یەکێتی، کۆنگرەی بێ گۆچان

09/12/2019

عەزیز ڕەئووف

یەکەم : پارتێک دە ساڵە کۆنگرەی نەکردووە و دەبێت کۆنگرە بکات، ئەسڵەن عەیبەیە کە کۆنگرە نەکرێت، ئەمە بۆ هەموو پارتەکانی تریش ڕاستە کە وردە وردە پێیەکانی بنەماڵە و کوڕانی دووەم و سێیەم دێنە پێشەوە. کۆنگرە کردەیەکی تەکنیکیە و ئەسڵەن دواخستنی بۆخۆی گومانی گەورە دروست دەکا بەوەی کە ئەم پارتانە دەیانەوێت شەڕی مانەوە بکەن وەک ئەوەی کە هەیە نەک شەڕی گۆڕانکاری لە فکر و جیهانبینی و چۆنێتی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا.
دووەم: لەناو یەکێتیدا نەوەی نوێ دورست نەبووە، ئەوەی کە هەیە یان کوڕی بەرپرسەکانن کە وەک خوێنی تازە خۆیان وێنا دەکەن، یان گەنجانێکن وەلائیان بۆ بەرپرسان و بنەماڵەکانیان هەیە. لەناو یەکێتیدا کادرەکان دێن و پیر دەبن، ئەوانەی کە دێنە پێشەوە نەک نەوەی نوێ نین بەڵکو لەئاستی ماندووبوون و بەشداری لە خەباتی چەکداری و تەنانەت تێگەیشتن لە خەڵک و خەمەکانی خەڵک زۆر دەستەپارچەتر و نەشارەزاترن لە نەوەی پێشو. ئەگەر نەوەی پێشوی ئەم پارتە ماندوو بووبێت ئەوا نەوەی نوێی یان کوڕانی بەرپرسانن کە شارەزای کۆڵانەکانی نیشتیمان نین و باوکانیان لەشاخەوە بۆ دەرەوەی ناردوون، یان ئەو گەنجانەن کە لەناو بارەگاکانی ئەم پارتە گەورە بوون و لەپاڵ گەندەڵی و بێفکری و بەتاڵی بەرپرسەکانەوە بە موجامەلە و بێدەنگکردن و ڕەخنەنەگرتن ڕاهاتوون و یەک حەرفیان وەک نەوەی نوێ لێ وەرنەگیراوە. لە ئێستادا لەناو یەکێتی دوو شت هەڵدەکشێ: سامانی بەشێک و تەمەنی بەشێکی تر.
سێیەم: پێش کۆنگرە تەوافقکردن هیچ نیە جگە لە کوشتنی کۆنگرە. خۆی کۆنگرە و کۆنفرانس لە ڕۆژانی کۆتاییدا دەبێت موفاجەئە بخولقێنێت، کۆنگرەیەک کە لە ئێستاوە زانرا کێ سەرۆکە و کێ جێگرە و کێ دەبێتە بەرپرس، ئەوە کۆنگرە نیە و لە دیوەخانێکدا دەتوانرێت چەندین کۆنگرەی وا ئەنجام بدرێت. بۆ کادرێکی یەکێتی زۆر سەختە هەڵپەی چوونە کۆنگرە بکات کە لە ئێستاوە پێی وتراوە کێ سەرۆکە و جێگرەکانی سەرۆکیش کێن.
چوارەم: کۆنگرەکان بۆیە ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەوەی ڕووداوە ئیقلیمی و ناوخۆیی و جیهانیەکان خێران. ناکرێ لە ئێستاوە یەک حەرف لەسەر فکری یەکێتی نەوتراوە بتەوێت لە کۆنگرە مەسەلەفکریەکان ( ئەگەر هەبێت) یەکلایی بکەیتەوە. تا ئێستا یەک حەرف لەسەر فکر لەم پارتەدا نەوتراوە و ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوە نیە فکری تیا جیگیر بکری یان گۆرانی تیا بکرێ، بەڵکو تەنها کۆنگرەیە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و نفوزی کوڕە هەڵتۆقیوەکانی بنەماڵە جیاوازەکان. لە ناوچەکە و جیهانیش سۆسیال دیموکرات شکستی خواردووە و پەیکەری چەندین سەرکردەی گەندەڵی سۆسیال دیموکرات لە ناوچەکە کەوتووە، یەکێتی چی سۆسیال دیموکرات دەکات کە تادێ بەرامبەر پارتی دیموکرات وەک ڕکابەرە مێژووییەکەی و گۆڕان وەک پارتی نێو منداڵدانی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا لە یەکێتی بەهێزتر بوون؟
پینجەم: هەرچۆن بێ ئەم کۆنگرەیە لە کۆنگرەکانی پێشو پڕ ململانێتر دەبێت بەوەی کە لەسەردەمی مام جەلال دا ڕووی نەدەدا. مام جەلال نەیدەهێشت ڕا دورست بێ، مام جەلال ڕووداو یان ململانێ یان کوتلەجیاوازەکانی ئەم پارتەی ئاراستە دەکرد و نهێنیەکانی دەشاردەوە و هەر خۆشی کەسێکی دادەگرت و کەسێکی گەورە دەکرد. بەم دۆخەی دوای مام جەلالە یەکێتی لەسەر عەرزی ڕەقە و ئەم کوڕە لاسارانەی کە گۆچانی مام جەلالیان لەسەر نەماوە و یەکەم کۆنگرەیە بەبێ گۆچان دەکەونە ململانێوە . لە ئێستادا لانی کەم ئەم پارتە دەبێت بەرگەی بێ باوکی بگرێت، یان لەدەرەوەی یەک باوک کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
شەشەم: ئێستا یەکێتی یەک کۆمپانیای گەورەیە و لەناوەوەدا دابەش بووە بە چەندین گروپ و کۆمپانیا و وەلائی بنەماڵەیی و پشکی بازاڕ و گومرگ و نەوت و قاچاخچی شەوانەی ئەم برادەرانەی سەرەوە. بێئاگاییە کادرێکی یەکێتی پێی وابێت لە سەردەمی شاخدا دەژی، ئێستا ئەم پارتە خاڵیبۆتەوە لە فکر و جیهانبینی و ئەوەی تێیدا نیە مەبدەئە. ئاساییە شەڕی مانەوە لەناو بەرژەوەندی و پشک و سەرمایەکانی پارتەکەدا بکەیت و بۆ بچوککردنەوەی ئەوی تر و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆت، بەڵام لەکەس وەرناگیرێ ئەگەر ئەنجامدانی کۆنگرە لە بەرژەوەندی خەڵک و یەکێتـی وەک یەکێتیەکەی جاران وەسف بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی