ئەردۆغانی دووەم

12/11/2019

ئاسۆ حاجی

مێژووی ئەردۆغان وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری توركیا بە سەر دوو قۆناغ دابەش دەكرێ:
قۆناغی یەكەم، ئەردۆغان وەك ئیسلامیەكی میانڕەو و خاوەن بیر و دیدەگا بۆ كاری سیاسی و هێنانەدی مۆدێلێكی نوێی كاری ئیسلامی سیاسی كە لە تەنیشت باوەڕە جێگیرەكانی ئیسلام (پوابت) جێگە بۆ بنەما دیموكراتیەكان و بەهاكانی جاڕنامەكانی مافی مرۆڤ بكاتەوە و پێكەوە ژیان و گرتنەبەری رێگای ئاشتیانە بۆ چارەسەری پرسەكان بكاتە پڕەنسیپی حوكمڕانی خۆی،ئەردۆغان لەو قۆناغەدا سوودی زۆری بە توركیا گەیاند لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.
قۆناغی دووەم، ئەردۆغان وەك توركێكی رەگەزپەرست وەدیار دەكەوێ و هەوڵدەدات ئەوەی وەك سوڵتان بۆی نەچووە سەر وەك سەربازێك هەوڵی بۆبدا و شانازیەكی مێژووی بۆخۆی تۆمار بكات،لە دژایەتی كردنی پرسی كورد و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی.
ئەردۆغان لە ساڵی 2017 دا هاندەر و پاڵپشت بوو بۆ زیاتر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان،ئەو كات ئەو هەبوونی پەیوەندی هەرێمی كوردستانی بە رۆژئاوای كوردستان و هاوكاریكردنی تا بە فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی توركیا نەدەزانی،تەنانەت توركیا لەو ساڵەدا بەوە رازی بوو كە هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە سەر سنوورەكانی نێوان رۆژئاوا و باكوری كوردستان بڵاوەیان پێبكرێ و ئەو رێكەوتنە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەمەریكا بوو بەڵام دواتر پەیەدە لە دژی وەستایەوە و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر یەك پێشمەرگەی رۆژئاوا(لەشكری رۆژ)پێ بنێتەوە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان ئەوە بە چەك روبەڕویان دەبنەوە ئەو هەڕەشەیە لە سەر زاری ئاڵدار خەلیل سەركردە لە پەیەدە راگەیاندرا.
ئەردۆغان لە ژێر هەڕەشەی نەیارانی ناوخۆیی لە توركیادا و تێكچوونەوەی باری ئابوری توركیا و زۆر بوونی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دونیا بە تایبەتیش كە هەدەپە بە هەموو هێزەوە لە دژی ئەردۆغان بووە بەشێك لە ئەجێندای جەهەپە و پەكەكەش لە قەندیل هەڤاڵبەندیەكی لەگەڵ نۆ پارتی چەكداری كۆمۆنیست و چەپی توركیا راگەیاند،ئەوانە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە بەرفراوان بوونی تەنگەژەی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و گروپی فەتحوللا گولەن كە هاوپەیمان و پشت و پەنای هەرە گەورەی ئەردۆغان بوون تا گەیشتە دەسەڵات هەروەها دووركەوتنەوەی سەركردە كاریگەرەكانی ئەكەپە لە ئەردۆغان هەموویان بوونە هۆكاری ئەوەی كە ئەردۆغان رێگایەكی دیكە بگرێتە بەر بۆ گرێنتی كردنی درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو كلتورە زال و باوی كە دەوڵەتی توركیای لەسەر بنیاتنراوە.
ئەوەندە لە بەرامبەر چارەسەركردنی پرسی كورد هەڵگەڕایەوە تا ئەو رادەیەی لە سەروبەندی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆیی باشوری كوردستان ئەردۆغان تا رادەی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازی لە دژی باشوری كوردستان چووە سەنگەری بەغدا و تاران،بە هەموو شێوازێك دژایەتی هەرێمی كوردستان و خواست و ئیرادەی گەلەكەی كرد،تەنها ئەوەی لە بەغدا و تاران جیای كردەوە دەروازە سنووریەكانی دانەخست و رێگری لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان نەگرت ئەوەش لەبەر دوو هۆكار بوو:
- لە ترسی دابەزینی بەهای لیرەی توركی و كاریگەری خراپی بۆ سەر ئابوری توركیا بوو.
- نەبوونی باوەڕی تەواوی بە ئێران و بەغدا كە ئەو بەڵێنانەی لە بەرامبەر دژایەتی كردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پێیان داوە جێبەجێی دەكەن.
ئەو دوو نموونە بە روونی مێژووی ئەردۆغان وەك سەرۆكێك و وەك ئیسلامیەكی میانڕە و دواتریش وەك توركێكی رەگەزپەرست نیشان دەدات.
شكستی پاڵێوراوی ئەردۆغان (بیناڵی یەڵدرم) لە هەڵبژاردنەكانی ئەستەنبۆل و لە دەستدانی گەورە شارەوانیەكانی زۆرینەی شارە گەورەكانی توركیا و باكوری كوردستان ئەردۆغانی لە پیاوی كردار جارێكی دیكە كردەوە پیاوی پەرچەكردار و سیاسیەكی بەرچاوتەنگ و كورتبین.
بەر لە مامەڵەكردنی ئەردۆغان بەو شێوەیە لەگەڵ پرسی رۆژئاوای كوردستان هەمان هەڵەی لە بەرامبەر باشوری كوردستان كرد و شانازیەكی مێژووی لە دەستە خۆی و سوودێكی زۆری ئابووری لە دەست توركیا دا،كاتێك گەلی باشوری كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی دا بۆ سەربەخۆیی باشوری كوردستان،ئەردۆغان كەوتە خانەی پەرچەكردار و كەوتەوە ژێر كاریگەری گوتاری رەگەزپەرستی تورك لە سەرچاوەكەی بیری كەمالیزمیە.
چەند رۆژێك دوای خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر كە ئەردۆغان پاڵپشتی لە سوپای داگیركاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانی كرد لە داگیركردنەوەی كەركوك گوتارێكم بەناونیشانی (ئەردۆغان سوڵتانەتیەكەی چۆن دۆڕان) ئەو لایەنانەی كەسایەتی ئەردۆغانم تێدا باس كردووە:" ئەردۆغان لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەوەی سەڵماند كە سیاسیێكی عیناد و كورت بینە و ئەو كەسە نیە كە بتوانێ سەروەریەكانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە چونكە لەیەكەمین ڕوبەڕوبوونەوەی فیعلی لەگەڵ میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی لە كەركوك شكستی هێنا و لە شەڕەكە دۆڕا"

هەر لەو گوتارە ئاماژەم بەوە كردووە كە ریفراندۆم چ دەرفەتێكی بە ئەردۆغان و توركیا دەدا بۆ گەڕاندنەوەی شانازیر مێژوویە لە دەست چووەكانیان بەڵام بیری رەگەزپەرستی بەرچاوی تاریك كردبوون و نەیانتوانی بڕیارێكی دروست بدەن:"هاتنە پێشی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر لە بژاردەیێكی خستە پێش ئەردۆغان وەك چۆن خستیە بەردەم ئەزمونێكی گەورە،بەڵام ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندیان لەهیچیان سەركەوتوو نەبوو،ئەردۆغان سەلماندی كە زیاتر دەیەوێ ئەتاتۆركێكی دیكە بێ نەك خەلیفەیەكی عوسمانی،بەوەی كە هەموو توانا و قسە و كرداری لە دوژمنایەتی كردنی گەلی كورد كورت كردەوە و تەواو ئیڕادە و عەقڵی خۆی تەسلیمی نەتەوە پەرستەكانی تورك كرد و زیاتر وەك دەروێشێكی باخچەلی دەدوا و بڕیاری دەدا نەك وەك میراتگرێكی سوڵتان سولەیمان قانونی و محەمەد فاتیح و سوڵتان سەلیم

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی