لەرۆژئاوای كوردستان چیم بینی؟

25/11/2019

هاوژین زیبا

لەو ژینگە بریندارەدا، كە لە ژێر ئاگری بۆمب و تۆپ و شەپۆلی ڕقی دەولەتی توركیا و چەتەكانیدایە، كۆمەلگایەكی رێكخراو و رەنجدەر، كۆمەڵە مرۆڤێكی تا دواڕادە سادە و مرڤدۆست دەژین. لە رێگای رۆشتن بۆ رۆژئاوادا، لە خەیالی خۆمدا وامدەزانی بۆ نێو شەر دەرۆین و بیرم لە چۆنیەتیی خۆپاراستن دەكردەوە. بەڵام لە یەكەم ساتی پەڕینەوە لەسنوور و لەرێەگەی چوون بۆ شاری قامیشلۆدا. تووشی سەرسامی بووم: لە كێڵگەكاندا جوتیارەكانم دەبینی كە زەویەكانیان دەكێلا. هەرلەوساتەدا خەیاڵەكانم گۆڕان. بیرم دەكردەوە كە چۆن دەبێت لە نێو شەڕدا ئەو مرۆڤانە ئەوەندە بە هیواوە بژین؟ لە بەردەوامی رێگادا منداڵانم بینی لە گوندەكان یاریی و تۆپێنیان دەكرد؛ لەولاوتریشەوە دایك و باوكیان بە ئاگاییەوە چاودێریی دەوروبەریان دەكرد.

ئیتر بیركردنەوەكانم گۆڕان و خۆم بۆ بینینی گەلێكی بەئاگا و وشیار ئامادە كرد. كاتی گەشتنمان بە دەروازەی شارەكە، گوێم لە خەڵكی بوو بە زمانێكی ئاسایی و سەردەمیانە سڵاویان ئەكرد بۆنمونە : سلاڤ، دەم باش، ئێوارەباش ، دەمباش، ئاگاداری خۆتان بن.... وەك ئەوەی شۆڕش كاری لە زمانیش كربوو و پڕ نەبوو لەو دۆعایانەی لە شوێنی دیكەدا بەردەوام دووپات دەبنەوە. جۆریك لە هەواڵپرسین و رێزگرتن كە دوورە لە خورافە و ناوهێنانی پیرۆزەكان. بێگومان ئەم شێوازەش لە گفتوگۆی ئاسایی رۆژانەی مرۆڤەكان لە كۆمەڵگادا، گۆرینی بەها كۆمەڵایەتیەكان و دروستكردنی بەهای نوێ بۆ كۆمەڵگا، بەشێكن لە ئامانج و كاری بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لەدنیای مۆدێرنی مۆڤایەتیدا. لە رۆژئاوا شێوازێك لە دنیابینی و رێزگرتن و مامەڵەكردن‌ هەیە كە مرۆڤەكان پێی پەروەردە كراون .

بۆ هەر كەس گرنگە سەرچاوەی ئەم رێكخستنە بناسێت. ئەزموونی رۆژئاوا و خۆبەرێوبەریەكەی تەنها ٨ ساڵی ئەو دنیابینی و رێكخستنەیە كە تەمەنی ٤٠ ساڵە و رەگوڕیشەكەی لە ئیمرالی و لە چیاكانی كوردستاندایە، لە بزووتنەوەیەكدایە كە چڵ ساڵە شەهید دەبەخشێت و بە هەزاران مرۆڤی شۆرشگێر ژیان و رۆحی خۆیان پێبەخشیوە. باسەكە گرنگیی ئەو فەلسەفەیە لە رۆژئاوا كە كورد،عەرەب، ئەرمەن، چەركس و توركیی بە بێ جیاوازی ئاین و مەزهەب رێكخستوە. لە جەوهەری ئەم فەلسەفەیەشدا رۆحی ژن ئامادەیە، واتە شێوازێكی بینینی ژیان و سرووشت كە خودی ژنانیش بوونەتە پارێزەرو رێكخەر و پێشەنگی.

لە رۆژئاوا كەس بێكار نیە، بوڵكوو هەر مرۆڤێك بە پێی جۆری توانای خۆی بەشداری بەرخۆدانە. بینیم ل ەیەك قوتابخانەدا، لە لایەكدا خوندنی منداڵان بەردەوامە و هاوكات لە لایەكی دیكەی هەمان خوێندنگادا ئاوارەكان دەژین، ژیان و خوێندن و پێكەنینی منداڵان پێكەوە لە یەك شوێندا بەردەوامن، هەر وەك ژیان لە رۆژاوا بەردەوامە. خێزانە ئاوارەكان لە بینای قوتابخانەكاندا لە ژیانێكی سەختدا و بە ئیرادەیەكی بە‌هێزەوە دەڵێن كە ئەم دۆخەتێپەر دەبێت. كەم خێزان هەیە لە رۆژئاوا شەرڤان یان شەهیدی نەبێت. بەشێك لە مالەكان رۆژانە پرسەی شەهیدەكان دەگێڕن و ئامادەكاری بۆ هاتنەوەی شەهیدەكانیان دەكەن، شێوازی بەڕێوەچوونی پرسەكان جیاوازە لە هەرشوێنێكی دونیا. لەوێ دایكان سەما دەكەن و ئاهەنگ دەگێڕن. گەنجان لە گۆرستان گۆر بۆ شەهیدان ئامادە دەكەن، چونكە چاوەڕوانی شەهیدانن لە هەموو رۆژێكدا. خالی سەرسامكەری دیكە شارەداری قامیشلۆە كە سەرباری هەموو ئەركەكانی دیكەی ئۆتۆمبێلی بۆ گواستنەوەی قوتابیان دابین كردووە و لە ناو شاردا بە بێ بەرامبەر كاردەكەن.

لە رۆژئاوا خانوەكان زۆر ئاسایین و هیچ بینایەكی زۆر جیاواز نابینرێت كە لەوانی دیكە نەچێت، بە گشتی خەلكی لە ئاستێی ژیانی ئاسایی و یەكساندا دەژین.

چونی ئێمە وەك شاندی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی رۆژئاوا و بینینی ژنانی دیبلۆماتكار و بەرپرس و بەڕێوبەرانی رێكخستنەكانی ژن و كۆمەڵگای رۆژئاوا، بۆ ئیمەی ژن زۆر گرنگ بوو. ئەو ئاستە لە بەشداری ژنان لە ریكخستن و لە پێشەنگایەتیی شۆرشدا بۆ هەر یەكێكمان تایبەت بوو. لەهەمانكاتدا ناڕێكخراوی و نەبوونی فكرێك و بنەمایەكی رێكخستنی بۆ ووزە و لێهاتووییەكانی ژنان لە باشور، ئەو راستیانە بوون كە هەستمان پێكرد لەو سەردانە دوو رۆژیەماندا بۆ رۆژئاوا. رەنگە زۆر دروست نەبێت بەراورد لە نێوان رێكخستنی ژن لە باشور بەرامبەر بەو بەرخۆدان و خۆڕاگری و شۆرشەی لە رۆژئاوادا هەیە، بەڵام هەموو ژنان بە هیوابوون كە ئەم سەردانە ببێت بە هۆكارێك بۆ دووبارە خۆرێكخستنەوە و دروستكردنی كۆنفرانسی ژنانی هەرچوارپارچەی كوردستان و، هەروەها كاربكرێت بۆ گواستنەوەی ئەزموونی رۆژئاوا بۆ باشوری كوردستان.

بەشداری بەرخۆدان لە رۆژئاوای كوردستان دور لە هەست و سۆزی نەتەوەیی و كوردبوون، بە ئەركی هەموو مرۆڤیكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و رێكخراوەكان دەزانم و هیوادارم هەموان ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن.

هاوژین زیبا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی