عەبدولمەهدی، تەنیا سەیری فۆكس نیوز بكردایە

30/11/2019

لوقمان غەفوور

ئەگەر رۆژی 28 نۆڤێمبەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەركی بكێشایە و كۆنترۆڵی تەلەفیزیۆنەكەی بگرتایە بەدەستییەوە و سەیرێكی كەناڵی فۆكس نیوز-ی بكردایە كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەردانی بنكەی هێزی ئاسمانی باگرام-ی لە ئەفگانستان كرد و وتاری خوێندەوە. دواتر لەوەش وردبوایەتەوە لە پشتی ترەمپ-ەوە كێ وەستاوە، زۆر شت تێدەگەیشت.

بەڵام عەبدولمەهدی لە یەكەمین رۆژییەوە تێنەگەیشت، ئەو شتێك تێگەیشتبوو كە دەستێكی لەناو دەستی ئێراندا بێت و دەستەكەی تری بەتاڵ بێت‌، كە ئەمە لای ئەمریكا قبوڵ كراو نییە، چەند تەكنۆكرات-یش بێت. 

ئەمریكا كێشەی نییە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و كاربەدەستانی تر چەند گەندەڵن، ئەو ئەیەوێت گەندەڵ بن تا رۆژێك بەو هۆیەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات. بۆ ئەمریكا گوێڕایەڵی گرنگە، ئەگینا ئەگەر باس لە گەندەڵی بكەین لە مێژووی عیراقدا سەرۆك وەزیرانێك نییە بەقەد نوری مالكی گەندەڵی كردبێت. بڕوانە! نوری مالكی لەدیسێمبەری 2012، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت كاتێك هێزەكانی كۆماندۆ هەڵدەكوتنە سەر ئۆردوگای عەبدولعەزیز حەكیم و تەفروتونای دەكەن كە ئامانجەكەش دەستگیركردنی جەنەرال موحسین شیرازی سەرۆكی ئۆپەراسیۆنی قودس بوو. سەركردەیەكی سەربازی عیراقی بە ئاینكریج دەیلی نیوز دەڵێت:"هەموو تووشی شۆك بووین، هێزەكانی سەر بەئیران هەموو وڕبوون بەو هێرشە. كۆشتارگەلێكی بێوێنەمان لێكرا، پێشێلكارییەكی بێوێنە بوو، بێئەوەی نوری مالكی هیچ بڵێت!"  

یاخود پێتان سەیر نەبێت! لە 28 ئۆگۆستی 2019 راپۆرتێكم خوێندەوە لە رۆژنامەی زە دیترۆیت، نوری مالكی گەندەلی لە هێنانی 2500 میدالی ریزلێنانی سوپا كردووە كە بایی 62 هەزار دۆلار بووە، هەوڵیداوە خراپترین جۆری كوالێتی هاوردەبكرێت. جگە لە دەیان گەندەلی تری سەفەقاتی چەككڕین كە پڕن لەگەندەلی. 

هەرچەندە بە دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی هیچ گۆڕانێكی گەورە دروستناكات لە رووی بنبڕكردنی گەندەڵییەوە، بەڵام ئەمریكا ئامانجەكەی ئەپێكێت كە ئەو پشتگوێخستنەی ئەمریكا لەلایەن عەبدولمەهدی- یەوە باجەكەی لەكارخستنی ئەو بوو. پێشموانییە خۆپیشاندان كۆتایی بێت‌، چونكە هەر دوای دەستلەكاركێشانەوەكەش ستارت ترابیون هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە باڵێوزخانەی ئەمریكا لە عیراق كردووە، دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی- ش بەردەوام بن لە پشتگیریی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران.

لێرەدا دەمەوێت لەخوارەوە كەمێك تیشك بخەمە سەر ئەو كاری پشتگوێخستنە، كاتێك لەكریسمسی 2019 سەرۆك ترەمپ بەنهێنی گەیشتە عیراق بۆ لای سەربازەكانی لە سەربازگەی عەین ئەلئەسەد لە ئەنبار، داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كرد، بێت بۆ عەین ئەلئەسەد و چاوی پێ بكەوێت، كەچی رەتیكردەوە و وتی: بەغدا پایتەختە نەك عەین ئەلئەسەد. جا خۆ ئەگەر وردبینەوە كاتێك 28 نۆڤێمبەر سەردانی بنكەی هێزی ئاسمانی باگرام-ی كرد لە ئەفگانستان بە هەمان شێوە داوای لە ئەشرەف غەنی ئەحمەدزی سەرۆكی ئەفگانستان كرد سەردانی بنكەكە بكات تا چاوی پێبكەوێت. ئەشرەف نەك تەنیا چوو بۆ چاوپێكەوتنەكە، بەڵكو لەكاتی وتارەكەیدا لەپشت ترەمپ-ەوە لەگەڵ سەربازەكانی ئەمریكا راوەستابوو. دواتریش پێكەوە كۆبوونەوەیەكیان كرد لە هەمان شوێن. 

ئەم رەتكردنەوەی عەبدولمەهدی بۆ ترەمپ قورس بوو بۆیە ترەمپ كە گەڕایەوە بە جورێكی تر گوزارشتی كرد وتی: عێراق ئارام نییە، بەدەیان تریلیۆن سەرفكراوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیش بۆ چەند رۆژێ دواتر كاتێك لە سارا سندیز- وتەبێژی پێشووی كۆشكی سپی-یان پرسی، هەڵوێستی سەرۆك چی بوو كاتێك سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی نەكرد؟ ئەو وتی: "كارێكی باشی نەكرد، پێگەكەی لاواز دەكات".

من لە ئەمریكا ئەژیم. هەڵسوكەوتم لەگەڵ زۆر ئەمریكی كردووە، كاتێك رەفتار و هەڵسوكەوتێك ئەكەیت و بەدڵی نابێت، لەوكاتەدا بەو پەڕی رێزەوە مامەڵەت لەگەڵ دەكات، بەڵام دواتر لە فرسەتێكدا تۆڵەی هەموویت لێدەكاتەوە.

سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر كە خۆپیشاندانەكان دەستی پێكرد و تا 8ی ئۆكتۆبەر بەردەوام بوو لەیەكەم هوتافیاندا خۆپیشاندەران داوای هاوكاری ئەمریكایان كرد و ئاڵای ئێران-یان سووتاند. پەیامەكە روونبوو، جا یان شیعە گێلە تێناگات یان دەیانویست واینیشانبدەن ناڕەزایی جەماوەرە وادەكات كە عەبدولمەهدی دەست لەكاربكێشێتەوە.

هەفتەكانی پێشووش لەدوای دزەپێكردنی بەشێك لە بەڵگەنامەكانی ئەرشیفی نهێنی هەواڵگری ئێران كە دەست ماڵپەڕی زە ئینتەرسێپت كەوتن كە هاوكات بە هاوبەشی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویان كردەوە و تێیدا فۆكس خرابووە سەر عەبدولمەهدی كە بە سیخوری ئێران و گەندەڵییەوە لكاوە، ئەو كات من لە سەرەقەڵەمێكدا وتم، بەم راپۆرتە عەبدولمەهدی لە نەخشەی كارەكانی ئەمریكا، كۆتایی هات. چونكە لە ئەمریكا بۆئەوەی لە سیاسییەك بدەن رۆژنامە ئەكەن بە رێگەی لیدان و سوككردن و تەنانەت تا ئاستی لێپێچینەوە. لە ئێستادا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ خۆی گیرۆدەی دەستی رۆژنامەو میدیایە. 

راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز، پەیامێكی تر بوو درا بە عادل عەبدولمەهدی. كەچی بەپێچەوانەوە تا دەهات لە ئێران نزیكتر ئەكەوتەوە بۆ ئەوەی بیهێڵێتەوە و ئیرانیش زۆر هەوڵیدا بەڵام شكستی هێنا. بەدوای ئەم پەیامانەدا دوا فرسەت و تاقیكردنەوە خرایە بەردەم عەبدولمەهدی، فرسەتی سەردانەكەی مایك پینس بۆ عیراق. كاتێك مایك پینس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رۆژی سەردانی بنكەی ئاسمانی و سەربازگەی عەین ئەلئەسەد-ی كرد لەعیراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولمەهدی ئەنجامدابوو. راستییەكەی كاتێك راپۆرتێكم لەسەر سەردانەكە كرد باسی زۆر نهێنی سەردانەكەم كرد، بەڵام رستەیەك هەبوو كە باسم نەكرد، ئەوەبوو كە رادیۆی ئێن پی ئار –ی ئەمریكی لەزاری سەرچاوەیەك لە سەربازگەكەوە وەریگرتبوو كە مایك پینس داوای لە عەبدولمەهدی كردبوو كە سەردانی سەربازگەكە بكات و چاوی پێبكەوێت، بەڵام عەبدولمەهدی رەتیكردبۆوە.

عەبدولمەهدی ساڵێكی رەشی تێپەڕاند لەگەڵ ئەمریكا، لە2019دا پێنج فلتەی خراپی كرد: بێلایەن نەبوون لە دژی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لەماوەی چەند مانگی رابردوو. سەردانی نەكردنی سەرۆك ترەمپ لە عەین ئەلەئەسەد لەكریسمسی 2019. رەتكردنەوەی سوپای ئەمریكا كاتێك سوپاكەی لەسوریاوە كشاندەوە ناو عیراق و كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مایك ئیسپر-ی ی وەزیری بەرگری لە 23ی ئۆكتۆبەر كە بەتورەیی مەهدی جێهێشتبوو. سەردانیكردنی چین و كۆمەڵێك رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە لەكاتێكدا چین و ئەمریكا لەگەورەترین شەری بازرگانیدا بوون. دواهەمینیش، ئامادەنەبوون بۆ بینینی مایك پینس-ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە ئەنبار. هەر بۆیە ئەمڕۆ 29 نۆڤێمبەر لە دوای نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدی، وتەبێژێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازی لە بڕیارەكەی عەبدولمەهدی كرد و بەهەنگاوێكی ژیرانەی وەسفكرد.

لوقمان غەفوور 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی