پێم وایە لە بەدبەختی کوردە کە ئەوەی ئاگر و ئاسن نەیسەپاند بە سەریدا، خەریکە ئازادی ئەیسەپێنێت. ئایین هێندەی لە سێبەری ئازادیدا دەنگی زوڵاڵە، لە هیچ سایە و سێبەرێکی دیکەدا ناتوانێ هێندە دەنگ هەڵبڕێ، گەرا بخات و بیر و فەلسەفەی خۆی بسەپێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بۆشاییەک بۆ بەرانبەر ناهێڵێتەوە کە بۆچوونێکی دیکەی هەبێت.
ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئایینزاکانی ئایینی سیاسی و دەست و پێوەندەکانی تورکیا و قەتەر و ئێران و سعودیە، تەواوی بۆشایی ئازادی کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. بەڵام هەرچ ڕایەکی پێچەوانەش ببیستن، گورج دەیخەنە گۆشەیەکی تەنگەوە و، بە بیانووی پێشێلکردنی پیرۆزی ئایینی، نەفرەت دەبارێنن بە سەریدا و تەواوی کۆمەڵگای عەوام دەکەن بە گژیدا. نەک هێندە، بگرە دەکەونە وێزەی خودی ئەو ئازادییەی لە سایەیدا ئەخۆن و ئەخەون و پەلاماریش دەدەن.
هیچ کات فەلسەفە و بیری ئازادی کێشەی لەگەڵ خودی ئاییندا نیە، بەڵام بیری سیاسی ئایین هەمیشە هەوڵ ئەدات بە تەنها تەواوی پانتایی ئازادی داپۆشێ و هیچ بوار بە بەرامبەرەکانیشی نەدات کە شتێکی پێچەوانە بڵێن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ەوە، بیروڕا جیاوازەکان لە مڵملانێ و گفتوگۆ و کێشمەکێشدان، لەم سەری چەپ و عەلمانییەوە بۆ ئەو سەری ڕاست و ئایینییەوە. بەڵام هیچ کات هێندەی ئەمڕۆ دەنگی ئایین و پیاوەکانی نەبوون بەم دیکتاتۆرە زاڵەی ئەمڕۆ، بەسەر تەواوی شەقامی کوردی و مەزاجی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زمان و هونەر و ئەدەب و سیاسەت و دونیای ئێمە.
ئەمڕۆ ئایینی سیاسی فشار و کارێکی وای کردووە، چەپی عەیارە بیستوچوار وتارەکانی بە «بیسمیلا» دەست پێ بکات و عەلمانی پەنا بۆ یاسا و ڕێسای ئایینی ببات و مەسیحی فاتیحا بخوێنێ و مەشروبخۆر بە ڕۆژوو بێ و لەشفرۆشیش بچێ بۆ عەمرە! هەموو ئەمانەش تەنها لە پێناو ئەوەی جێگەیان ببێتەوە و نەکەونە بەر تانە و تەشەر. ئەمڕۆ بانگخوازێکی گەمژەی نەخوێنەوار نزایەکی عەرەبی کۆپی بکات و فڕێی بداتە سۆشیال میدیاوە، زۆر ئاسانە لەم فەزایەدا لایکی بکەی، شەیری بکەی یان کۆمێنتی بۆ بنووسیت. بەڵام نووسەرێکی دەیان ساڵە، لێکۆڵەرێکی بە ئەزموون یان ڕۆشنبیرێکی شارەزا، ڕەخنەیەکی زانستی ئایین بکەن، تۆ نەوێری لایکی بکەیت، چ جای ئەوەی کۆمێنتێکی پۆزەتیڤی بۆ بنووسیت، دەیان جنێو و هەڕەشە و تەکفیرت بکەن و بە نامەی تایبەتی چاوترسێن بکرێی. ئەمە جگە لە ناردنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆ کەسە نزیکەکانت. ئاخۆ ئەمە چ نابەرابەرییەکی کووشندەیە تووشی کایەی ڕۆشنبیری و زانیاری کوردی هاتووە؟ ئاخۆ ئەم پڕۆسەی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگا و بارگاویکردنی بە مەزهەب و ئایینی ئەوپەڕگیر چ داهاتوویەکی ڕەش بۆ نەوەی داهاتوو و داهاتووی تەواوی کۆمەڵگا دەخوولقێنێت؟
تۆ تەماشا، تەواوی حزب و ڕەوتە ئاینییەکانی کۆمەڵگای کوردستان ١٠ بۆ ١٢٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردن دەبەن، بەڵام هەمیشە بە دەنگی زاڵیان لە کۆمەڵگادا مەودای ٩٥٪ ئەو فەزایە داگیردەکەن. هەڵبەت ئەمە پاڵپشتە بە هێزی تەکفیرکردن و داگیرکردنی فەزای گشتی و تۆقاندن و فەراهەم نەکردنی بواری یەکسان بۆ بیر و فەلسەفە و لایەنە جیاوازەکان لە گفتوگۆ و ڕەخنەی ئایینیدا. هەر بۆیە ئایینی سیاسی کۆمەڵگایەکی تەواو ساختەمان نیشان دەدات. کۆمەڵایەکی سەرلەقێن بۆ دەنگی هاواری ئایینبازەکان، بەرانبەر بە لایەنگری شەرمنی دەنگی ڕەخنەگری ئایینی. تۆ بێنە بەر چاوی خۆت، هێندەی ژمارەی پەرستگا و بۆدجەی بۆ تەرخانکراویان، ماڵی فەلسەفە و حیکمەت و ڕۆشنبیری هەبووبا! بیربکەرەوە، ئەگەر هێندەی ژمارەی ئایینزا و بانگخواز، ڕۆشنبیر و نووسەر و فەیلەسوف و لێکۆڵەری چاونەترسمان هەبا! بیربکەرەوە کە ئەگەر فەزای ئازادی و ڕێزلێنان و پارێزبەندی بۆ هەموو ئەوانی دیکە، وەکو ئایینزا و بانگخواز، فەراهەم بکرایە، چ جۆرە کۆمەڵگایەکمان دەبینی؟ کۆمەڵگایەک کە پڕ لە تاکی ئازاد و بیرکەرەوە و ڕاستگۆ و یەکڕوو و یەک قسە و یەک هەڵوێست و خاوەن بڕیار. نەک کۆمەڵگایەک کە زۆرینەی ڕەهای تاکەکانی بە «بارك اللە، جزاك اللە، الحمد و السناو» گفتوگۆکانی دەست پێ دەکات و ناشزانێ مانایان چییە! لە کوا نوێژخوێنان ڕیزیان بەست، ڕیزی پێشەوە بگرێ، بە بێ ئەوەی فاتیحاشی لە بەربێ. کۆمەڵگایەک پڕ بووە لە ریکلامی خێرکردن بە هەژار، بە جۆرێک بە دەستی ڕاست خێر ئەکەن و بە دەستی چەپیش وێنەی ئەگرن. بە کورتی، ئایینی سیاسی دونیای ئێمەیان پڕ کردووە لە درۆ و مەرایی و دووڕوویی؛ ئایینێک پێی خۆشە بە دزییەوە قۆڵی کچان ببڕی و خەریکی مێبازی و تەڵەکەبازی بیت، و بەو مەرجەی سەروسیمات نورانی و جلی سەحابەکان بپۆشی و ڕیشی خەنەیی یان ڕەشی قەترانی لێ بەردەیتەوە.
ئەمڕۆ ئایینی سیاسی تەنانەت بووە بە هۆکاری سەرخستنی حزب و سەرکردە لە هەڵبژاردن و خستنی بەهای زانست و لێدان لە شارستانی و تێکشکانی زمان. تەحەدا ئەکەم سەرکردەی هیچ حزبێکی چەپ، سۆسیالیستی، عەلمانی، دیموکراسیخواز، ئازادیخواز و سۆشیاڵ دیموکرات بتوانێ بە ئاشکرا ڕەخنەی جدی لە ئایین بگرێت؟
ئایینی سیاسی وەکو موخورک و مۆرانە خەریکی شێواندنی تەواوی تابلۆ ڕاستەقینەکەی کوردەوارییە و ڕەنگاڵەیی گۆڕیوە بە دسداشەی سپی و حیجاب و نیقابی ڕەشی قەترانی.
ساڵانێکە ئەوەی کە پێی دەڵێن ئیرهابی فیکری، لە لایەن ئایینی سیاسییەوە، هەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی کوردەوارییان شێواندووین. بەچی ڕەوایە سەمایەک لە سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی ببێ بە مادەی تەواوی وتارەکانی ڕۆژی هەینی، کلیپی کچە هونەرمەندێک لە شەقامی سالم دەیان بانگخواز بێنێتە قسە، تابڵۆی سەمایەکی هونەری سەر شانۆ ڕۆژی دوایی بە مینبەرەکان بێنێ، وتاری مامۆستایەکی ڕۆشنفکری و گەورە چیرۆکنووس، هەموو ئاینزا سیاسییەکان بخاتە لەرزە، خۆپیشاندانی پاڵپشتی شۆڕشی لەچکفڕێدانی ڕۆژهەڵات پایەکانی ئایین لەق بکات و دەیان و دەیان حەملەی ناڕەوای ئایینی سیاسی دژ بە هەر بزاوت و جووڵەیەکی کۆمەڵاتی یان هونەری، یاخود سیاسی، پێچەوانە.
ئەوەی لە هەموو ئەمانەش خراپتر و مەترسیدارترە، حەملەکردنە بۆ سەر زمان و کولتور و کەلەبووری کوردییە. ئەو بابەتانەی کە تاکە چەکی بە خۆڕایی مانەوەی کوردبوونمانە لە بەرانبەر ئاگر و ئاسن و جینۆساید و ئەنفال. کەچی، وا لە سەر دەستی ئایینی سیاسی کوردی پڕۆسەی ئەنفالکردنی خودی زمان و کەلەپوری کوردی بەرپابووە.
ئەمڕۆ، جگە لە شێواندنی زمانی ڕۆژانەی خەڵک، خەریکن هەرچ لێدوانێکی ئاسایی لێرە و لەوێ بکەن بە ڕۆژەڤ بۆ ترساندنی لێدوانی داهاتوو و پاشگەزبوونەوە لە هەوڵی دووبارەکردنەوە. چ لۆژیکێکە تۆ تەنانەت نەوێری بڵێی ناوەکەی خۆمم بە دڵ نیە کە ئەبو بەکرە و بریا ناوم شۆڕش یان تێکۆشەر بووایە؟ بە ڕیشی کێ ڕەوایە بڵێی دسداشە ناشرینە و لە کورد نایەت، ببێ بە کوفر و ئیلحاد و هێڵی سوور؟ ئەمەی ئەگووزەرێ جگە لە بەرپاکردنی کەشێکی تۆقێنەری وەهمییە دژ بە دەربڕینی هەرچ بۆچوون و بیروڕایەکی ئازاد، هیچی دیکە نیە. گەر ئەم هێزە تۆقێنەرە لە سنورێکدا نەوەستێنرێ، پریشکی دەگاتە هەمووان و کۆمەڵگاش بەو فیکر و مەزاجە داعشیانە ڕەنگڕێژ ئەکات. دواجار، بەر لە هەرچ کەس، پریشکی ئەو ئاگرە خودی دەسەڵاتی کوردی ئەسووتێنێ کە ئەم بوارەی بۆ ئەم گرووپە فیکر توندڕەوانە ڕەخساندووە.
ئەوەی لێرە بۆ من گرنگە، خودی زمان و کولتوری کوردەواریمانە کە چۆن بتوانین لەو هەڕەشانە ڕزگاریان بکەین، بەو پێیەی وتم کە زمان و کولتور تاکە کەرەستەی بە خۆڕایی مانەوەمانە. دەسەڵاتی جووت حزب ئەمڕۆ هێندە هەلپەرستە، پێویستی بە هەموو دەنگێکی نەشاز و نامۆیە بۆ ڕکابەرێتی هەڵبژاردن. تازە، دەسەڵاتێکی خۆماڵی خەمخۆر و بە هەڵوێست شک نابەم تا بتوانێ هەم لە بەرانبەر دوژمنی چوار دەور بوەستێت و هەمیش خەمێک لە تابوری پێنجی ئایینی سیاسی ناوخۆش بخوات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی