هەڵوەستەیەك لە سەر پرۆژەكانی هەمواری یاساكانی هەڵبژاردنەكان

18/11/2019

د. به‌كر سدیق

حیكمەتی هەرهەنگاوێك بۆ هەمواری یاساكان ، لەوەدا دەردەكەوێت ، كە تاچەند لێی رادەبینرێت ، ئەو كەلێن و جەورو ستەمانە لاببات ، كە رێساكانی ناو یاساكان ، لەناو خۆیاندا هەلیانگرتوە . 
پەیوەست بەو هەنگاوەی سەرۆكایەتی كۆمار گرتویەتیەبەر بۆ هەمواری یاسای هەلبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای كۆمیسیۆنی بالای هەلبژاردنەكان ، دەبێت پرۆژەكان بۆ هەمواری ئەو دوو یاسایە ، پتر  پاك و بێگەردی و رونكاری (النزاهە والشفافیە)، دەستەبەر بكەن . 
بەخوێندنەوەی ئەودوو پرۆژەیاسایەی سەرۆكایەتی كۆمار خستونیەتیە روو ، وەك پسپۆرێكی یاسایی لەبواری یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ، ئەم سەرنج و تێبینیانەمان لا بەرجەستەیە:-
یەكەم :-سەبارەت بە یاسای هەلبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران 
1-دابەزاندنی ئاستی تەمەنی پالێوراو بۆ 25 سال ، ئاماژەی رەخساندنی هەلی گونجاوترە بۆ گەنجان بەئاراستەی بەشداریكردن لە دروستكردنی یاساو بریارە نیشتیمانیەكاندا. 
2-خالی گرنگ و پربەهای یاسایی ، لەو گۆرانەدراماتیكیەدا دەدەكەوێت كە لە پرۆژەیاساكەدا هاتوە سەبارەت بە گۆرانكاری لە سیستمی بازنەكانی هەلبژاردنەكاندا . ئەگەرچی لە یاسای هەلبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا ، پارێزگا بەتەنیا بازنەیەكی هەلبژاردنە ، كە ئەوەش بەبەراورد بەیاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ، زۆرترین عەدالەت و گرەنتی بۆ مافی هەلبژاردنی دەنگدەران مسۆگەركردوە . بەلام كردنی قەزاكان بە ناوەندی هەلبژاردن ، ئاماژەیەكی بەهێزو وەرچەرخانێكی گەورەیە لەبواری بەشداری سیاسیدا ، كە چانسی زۆرتر بو دەنگدەران دەرەخسێنێت و نوێنەران لەدەنگدەران نزیكتر دەكاتەوە .
 لەراستیدا ، ئەم هەنگاوەش لێی رادەبینرێ هەلومەرجی یاسایی لەكوردستاندا بەچەشنی بارگاوی بكات ، كە یاسادانەری هەریم ناچار بەوەبكات ، بریارلەگۆرینی سیستمی یاسایی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدات و وابكات لە جیاتی یەك بازنەی هەڵبژاردن ، كوردستان دابەشی چوار بازنەی هەلبژاردن بكات بەوەی كە ،هەرپارێزگایەك بكرێتە یەك بازنەی هەلبژاردن.
دوەم : سەبارەت بە یاسای كۆمیسیۆنی بالای هەلبژاردنەكان 
1-گۆرینی پێكهاتەی كۆمیسیۆن لە دەستەیەكی سیاسی  پالێوراوی حیزبە خاوەن نفوزەكان و هەلبژێردراوی پەرلەمان ، بۆ دەستەیەكی نیمچەدادوەری ، ئاماژەی وەرچەرخانێكی بەرچاوە لە ئەركە چاودێری و سەرپەرشتیاریەكەی كۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی هەلبژاردنەكاندا . چونكە بەم هەنگاوە ، پسپۆریی كۆمیسیۆن لە پسپۆریی دەستەو دادگا دادوەریەكان نزیك دەبێتەوە و لە ئەگەری سەربەخۆبونی دەسەلاتی دادوەریدا ، پتر پاك و بێگەردی هەلبژاردنەكان دەستەبەر دەكات .
2-دانانی نیوەی كۆمیسیاران لە راوێژكاریكی ئەنجومەنی دەولەت و دوو مامۆستای زانكۆی پسپۆر و ژمێریارێك كە بژاردەی دیوانی چاودێری دارایی بێت ، نیشانەی ئەوەیە كە هەولدراوە هاوشانی دەسەلاتی دادوەریی ، خەلكی ئەكادیمی و پسپۆر ئەركی چاودێرو سەرپەرشتیاری پرۆسەكانی هەلبژاردنەكان وەئەستۆ بگرن . 
سێیەم : هەنگاوە تەواو نەكراوەكان 
لەناو هەردووك پرۆژەیاساكەدا چەندخالێكی جەوهەری هەبوو ، نەدەبوو پرۆسەی هەمواركردنەكە پشتگوێیان بخات یان هەڵی هاوێرێت ، كە خۆی لەم خالانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە .
1-پێویست بوو لە هەمواری یاساكاندا ، رێژەی دادوەران بەچەشنێك با كە یەكسان بوبا بە ژمارەی پارێزگاكانی عیراق . واتە ، لەبری هەر پارێزگایەك یەك دادوەر دانرابان . بەجۆرێك ژمارەی كۆمیسیاران بریتیبا لە ژمارەی پارێزگاكان . 
2-لەیاساكەدا هەمواری نوسینگەی پارێزگاكان نەكراوە بەجۆرێك كە لەگەل سروشتی بە دادوەریكردنی كۆمیسیۆندا بگونجی ، بۆیە باشتر وایە نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمیسیۆن بكرێنە ژوری دادوەری و هەرنوسینگەیەك لە 3 دادوەر پیك بێت .
3- لە هەموارەكەدا پێویست بوو ، داواكاری گشتی بخزێنرێتە ناو پرۆسەی بەدادوەریكردنی كۆمیسیۆن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ داواكاری گشتی لەهەموو قوناغەكانی هەلبژاردنەكان خۆی خاوەنی جولاندنی سكالاو تانەكان بێت لە هەموو قۆناغەكانی هەبژاردنەكاندا . بەو مانایەی لە هەر نوسینگەیەكی پارێزگاكان كە دواجار دەبنە ژوری داوەریی ، داواكاری گشتی تێیدا ئەندامێتی هەبێت . بەو پێیەش وادەخوازێت كە لە ناو دەستەی كۆمیسیاراندا ، داواكاری گشتی ئەندامێتی هەبێت .
4- یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم هەرپرۆسەیەكی هەلبژاردن ، بریتیبوە لە قۆناغی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ، كە  لە هەردووك پرۆژە یاساكاندا چارەسەری بنەرەتی بۆ نەدۆزراوەتوە . كە بەرای ئیمە پێویستە بەم جۆرەی خواروە بێت :
(1- سێ (3) مانگی كۆتایی هەموو سالێك تۆماری دەنگدەران نوێبكرێتەوە بەشێوەیەكی تۆپزی .
(2- لە هەربازنەیەكی هەلبژاردندا ، لیژنەی بالای نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دروست بكرێت بە سەر پەرشتی قائمقام و ئەندامێتی بەرپرسی شارەوانی و دائرەی نفوس و دائیرەی ئاماری گشتی و نویًنەرایەتی وەزارەتی تەندروستی لە سنوری هەر بازنەیەكی هەلبژاردن كە قەزایە .
(3- لیژنەیەكی دادوەری لە هەر بازنەیەكی هەلبژاردن كە قەزایە دروست بكرێت بە ئەندامیتی داواكاری گشتی بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو دەستە دادوەریەدا ، تانە لە بریارەكانی لیژنەی بالای نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بدرێت .

لەكۆتاییدا پێویستە بگوترێت ، ئەم هەنگاوە لە پرۆسەی هەمواری ئەودوو یاسایەدا ، ئاراستەیەكی دروستە بۆ ئەو وەرچەرخانە یاسایی و داوەریەی كە پاك و بێخەوشی پرۆسەكانی هەلبژاردنەكان دەیخوازن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی