دوکەڵەکەی بەغداو کورسی و بتەکانی دەسەڵات

01/12/2019

هەژار سدیق


دوکەڵەکەی ئەمریکا،لە 2003 یەك بتی ئاشکرای ڕوخاندو   و یەك کورسی ئاشکراشی سەراوژێر کرد. بەڵام دوکەڵەکەی ئێستای خەڵکی ناڕازی بەغداو شارەکانی باشور،دەیان بت و کورسی ئاشکراو شاراوە هەپڕون بەهەپڕون دەکا.

دوکەڵەکەی بەغداو شارەکانی باشوری عیراق،تەنیا لەئاسمانی ئەوێ نامێننەوە،کەئێستا بووە به ڕقی خەڵکی ستەملێکراو،بەسەر گروپە گەندەڵەکاندا دەبارێت.

هەرچەندە،هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە،بەڵام باهۆزی نەهێشتنی گەندەڵی،وەکو باهۆزی جیهانگیری وایە، حیساب بۆ هیچ تایبەتمەندیەك ناکا و بێگومان کورسیەکانی ئێرەش دەهەژێنێ.

چونکە ئەم دوکەڵە دوکەڵێکی نێودەوڵەتی و دونیای شەفافیەتە و هەرێمی کوردستانیش،وەکو بەشێك لەعیراق و هاوشێوەی عیراق،گەندەڵی بۆتە کلتور لای زۆربەی دەسەڵاتداران و بەشێکی زۆری خەڵکیش،پێیان وایە،وەرگرتنی پۆستی حیزبی و حکومی،واتا خۆ دەوڵەمەندکردن لەسەر حیسابی گشتی،بەپێچەوانەوە لێپرسراوی دەستپاك حیسابی گێلی بۆ دەکرێ.

ئەم دوکەڵەی ئێستا،هاوشێوەی پرۆسەیەکی دیکەی ئازادیە،بۆ کۆمەڵانی خەڵکی عیراق،بەهەرێمی کوردستانیشەوە،هاوڵاتیان نان و ئازادی نیشتمان دەبەنەوەو گروپە پاوانخوازە گەندەڵەکانیش،تەنیا دوکەڵ و چارەنوسێکی ڕەش.

زۆر بەداخەوە،تا ئێستا هیچ میدیایەکی کوردی پیشەییانەو ڕاستگۆیانە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی باشوری وڵاتی نەکردووە،بۆ ئەوەی خەڵك و دەسەڵاتی هەرێم تێبگەن،کەڕووداو و گۆڕانکاریەکان،جددی و لەهەمان کاتیشدا،مەترسیدارە ئەگەر هەر بەم خەمساردیەوە لە ڕووداوەکان بڕوانین.

ڕەنگە میدیای کوردی ،دوو هۆکاری هەبێ لەنەگواستنەوەی ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەی لەبەغدا ڕوو دەدا،لەگەڵ ئەم هەموو ئازارو مەینەتیانەی خەڵکی بەغداو باشور،کە لەڕێگەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانیانەوە دەریدەبڕن لەبەرامبەر چوار گروپە دەسەڵاتدارەکەی سەدر و عامری و مالیکی و حەکیم،کە 16 ساڵە نەیانهێشتووە خەڵکی عیراق تامی ئەم ئازادیە بکا،کەلەدوای پرۆسەی ئازادیەوە لە2003 بەدەستهاتووە.

هۆکاری یەکەم میدیای کوردی،ناتوانێ یان ناوێرێ ڕوماڵی ئەوێ بکا.

هۆکاری دووەمیش ڕەنگە لەبەخێوکەرەکانیان یان لەسەرووی خۆیانەوە پێیان گوتراوە،خۆیان لەقەرەی ئەم بابەتە نەدەن،نەوەك پەل بهاوێ بۆ هەرێمیش.

ئێستا ڕەوشی سیاسی و ئیداری لەوپەڕی خراپی و شڵەژاندایە،هەموو دەسەڵاتدارانی عیراق بەکوردو شیعەو سوننە سەریان لێ شێواوەو نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن،زۆر باشیش دەزانن ئەگەر داوای میللەتەکەی خۆیان جێبەجێ بکەن،ئەبێ دەستبەرداری سەفای خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان بن.

خەڵك هەمووی خرۆشاوەو ناگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان،هەتا تاڵانکردن و برسیکردنی خەڵك ڕانەگرن.

کەچی ئەوان پەلاماری دەستور دەدەن و دەڵێن هەمواری دەکەینەوە.

خەڵك پێیان دەڵێ واز لەپاشکۆیی و خرمەتکردنی دەزگای هەواڵگری وڵاتانی دەورووبەر بێنن،ئەوانیش بەخەڵکی خۆپیشاندەر دەڵێن بەکرێگیراوی ئیسرائیل و سعودیە.

بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە،دەسەڵاتدارانی ئێستا،پێیان وایە سیاسی و دەوڵەتمەدارن،بەڵام لەزمانی میللەتەکەی خۆیان تێناگەن و چاویشیان چرای ترافیکی نێودەوڵەتی نابینێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی