ئاڵای كوردستان‌و بــــــبــــــــك

30/11/2019

سامان وەستا بەكر

ئــــــــاڵای كوردستان ئەو تــــــەڵـــەیەی هەمیشە لە توركیا قاچی هەرێمی تێئەكەوێ.

توركیا و بە تایبەت سیاسیە باڵا دەستەكانی ئاك پارتی وەك حكومەتی ئەو وڵاتە هەر كاتێك گڵوڵەی ئابوری و دارایی وڵاتەكەیان ڕووی لەلێژی بێت ئەوا ڕاستەوخۆ تەڵەی ئاڵای كوردستان بە قاچی سیاسیە ساویلكەكانی هەرێما ئەتقێنەوەو لەو ڕێیەوە هەرچییەكیان بوێ بە حكومەتی هەرێمی ئەكەن.

پێشتر بینیمان لە سەروبەندی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەی نێوان و ئەنكەرەو هەرێم و ئەو كاتانەی كە كورد پشتگیری نێو دەوڵەتی زۆری هەبوو، لەكاتی سەردانی كردنی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانا مەسعود بەرزانی كە ئەو كات سەرۆكی هەرێم بوو بۆ پێشوازی لە فرۆكەخانەو كۆشكی كۆماری و حكومەتی ئەنكەرەیا ئاڵای كوردستان دائەنرا و لەو ڕێیەوە هەرچییەكیان ویستبێ بەدەستیان هێناوە، چونكە وەك ئەوەی باوە لەناو خەڵكا ئەوترێ، سیایەكانی كورد بەو جۆرە شتانە ڕووگیر ئەبن و ئەكەون بە ڕووا، ئیتر ڕوویان نایە داوای مافی كورد بكەن ئەگەرچی سیاسی بێت یان تەنانەت ئابوریش، ئاخر چونكە ڕێز لە شەخسی خۆیان گیراوەو ئیتر ئەوەی پەیوەستە بە كوردەوە لە ڕوویان نایەت پێداگری لەسەر بكەن.

لەكاتی تریشا ئەمان بینی و مێژووەكەی زۆر دوور نیە كاتێ توركیا مەرامە سیاسی و ئابوری و داراییەكانی خۆی لە هەرێم دەستكەوت بوو ، لە كاتی سەردانی كردنی سەرۆكی حكومەت و تەنانەت سەرۆكی هەرێمیش نەك ئاڵای كوردستان بگرە ئاڵای عێراقیشیان لە پێشوازییانا بۆ دانەئەنان وەك ئەوەی بڵێی لەگەڵ یەكێك لەكاربەدەستەكانی خۆیانا كۆبوونەتەوە.

لەكاتی ڕێفرادۆمیشا هەر توركیا بوو كە زۆرترین هەڕەشەی ئەكرد و لای خۆیەوە هەردوو فرۆكەخانەی سلێمانی و هەولێری بایكۆت كردو بۆ كردنەوەی فرۆكەخانەی سلێمانی زۆرترین مەرجی بەسەر دەسەڵاتدارانی سلێمانیا سەپان و بەجۆرێك ئێستا سلێمانی یەكێكە لەو ناوچانەی كە توركیا بە ئاسانی ئەتوانێ كردەوەی تیرۆرستی و جاسوسی و ئیختیالاتی تیابكات، ئەوە هەولیر هەر باس ناكرێ.

ماوەیەكە هامۆشۆو سەردانەكان بۆ بەغای پایتەختی عێراق گەرموگوڕ ئەڕوات و شەقامی كوردانی هەرێمی كوردستانیش بە گەشبینیەوە لێی ئەڕوانن وەك دەروازەیەك بۆ ژیانێكی باشتر بۆ ساڵی داهاتوو بەجۆرێك كە كێشەی كەمی و پاشەوكەوتی مووچە كۆتایی بێت و مووچە لەكاتی خۆیا دابەشكرێ وەك مافێكی سەرەتایی هەر تاكێكی مووچەخۆر.

كێشەی نێوان هەرێم و بەغا لە ڕاستییا كێشە نیە بەڵكو سەرچاوەی كێشەكە  هەنگاوێكی بێ لێكدانەوە و دراسەكراوی كابینەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێم بوو كاتێك بڕیارێكی تاك لایەنەیانا كە چیتر پشت بە عێراق نەبەستن و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوەئەبەن و لە داهاتی فرۆشی نەوت و داهاتە ناخۆی و گومرگیەكانی هەرێم پێویستییەكانی هەرێم دابینئەكەن.

سەرەنجام هەرێم بڕیارە قورسە لێكنەدراو دراسە نەكراوەكەییا و "پشت لە بەغا و ڕوو" لە ئەنكەرە كرد و لەیەكەم هەنگاو بۆ ئابوری سەربەخۆ كەوتە یەكەمین تەڵەی مێژووی خۆیە لەڕێی گرێبەستێكی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ توركیایا كە تا ئێستاش بۆتە قۆرتی هەرە گەورەی هەرێم كە ناتوانێ هیچ هەنگاوێك بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە ترسیی هەڕەشەكانی سوڵتانی نەوت ئەردۆگان.

هەڵبەتە هەر وڵاتێك گەر بۆ ئابورییەكەی پشت بە تاكە سەرچاویەك ببەستێ ئەگەرچی ئەو سەرچاویە نەوتیش بێت ئەوا هەمیشە لە كێشەیا ئەبێت لایەنی كەم بەهۆی بەرزو نزمی نرخی بازاڕاوە كەواتە هەرگیز ئەو ئابورییە سەربەخۆ نابێ بەڵكو ئەكرێ ناوی لێبنرێ بە "ئابوری گرێدراو" چونكە سەربەخۆ پاشگرێكە گەر بەهەر ناوێكەوە بلكێنرێ ئەوا ئەبێ بڕیار تەنها لای تاكە كەسێك یان لایەنێك یان دوڵەتێكا بێت.

بڕیاری ئابورییە سەربەخۆكەی هەرێم هەر زوو بوو بە دەستكەوتێكی مادی ئێجگار گەورە بۆ توركیا و داڕمانێكی گەورەش بۆ ئابوری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و وڵاتی عێراقیش بە گشتی. (داڕمان بۆ ئابوری عێراق لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەهەردوو لایەنی ئیداری و جوگرافیەوە بەشێكە لە عێراق، گرێبەستێكی ٥٠ ساڵەش بەبێ گەڕانەوە و ڕێكەوتن لەگەڵ بەغایا ئەبێتە هۆكارێكی گەورە بۆ تەپانی ئابوری كۆی وڵاتەكە چونكە پێشتر هەم نەوتی بە توركیا ئەفرۆشت بە نرخی بازاڕەكانی جیهان هەم لەو ڕێیەشەوە ئەیتوانی نەوتەكەی ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهانیش بكات بەڵام ئێستا هاوكێشیكە پێچەوانەیە.

كەواتە لێروە دەرەكەوێ ڕكابەرایەتییەكی ناوخۆی لەبەرژەوەندی توركیا و بەپێی داواو خواستی توركیا هۆكارێكی بەرچاوە بۆ ئەو پاشەكشی ئابورییەی لایەنی كەم لە هەرێم بوونی هەیە نەك ڕەوانە نەكردنی بودجە لەلایەن بەغاوە بۆ هەرێم وەك ئەوەی باوە ئەگەرچی بەشێ لە ڕاستیشی تیابێ بەڵام ناكرێ هۆكارە گەورەكەی تەپاندنی ئابوری و دارایی كە توركیایە لەبیر بكرێ كۆی كێشەكە بە نەناردنی بودجەوە لەلایەن بەغاوە پێناسەكرێ.

ئەگەر لایەنی نەتەوایەتی و داگیركاری لێكبدرێتەوە ئەوا هەر چوار وڵات كە كوردستانیان بەسەرا دابەشكراوە هێندەی یەك ناحەزو دوژمنی سەربەخۆیی كوردستانن، وە هەر پشتبەستنێك بەو وڵاتانە لە زەرەر و دۆڕان زیاتر هیچی لێ سەوزنابێ ، بەڵام لە ئێستایا ئەوەی ڕاستەوخۆ كورد كۆمەڵكوژ ئەكا و خاكەكەی زیاتر داگیرەكا ئەوە توركیایە بۆیە ئەكرێ لەسەرەوەی ئەو لیستەیابێ كە دوژمنێكی مێژووی و ڕێگر لە هەر خواستێكی كورد بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی خاكەكەی تەماشاكرێ ئەگەرچی ئێرانیش بەموو لێی لانەیاوە.

بەڵام هەرچی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو لایەنەیە كە ئەبێ هەرێم مامەڵەی لەگەڵا بكات و هەماهەنگی هەبێ لەگەڵیا لە پێناو باری گوزەرانی ژیانی خەڵكی هەرێما تا ئەو كاتەی هەرێم سەر بەو وڵاتەبێ.

جێی سەرنجە حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغا  وەزیرێكی گۆڕان و یەكێكی یەكێتی نارد كە هیچیان خاوەنی بڕیار نین و بۆ هەر پرسێك ئەبێ بگەڕێنەوە بۆ سێ كوچكەی دەسەڵات باوك و برازو كوڕ"بـــبـــك". كە تا ئێستا دانوستانەكان بەردوامەو تەنها ئومێدی گەشبینی لێوە باسەكرێ كە ئەكرێ لەچەن ڕۆژی داهاتووا واژوو لەسەر ڕێكەوتنێك بكرێ كە هەرێم پابەندبێ بە ڕادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەریمیل نەوت بە سۆمای عێراقی و لەبەرامبەریشا عێراق مووچەو شایستەی داراییەكانی هەرێم بنێرێ و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ شوێنی بكرێتەوانێ.

دیسان ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە سەرۆكی حكومەت كە یەكێكە لە "بـــبـــك" و خاوەنی بڕیارو واژۆی كۆتاییە پێش واژۆ كردنی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغا سەردانی توركیای كرد و لەوەش سەمەرەتر دانانی ئاڵای كوردستان بوو لە پشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە دوای ئەو هەموو سوكایەتییەی كە توركیا بە هەرێمی كرد لەدوای ڕێفراندۆم و پاش داگیركردنی عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی و كۆمەڵكوژی كوردی سڤیل و بێ چەك و مناڵ و هەڕەشە كردن لە هێرس كردنە سەر هەرێمی كوردستانیش ئەگەر لە داگیكاریەكەی ڕۆژئاوا سەركەتوو هاتنە دەرەوە ، كەچی لەپڕ بە قودرەتی قادر توركیا ١٨٠ پلە گۆڕاو جارێكیتر ئاڵای كوردستانی لەسەر خاكی خۆی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم دانا! كە بێگومان لەپشتی ئەمەوە مەرام و بەرژەوەندی توركیای لەپشتە.

توركیا ئەیەوێ هەرێمی كوردستان بە مەرجی ئەوان و بەچاودێری و ڕێنمای و خواستی تورك لەگەڵ بەغایا ڕێكەوتن بكات بەجۆرێك توركیا خاوەنی پشكی شێربێ لەو ڕێكەوتنەیا تا دەستكەوتی زیاتر لە ئابورییە داتەپاوەكەی هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی بەدەستبێنێ و بەرژەوەندییە زۆرو زەوەندەكانی لە هەرێم پارێزراوبن.

ئەم سەردانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جگە لەوەی كوردی بە گشتی و كوردی باشوری بەتایبەتی تووشی دڵتەنگی و بێ هیوای كرد لەوەی كە سەرۆكی ئەم كابینەیەش وەك ئەوەی پێش خۆی دیسانەوە ڕادەستی توركیا و سەڵتەنەی سوڵتان ئەردۆگان بوون و  ڕژد لەسەر ئەوەش ئەكاتەوە كە هەرێم خاوەنی هیچ بڕیارێك نیە ئەگەر بڕیارەكە لەبەرژەوەندی حكومەتی توركیایا نەبێ.

توركیا تا ئەم ساتەش لە داگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و تووشی زۆرترین لۆمە و سەرزەنشتی وڵاتانی جیهان و ئازادی خوازانی جیهان بۆتەوە بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەواو نا بەرامبەرە بۆ سەر خەڵكی سڤیل و داگیركارییە فراوانخوازییەی ئەردۆگان.

ئەردۆگان بۆ سپی كردنەوەی ڕووی خۆی و سیاسەتی داگیركاری و فراوانخوازییەی سەردەمی سوڵتانە عوسمانمییەكان زۆر پێویستی بە هەر كوردێك هەیە، جا چ جای ئەو كەسە گەورەترین دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمبێ كە تاكە دەزگای فەرمی كوردی دانپیانراوە لەلایەن زۆرێك وڵاتانی جیهانەوە ئەوەش لەبەر دوو هۆكار:

یەكەم، تا وای پشان بدەن كە ئەوان واتە توركیا دوژمنی كورد و نەتەوەكەی نین بەڵكو ئەوان دوژمنی "پەیەدە و شەڕڤانان" وەك درێژكراوەی باڵێكی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە راستیا ئەمە تەنها بەهانەیەو ئەوان چاویان بە هیچ كیان و بوونێكی كوردا هەڵنایە ئەگەرچی لەوپەڕی دنیاشبێ بە قەولی خۆیا.

دووەم، توركیاو ئەردۆگان پێویستییەكی زۆریان بەم حكومەت و كیانە سیاسیەی ئێستای هەرێم لە باشوری كوردستان هەیە كە ئەوان هەمیشە بە باكوری عێراق ناوی ئەهێنن، بۆئەوەی نەوتەكەی هەرزانكڕ بكەن و داهاتی فرۆشی نەوتەكەش لە بانكەكانی خۆیانا و لەژێر دەستی خۆیانابێ بۆ زەلیل و كردن و پاوان كردنی دەم و دسەتی هەرێم كە ئەگەر لەهەر كاتێكا ئەگەر هەرێم بە تەنانەت ووشەیەكیش سەرزەنشتی توركیا بكات دەست بەسەر ئەو پارانەیا ئەگرن كە لە بانكەكانی توركیان و هەرێم و بەتایبەت بەرپرسە باڵاكانی مایەپووچ ئەكەن.

توركیا و ئەردۆگان پێویستیان بەم كیانەی ئێستای هەرێمی كوردستان هەیە تا ئابوری وڵاتەكەی خۆیانی پی بەهێز بكەن و هەم هەرێم باشترین بازاڕە بۆ ساغكردنەوەی كاڵا بێ پێز و خراپەكانی توركیا كە لە هیچ بازاڕێكی تری دنایایا ساغناكرینەوە بەو  كوالیتیە خراپەی كە ڕەوانەی هەرێمی ئەكەن. هەم توركیا بە مەرجی خۆی نەوتی هەرێم بە كەمتر لەنیوە قیمەتی بۆرسەی جیهانی لە هەرێم ئەكڕێ و ئابوری وڵاتەكەی زۆر پێ بەهێز كردووە كە ئەگەر كە ئەگەر سیاسەتی فرۆشی هەرێم و عێراق یەك و ڕێكخراو بوایە ئەوا هەرگیز توركیا ئەو سوودەی لە دەست نەئەكەوت كە ئێستا ئەیكات.

پرسیار؟
ئــــــایــــــا ناردن و چوونی وەزیرێكی گۆڕان و وەزیرێكی یەكێتی بۆ بەغا كە مافی بڕیاردانیان نیە و ناردن و چوونی سەرۆك وەزیران كە پارتییە بۆ ئەنكەرە كە ماف و خاوەنی بڕیاریشی هەیە هەر لە خۆوە بوو یان هۆكارەكەی ئەوەیە كە بڕیاری ڕیكەوتنی هەرێم و بەغا لە ئەنكەرەوە ئەدرێ و دەرەچێ؟

بـــــبـــــــك/ كورتكراوەی باوك و برازا و كوڕ وەك ئاماژەیەك بۆ دەسەڵاتی كاك مەسعودو نێچیرو مەسرور بارزانی.

سامان وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی