مەلعەبەكەی سلێمانی باشترین شوێنە كۆنگرەی تێدابكرێت

01/12/2019

رێبین عومەر

رۆژ لە دوای رۆژ  وادەی سازكردنی كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی نزیك دەبێتەوە،بەرلەبەستنی كۆنگرە  بەسەدان و هەزاران پاساوی بێبنەما دووراون و لەبەری ئەنجام نەدانی كۆنگرەكراوە.

تائەڤ دەمە زۆرێك لە پرۆسەی تەكنیكی ماوە كە ئەنجام بدرێت، كیسەڵی هەنگاوی بۆ هەڵهێنرا هەر لەبەرئەوەش روونە كۆنگرە لەوادەی خۆی ئەنجام نادرێت.

لە حەقیقەتدا زۆرێك لە بەرپرسەكان كە ئێستا خاوەن بەرژەوەندی قەبەن ترسیان لێهەڵنیشتووە كە ئاخۆ جارێكیتر دەگەنەوە بە تامی ئەو كێكە شیرینە یاخود بەرەو رەفەكان دەچن و ناویان كوێر ئەبێتەوە  .

كۆنگرەی هەرحزبێكی دنیا لە دنیای پێشكەوتووی سەرمایەداری تا هەرێمەكەی خۆمان بۆ ئەوەیە  لە خراپترین باردا حزب بە ئەندازەیەكی كەم یان زۆر، نوێبێتەوە وە دەرفەت بە بیری تازە و خوێنی تازە بدرێت تا هاوبەشی نوێبوونەوە بن ،بەڵام لە دۆخی ئێستای یەكێتیدا شتەكان زۆر جیاوازن،وەك ئەوەی پێش دەستپێكردنی یاریكردنەكە دەرئەنجامی (11-0 ) دەبێت مسۆگەربكرێت. بەو ئەنجامەوە باشتروایە كۆنگرە نەكرێت و چاك نەكرێت بۆ ئەوەی خراپ نەبێت وەك بەهانەچییەكان باسی لێوەدەكەن، كە قۆناغەكە هەستیارەو وادەخوازێت، یاخود هەلومەرجی ناوچەی پڕ ئاڵەنگارییە هەموو ئەمانە ئێستا بوونەتە پاساو بۆ ئەوەی كۆنگرە لەوادەی خۆی سازنەكرێت.

لەم دۆخەدا باشترە یەكێتییەكان هەر ئەوان نا كە "ئێستا چانسی بەشداری كۆنگرەیان هەیە، بەڵكو هەموو ئەوانەی كە خاونداری لەم حزبە دەكەن و لەگشت قۆناغەكان دەرفەتی بەهێزبوونەوەیان پێداوە و بە خوێن و دەنگ لە خراپترین باردا لەگەڵی بوون" حەقە لەژێر ئاسمانی كراوە و دوور لە قاعە داخراوەكان لەناو مەلعەبەكەی سلێمانی كۆنگرەیەكی شەفاف و دوور لەپشكداری ئەنجام بەن و ئاو بە ئاگری بەرژەوەندی ئەو سیاسیانە بكەن كە واهەست ئەكەن تەمەنی نوحیان هەیە و هەزار ساڵ بەم شێوەیە ئەژین و دەبێت بەردەوام لەسەری سەرەوە بن كاتییەتی دوابزما لە تابوتی بەرژەوەندییەتەنگەكان  بدرێت و بەدەستێكی بەهێز و ئەمین ئەم یەكێتییە بخرێتەوە سەر شاڕێگەی راستەقینەی خۆی .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی