مەسرور بارزانی راستیەکان دەشێوێنێت

08/11/2019

سەرکەوت شەمسەدین

 لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەندین راستی ئاوەژوکردەوە و ئامادەنەبوو دان بە شکستی کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێم دا بنێ لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت کە خۆی رەخنەی جدی لێی هەبوو پێشتر، بەتایبەت مەلەفی نەوت. لە دیدارەکەدا بارزانی دەڵێ "حکومەتی هەرێم ناچاربووە خۆی نەوتەکە بفرۆشێ چونکە عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بری." کە ئەمە سەرلەبەری هەڵەیە.

یەکەم: هەناردەی نەوتی هەێم بەشێوەی سەربەخۆ لە ساڵی ۲٠۱۲ ەوە دەستیپێکردوە و لە ۲٠۱۳ بەتەواوی چوە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک ساڵی ۲٠۱٤، بەندە بەشداری چەندین کۆبونەوە و دانیشتنی شاندی ئەمریکی بووم لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی تری پارتی لەسەر ئەم گرفتە. دووەم: تەنانەت لەپرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱٤ پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو لە ناردنی ۱۷٪ بۆ هەرێم بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی (۲٥٠) بەرمیل لەرێگەی سۆمۆ وە بفرۆشێت.

مەسرور بارزانی ئێستاش دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری قەیرانی موچە و مەلەفی نەوت، شکستی هێنا لەوەی لایەنە عێراقی یەکان، بە حکومەت و پەرلەمانەوە، رازیبکات تەنانەت لەگەڵی کۆببنەوە لە هەولێر، دانوستانەکانی نێوانیان بەتەواوی شکستی هێناو. بۆیە دەبێ راستگۆیانە بە خەڵکی کوردستان بڵێ کە ئەو حکومەتە بەهێزەی باسی دەکرس هیچ نەبوو جگە ە بانگەشیەکی هەڵبژاردن، ئەگەر نەرمی نواندنی عەبدولمەهدی و فشارەکانی دەرەوە وهەوڵی لۆبیکردنی ئێمە و هاورێکانمان نەبوایە ئەو زۆر لەوە کەمتواناترە بتوانێت کێشەی موچە چارەسەر بکات.

هەربۆیە پێویستە ئیتر لایەنەکانیتر پشتیوانی هەوڵەکانی فراکسیۆنی ئایندە بکەن بۆ ئەوەی لە هەمواری دەستور دا بەشێوەی فیدراڵی یەکبخەینەوە نەک لە دەست دوو بنەماڵە بمێنێتەوە تا قوماری پێوەبکەن، چیتر قوتی هاوڵاتیان نابێت بخرێتە دەست سەفەقاتی شاراوەی بنەماڵەی بارزانی. سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنی ئایندە ۸/۱۱/۲٠۱۹

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی