دەردەكە لەسلێمانییە گوناهی كەس مەگرن!

09/11/2019

كەمال رەئوف

بارە خوارەكە لەسلێمانییەوە راست دەكرێتەوە گوناهی كەس مەگرن، لاسەنگی و لادانە مەترسیدارەكانیش ئەوكاتە زیاتر دەركەوتن، كە سیاسەت لەسلێمانی بەمانا حیزبی و هونەری سیاسەت و كردە كاریگەرەكەیەوە  پەكی كەوت. 

بۆیە ئەوكاتە تایی هاوسەنگی حیزبی لەهەرێم و خەونی حوكمرانی رەشید بەتەواوەتی تێكچوو، كە دۆخی حیزبایەتی و سیاسەتكردن لەسلێمانی نەیتوانی بەنەفەس درێژی  بەرگەی بەرەو رووبوونەوەو ململانێی نەرم بگرێت. 

بەجۆرێكی تر واتە لەم دەڤەرە كەس نەیتوانێت لەدەروەی گوتاری پۆپۆلیستی خاوەنداری لە جیاوازییەكانی سلێمانی بكات و پارێزەری بێت و بوار بدات تا ئەوی تریش بەجیاوازییەكانییەوە وەك خۆی قبووڵ بكرێت.
 
لەدوو دەیەی رابردوو ئەوەی تا ئێستا لە ناوچەی سلێمانی بەناوی هونەری سیاسەت و حیزبایەتی و جیهان بینی جیاوازەوە پیادەكراوەو بینراوە، یان پەرچەكردارێكی توندرەوانەی خوێناوی بووە، یان هەوڵێكی دەروێشانە بووە بۆ لەیەكچوون و تێكەڵ بوون بەوی دی و قبووڵكردنی پاشكۆیەتیەیكی كوێرانەی بێ‌ سنوور تارادەی تەسلیم بوون. 

شكستی سیاسەت لەسلێمانی گوتاری پۆپۆلیستی و پاڵەوانی درۆینەی دروست كرد، لەولاشەوە شكستی سلێمانی بووە مایەی بەرهەمهێنانی گومرایی و حوكمرانییەكی كوێر، بەهەردووكیشیان زەمینەی نائومێدی و دەستەپاچەیی خەڵكیان بۆ گۆرانكاری خۆش كرد.

بۆیە تا دۆخی سیاسەت كردن و حیزبایەتی لە ناوچەی سلێمانی گۆرانی ریشەی بەسەردا نەیەت و ئەم دۆخەی ئێستا تێنەپەرێنێت، هەق نییە كەس خۆی بخەڵەتێنێت و چاوەرێی ئەوە بكات، حوكمرانی و ئیدارەو سیاسەتكردن لەهەرێم لەتوانایدا دەبێت چاكسازی ریشەیی بكات و گۆرانكاری قوڵ ئەنجام بدات، چونكە دەردەكە لێرەیەو بارە خوارەكەش هەر لەسلێمانییەوە راست دەكرێتەوە.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە