شەقام و شۆك بونی دەسەڵات

28/11/2019

كمال محمد

لەدۆخێكی لەم جۆرەدا ئەبینین كە كارەسات و تراژیدیایە هێشتا بەرۆكی گەلی عێراقی بەرنەداوە كاتێك بەردەوام بونەوەی جۆری حكومڕانییەكان و ململانێ مەزهەبی و ئەتنییەكانی لایەنەكانی عێراق نەیتوانیوە   بیركردنەوەیان بخاتە دەرەوەی ئەو چوارچێوە تەسكەی كە هۆكار بێت بۆ هێنانەدی عەقڵێكی سیاسی بۆ بیناكردنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرن  كە دوا جار بتوانێ كۆتایی بەو تەوژمە ناعەقڵانییە بهێنێت كە سەركردەكانیان لەژێر ناوی ئیسلامی سیاسی و تائیفەگەری قۆمار لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان  ئەكەن .

شۆكی گەورە لێرەوە دەست پێ ئەكات كە خۆپیشاندانەكانی ئەم جارە جیاوازتر ئەبینرێت و زیاتر جوڵەو دەنگێكی جەماوەی ئاكتیڤستانەیەو سەرچاوەی هێزەكە خۆیانن و ئامادە نین بكەونە ژێر باری گەمەی سیاسی ئەو سەركردەو لایەنانەی كە ساڵانێكە فاشیزمی سیاسی و ئابورییان بەرهەم هێناوە و نائومێدن بە بەڵێن و هەنگاوەكانی ئەوانەی كە لەباڵەخانەی حیزبەكانەوە بەدوای ژیانی خۆیانەوە ئەگەڕێن ، عێراقی ئەمڕۆ خۆی لە فشاری شەقام و هێزێكی ماندونەناسی خێر لە خۆنەدیوی نەفەس درێژ دا خۆی دەبینێتەوەو تا ئێستاش كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەرانی نەیتوانیوە ئەم وزە توڕەو ناڕەزاییەی شەقام كۆتای ڵێ بهێنێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەكردنی تەوژمی ناڕەزاییەكان ئەدەن .

شۆكی گەورە لە خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەدا ئەوەیە كە تا ئێستا دورن لەوەی راستی لەدەست بدەن و خاوەندارێتی كردن لە داواو مافە ڕەواكانیان هەنگاوێكی مێژوویی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو پێیان وایە ویژدان و هەڵوێستیان بەئاشكرا بۆ گۆڕان و مومارەسەكردنی  ژیانێكی دیموكراسیانەیە ،

هۆكاری گەیاندنی هاوڵاتیان بەم دۆخە لەمڕۆكەی عێراقدا ئەو قورساییە سیاسی و ئابوری و دروستكردنی چینایەتییەیە كەدەسەڵاتدارانی خولقاندویانەو هەرلەبەر ئەمەیە كە گوزەران ژیان لەنێو قالبەكانی بۆرژوازیدا ماوەتەوەو تێپەڕی قۆناغی نەكردوە ،بۆیە بەشێوەكی گشتی نەفرەت رەتكردنەوەی سیستەم پەرەی سەندوەو دەرك بەوە كراوە لەلایەن خودی خۆپیشاندەران وگەلی ناڕازیی كە كۆمەڵگایەكی سۆسیال و دیموكراسی  ناتوانێت ببێتە جێگای ئومێد و چاوەروانییەكانیان و بڕوایەكی وەهایان لا دروست بوە كە ئەم پارتە سیاسیانەی كە خۆیان سەرچاوەی قەیرانەكان بون توانای فەراهەمكردنی چارەسەری ریشەییان هەبێت و ئەوە ئاشكرابوە لایان كە چیدیكە توانستی خورافاندن و كات بەسەربردنیان لەدەستداوە .

نەبون و سستی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لە عێراق وایكردوە كە ئەم وڵاتە سەرەڕای ئەوەی كە زۆرترین نەتەوەو ئایین تیایدایە و كێشەو ململانێی مێژوویان هەیە و هەمیشە ناكۆكوك دژیەك بون بۆ یەكتری بەڵام ئەم جارەیان هەوڵەكانی لەناوبردن و كەمكردنەوەی  قەیرانە سیاسی و ئابوری و نیشتمانییەكان بەرەیەكی بەهێزی لێ دروستكردن و هەموان سەرنجەكانیان لە جۆری حكوم و شێوازی حكومەتكردنە لەعێراقدا و رەتی تەواوی ئەولایەنانەش ئەكەنەوە كە بون بە هێزێكی دۆگماییان ئەبێتە ڕێگر بۆیان .

ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان وابێت ئەو سیستەمەی كە لەعێراقدا لە دژی بەرژەوەندی گشتی جێبەجێ ئەكرێت خۆیان بێ بەرین لێی ئەوا یان توانای  بیركردنەوەی جیاوازیان نییە بۆ سیاسەت و بەرێوەبردن یان نایانەوێت گەل ئەو تواناكاری و بیركردنەوەیان هەبێت ،بۆیە دەسەڵات و حكومەتی كوردی تائێستاش ئەگەر پێیان وابێت لەپاڵ چەمكی بەرپرسیارێتی كردن چەمكی لێپرسینەوەی گەلیان لێ ون بوە یان بێ دەنگ بوە بەهەر پاساو هۆكارێك لەپای ئەو هەمو قەیران و هەڵە سیاسی و ئابورییانەی بەسەر هاوڵاتیاندا هێناویانە دورنییە قۆناغی شۆكبونی دەسەڵات بهێنێرێتە بون ودواجاریش بەتەنها رەخنەگرتن و چاودێكردنی گەل بەسەر دەسەڵاتەوە بەس نەبێت كە شۆك بون دۆخێك بهێنێتەكایەوە كەشەقام و كۆمەڵگاش زیاتر جوڵەو دەنگێكی جەماوەی ئاكتیڤستانەیە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و دواجار دەستی دەرەكی و نێوخۆییەكانیش تەقینەوەی دۆخەكە زیاتر بكەن .

كمال محمد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی