سەرۆکی پارتی هەڵەیەکی دی کرد

07/11/2019

مەلا فرمان

ئەمڕۆ لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم، بە حزوری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و کەسی یەکەمی تەواوی حیزبەکان لە هەولێر کۆبونەوە. بە قسەی خۆیان، کۆبونەوەیەک لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیار ئەنجام دەدرێت، کۆبونەیەک چاوەڕوانی بریاری گرنگی لێدەکرێت و هەڵوێستی لێوەربگیرێت لەسەر ئەو گۆڕانکاریە سیاسیەی لە عێراقدا چاوەڕوان دەکرێت. ئەو گۆڕانکاریەی چەندین پرسیاری گرنگ  و مەترسیدار دەوروژێنێ، لەوانە:

1-چارەنوسی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی.
2-دەستوری عێراق.
3-چارەنوسی مادەی ١٤٠ و پرسی ناوچە دابڕاوەکان.
4-سیستەمی سیاسی لە عێراق.

شەقامی ناڕازی عێراق
وەک چۆن پێشتر و چەندین جار خەڵکی هەرێمی کوردستان هاتنە سەر شەقام، ئەمڕٶش مافی خۆیانە خەڵکی عێراق دێنە سەر جادە و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، جوڵەی شەقام بۆ ژیانێکی خۆشگوزەران و دامەزراند و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان مافێکی سروشتیە و داوای رەوان. بەڵام ئەوەی جێی گومانە لە دوای زیاتر لە دو هەفتە گۆڕینی دروشمی خۆپیشاندانەکانە، گۆڕینی ئاراستەی جوڵەکانە  بە پێی نەخشەیەکی  بەبەرنامە بە ئاقاری سیاسی نوێدا دەبرێت، ئاراستەیەک بە پشتیوانی هەندێ لایەن و کەسایەتی سیاسی. لەو دروشمە سیاسیانە:

1-گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی.
2-گۆرینی دەستور
لە کاتێکدا هۆکاری کوێرەوەی ژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەندەڵی و بێسەروبەرەییە، لە عێراق، بونی گروپی میلیشیای جیاجیا،جێیان بە پۆلیس و سوپای عێراق لەق کردوە لە هەرێمیش بونی هێزی حیزبی. بە پێچەوانەوە ئەگەر وەک پێویست هەمولا پابەندی دەستور بونایا بارودۆخی وڵات ناگەیشتە ئەمڕۆ.
بەڵێ بارودۆخەکە دەکۆڵێ و کەسی یەکەمی پارتی دیموکرات ناچێتە ئەو کۆبونەوە گرنگ و چارەنوس سازە. لای بەندە ئەمەش  هاوشانی هەڵە سیاسیە گەورەکانی پێشتر، هەڵەیەکی سیاسی گەورەی تری کاک مەسعودە. چالاکوانە سیاسیەکان لەبەر رۆشنایی و ناکۆیەکانی رابردو نەچونی سەرۆکی پارتی دیموکرات ئەم لێکدانەوانەی بۆ دەکرێت:
1-لە بیرنەکردنی ناکۆکیەکانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق و نەبونی روحی لێبوردەیی.
2-لە ئاستی سیاسی و بریاردان خۆی لە ئاستێ بەرزتر دەبینێت لە و جۆرە کۆبونەوانە و بەشداربوانی.
3-خۆ بەمەرجەع زانین و لەسەروی هەموانەوە. ئەوەیان بیرچوە ( سید القوم خادمهم).

جگە لەمەش نەچونی کەسی یەکەمی یەکێتیش هێندەی تر سەرۆکی حیزبەکانی تری توشی ئیحراجی کردوە.  ئێستاش دەرکەوت بە هەمان شێوەی  قەرەباڵغیەکانی پێشوتر کۆبونەوەی رەعیەتەکان کۆتایی هات.
لە لایەکی ترەوە ئامادەنەبونی کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی بە بێ هێج رونکردنەوەیەکی پێشوەخت بەدور نازاندرێ لە بەغداش هێندە بە گرنگیەوە لەو کۆبونەوەیە نەڕوانن. بە تایبەتی پێشتر ئەیاد عەلاوی هەندێ بابەتی گرنگی لەگەڵ سەرۆکی پارتی باس کردوە، ئەو باسانەی لە بەغدا وەک بریار سەیر دەکرێت.

دوا قسە، کاتی ئەوە هاتوە کەسە بڕیاربەدەستە حیزبیەکان هەڵە و کەموکوڕیەکانی خۆیان ببینن و دانی پێدابنێن بەر لەوەی لۆمەی  نەیار و کەسانی تر بکەن و هۆکاری شکستەکان بخەنە ملی خەڵکی تر و دەستی دەرەکی، باشتریش وایە دان بە شکستیی خۆیاندا بنێن لە حوکمڕانی ئەم هەرێمە. ئەگەرچی زۆر درەنگە ئەرکی رۆشنبیرانیشە راشکاوانە هەڵەی ئەو بڕیار بەدەستە حیزبیانە باس بکەن و پەنجەیان بۆ راکێشن، چونکە هەڵەی ئەوانە ئەم میللەت و هەرێم و کەرکوکەی بەم رۆژگارە گەیاندوە. هەڵە و گەندەڵی لای دادوەر و دادگا و ناوچە و کۆمیتە و دامەزراوەکان نیە بەڵکە لە دەورو بەر و لای تەواوی کاربەدەستە باڵاکانی حیزبە.
تێبینی: ئەم بابەتە لەبەر نەبونی ئنتەرنێت لە کەرکوک دواکەوت.   

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە