بەشداریی هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی ئەمساڵدا، ئەو عەقڵییەتە
پۆپۆلیستییەی هێنایەوە ڕۆژەڤ کە ماوەیەکە لە فەزای گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بهشێك
له كهناڵهكانى ميدياشدا ڕهواجى پێ دهدرێت. عەقڵییەتێک کە نەک هەر دڵخۆشبوون
بە دۆڕانی تیمی عێراق و تەمەنناکردنی سەرشۆڕی بۆ یاریزانەکانی بە "واجبێکی
قەومی" دەزانێت، بەڵکو کەوتووەتە وێزەی یاریزانە کوردەکانی تیمەکە کە بە
لێهاتوویی خۆیان لە هەرێمەوە بەرەو عێراق و لەوێشەوە بەرەو بەجیهانیبوون هەڵکشاون
و بوونەتە نموونەی سەرکەوتنی تاکی کورد لە کایەیەکی پڕ کێبڕکێی وەک وەرزشدا؛ کە
دەبێ هەموو شانازییان پێوە بکەین، کەچی ئەم عەقڵییەتە بە جاش و خیانەتکاریان
دەزانێ!! تەنانەت هەر وەرزشدۆستێکی کوردیش بە خائین و خاکفرۆش و دژە کورد دەزانێ
کە هانی سەرکەوتنی تیمی عێراق بدات یان دڵی بەوە خۆش بێت کوردە هاوزمانەکانی لە
یاریگاکانی جیهاندا ناویان بدرەوشێتەوە.
ئەم ئیرهابە فکری و پۆپۆلیزمە کولتورییە نەک هەر وەرزش، دەیەوێت بە
ناوی کوردایەتییەوە کایە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش پڕ بکات لە کینە و
کەراهییەت. دەیەوێت لە هزری گەنجی کورددا، تاکەکانی نەتەوەکانی دەوروبەر وەک دوژمن
و بەرپرسیار لە مەرگەساتەکانی کورد وێنا بکات، کوردایەتیی یەکسان بکات بە ڕق
هەڵگرتن لە تورک و فارس و عەرەب.
ڕۆژانە دەبینین ئەمانە چۆن خەڵک دەکەن بەگژ "مەڵتیکولتوربوونی
پایتەختی کوردستان" و تەنانەت زیادبوونی ژمارەی گەشتیاراندا؛ تانەوتەشەر لەو
شوێنانە دەدەن کە گۆرانییەکی عەرەبی یان تورکی و فارسی لێدەدەن، یان پێڕست و
ڕیکلامەکانیان جیا لە کوردی، بە زمانی دیکەش دەنووسن بۆ ئەوەی میوانەکان تێیبگەن.
لۆمەی ئەو گەنجە کوردانە دەکەن کە هەواداری هونەر و مۆسیقای نەتەوەکانی دەوروبەرن،
وەک ئەوەی ناسنامەی نەتەوەی کورد هێندە لاواز بێت بە گوێدانە گۆرانییەک یان
ڕێگەدان بە ڕیکلامێکی سەر شەقام بە زمانێکی دیکە یان تێکەڵاوبوونێکی فەرهەنگی،
بتوێتەوە. مامەڵەیەکی هێندە نامەسئول لەگەڵ ئاڵا و پیرۆزییەکانی خەڵکی دیکە دەکەن،
بوونەتە سەبەبکاری کاردانەوەی خراپ بەرامبەر ئاڵای کوردستان و پیرۆزییەکانمان.
ئەوەندە بێنەزاکەت مامەڵە لەگەڵ میوانان دەکەن، خەریکە هەموو نەریتە جوانەکانی
جوامێری و میواندۆستیی دێرینی کورد لەکەدار دەبن.
ئەم پۆپۆلیزمە کولتورییە، جا ڕاسپێردراو و دەست لە پشت دراو بێت یان
نا، سەد جار دەمامکی کوردایەتیی پۆشیبێت و موزایەدە بە کوردایەتییەوە بکات، نامۆیە
بە مێژوو و پرەنسیپ و کەلەپوری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. ئەو بزووتنەوەیەی
چەندە دژی ڕژێمە ستەمکارەکان بووە، سەد هێنده دۆستی گەلان بووە. سەرکردەکانی
هەرگیز ڕێگەیان نەداوە خەباتی ڕەوای کورد ببێتە شەڕی پێکهاتەیی و نەتەوەیی دژی
عەرەب و تورک و فارس، یان کوردایەتی لە ناوەڕۆکە ئینسانییەکەی دابماڵرێت و ببێتە
چێنەری تۆوی ڕق و کینە. کوردایەتیی ڕاستەقینە قەت هات و هاوار و دروشمبازی،
گۆشەگیری و بایکۆتی دەوروبەر و ڕقی نەتەوەیی و دۆست بە دوژمن کردن نەبووە.
کوردایەتی لە ڕۆژگاری شۆڕشدا مام هێمن گوتەنی بانگ و پەیامێکی ئینسانی بووە، لە
ئێستاشدا نیشتمانسازی و بونیادنانی دامەزراوەی مۆدێرن، ئابووریی بەهێز، دیپلۆماسیی
واقیعبین و پەروەردەکردنی نەوەیەکی لێبوردەيه کە لە زمانی سەردەم تێبگات. لە
ئەلفوبێی کوردایەتیدا لێبوردەیی و پێکەوەژیان فەزیلەتی لاوازەکان نییە، بەڵکو
حیکمەت و ستراتیژی بەهێزەکانە.
جا ئەم پۆپۆلیزمەی کە مافی داوەتە خۆی شوناسی کوردبوون و کوردنەبوون
بەسەر خەڵکدا دابەش بکات، دووڕوو و ترسنۆکیشە؛ لە کاتێکدا بەو گەنجە یاریزانە بێ
پشت و پەنایانە دەڵێت جاش لەبەر ئەوەی لە تیمی عێراق گەمە دەکەن، کەچی جورئەت
ناکات بچووکترین ڕەخنە لەو سەدان وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسە کوردە بگرێت کە
هاوشێوەی یاریزانەکان، لە تیمی حکومەتی عێراقدا پشکدارن، کە بێگومان هەم ئەوان و
هەم یاریزانەکانمان لە جێی ئاسایی خۆیانن و خێر و سوودی کورد لەوەدایە لەوێ بن و
ئەکتیڤ و کاریگەر بن.
لە ڕاستیدا، عەقڵییەتێک پێی خۆش بێت (ڤایکینگ)ێکی نەرویجی بباتەوە،
بەڵام (مێرخاس دۆسکی)یەکی کورد بدۆڕێت و ناوی ئەمەش بنێت کوردایەتی؛ ئەوە جیا لە
گومڕایی و زیادکردنی بەدبەختییەکی دیکە بۆ سەر خۆخۆری و بەدبەختییەکانی دیکەمان،
هیچی دیکە نییە.
دانیشن بەخێر..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی