکا؟

بەدڵنیاییەوە کورد وەک نەتەوە و لە ڕوی سیاسیەوە زەرەر ئەکات، کە ئەمەش لەهچ کاتێکدا خەمی حیزبە کوردیەکان نەبوە و بەوئاڕاستەیە کاریان نەکردوە، بەڵام زەرەری ئابوری ، سەرۆک و بنەماڵە و کوڕو کچی بەرپرسانی حیزب دەیکەن، بەداخەوە ناعەدالەتی و گەندەڵی و تۆقاندن و کڕینی ویژدان لە ئاستێکدایە ڕەنگە شەڕی نەتەوییمان لە عیراقێکی دیکتاتۆردا باشتر پێبکرێ لە ڕوبەڕوبونەوەی ناعەدالەتیەکانی ناوخۆ ، جگە لەوەی ئێمە ماوەی ۲۷ ساڵە لەژێر ناوی پەرلەماندا سیستمی سەرۆکایەتی پەیڕەودەکەین و ڕەنگە لە ئێستا پارتی لە هەمو حیزبەکانی تر باشتر خۆی بۆ ئەو جۆرە لەحوکمڕانی ئامادەکردبێ.

ئەوەی لە سیستمی سەرۆکایەیدا دەبێتە قازانج ئەوەیە دیکتاتۆرێکی ڕون و ئاشکرا بەرامبەرمان دەبێت و ئەوکات بێ دابەشبون و ونبونی بەرپرسیارێتیەکان دەزانین ڕوی داواکاری و ناڕزایەتی لە کام حیزبە، چونکە لە بنچینەدا سیستم پەرلەمانی بێ یا سەرۆکایەتی هیچ لە ئێمە ناگۆڕێ و پێکهاتەی ئەم حیزبانە بۆ خۆسەپاندن و تاکڕەویە نەک دیموکراسیەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی