مانگاكەی موساو پلانەكانی تەندروستی

14/12/2019

سیامەند خەلیل

گەرچی لە نیوەدورگەی عەرەب و دەركەوتنی ئایینی ئیسلامدا بەخێوكردنی مانگا باو نەبووە بەڵام درێژترین سورەتی قورئانی پیرۆز بەناوی مانگاوەیە. چیرۆكی ئەم مانگایە لە پیاوێكی دەوڵەمەندی سەردەمی موسا پەیامبەرەوە سەریهەڵداوە، ئەو پیاوە كە خاوەنی سامانێكی زۆربوە بەڵام هیچ منداڵێكی نەبوە تا بەمیرات سامانەكەی بۆ بەجێ بمێنێت، دواتر برازایەكی دەیكوژێت و بۆ شاردنەوەی تاوانەكەی لە نزیك گوندێكی دیكە تەرمەكەی فڕێدەدات، بەمجۆرە لەنێوان ئەم دوو ناوچەیەدا ناكۆكی بەرپادەبێت، كەسوكاری كوژراوەكە گوایە زۆر عەوداڵی بەرژەوەندی گشتی و دەستنیشانكردنی بكوژەكە دەبن بۆیە پەنا بۆ موسا دەبەن، لەوەڵامیاندا خودا فەرمانیان پێدەكات مانگایەك بكەنە قوربانی بۆ دۆزینەوەی تاوانكارەكە بەڵام ئەوان خۆیان لە گێژی دەدەن و هەرجارە بیانویەك دەهێننەوە كە گوایا نازانن مەبەست كامە مانگایە. لە بەشە هەرە گرنگەكەی كەرتی تەندروستیدا كە بەشی پلاندانە هەمان چیرۆك دەگوزەرێت، هەرچی پلانێك كە مەبەستی سەرەكی دەستنیشانكردنی تەنگوچەڵەمە و بەرنامەرێژی بێت بۆ پێشخستنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان جێبەجێ ناكرێت لە رواڵەتیشدا ئەم بەشە هەمیشە لە گەڕان و پشكنین بەردەوامە. 

تۆماركردنی سەرپێچی و دەستبەسەراگرتنی دەرمانی ئێكسپایەر و خۆراكی بەسەرچوو لە ریزبەندی پێشەوەی هەواڵەكانی كەرتی تەندروستیدان و بەڕێوبەرایەتیە گشتیەكان شانازیان پێوەدەكەن بەڵام مرۆڤ ئەگەر رۆژی دەیان چالاكی لەوانە بەر گوێ بكەوێت هێشتا ناتوانێت تۆسقاڵێك دڵنیابێتەوە كە ئەم دامەزراوانە لە ئاستی ئەوەدان تەندروستی هاوڵاتیان بپارێزن، ئەم حەقیقەتە تاڵە دەرئەنجامی دوو هەڵەی گەورەیە

یەكەمیان: هیچ پلانێكی ستراتیژی و درێژخایەن نیە بۆ كەرتی تەندروستی و بێكارترین بەش لە نێو كەرتی تەندروستیدا بەشی پلاندانە ئەگەرنا دەبو ساڵانە بەرنامەی پێشوەختەی خۆی رابگەیەنێت و پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و رای گشتی بكات وەك ئەوەی لەسەر ئاستی زانستی، خۆپارێزی، هۆشیاری، بنیادنان، ئامێروپێشكەوتنەكان و گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەرنامەی چیە و چی دەكات، ئەگەر ئەو كارەیان بكردایە ئەوكات دەرفەت دەبوو چین و توێژەكان پێشنیار و رەخنەی بنیادنەر پێشكەش بكەن و بێگومان چەندین رێكخراو  و دامەزراوەش هاوكاردەبون لە جێبەجێكردنیدا بەڵام كە ئەم بەشە گرنگە تەمبەڵانە كارەكانی كرد ئەوا پێویست بەوەدەكات هەر نەخۆشخانە و ناوەندێك لە روانگەی خۆیەوە و لەسەر بنەمای توانا كارگێڕیەكانی كارەكانی خۆی بەئیستیقلالیەتەوە ئەنجامبدات، ئەمەش دەكەوێتە سەر هەوڵی شەخسی بۆیە لە مەڵبەندێك تا مەڵبەندێكی تر و لەناوچەیەك تا ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە لە خزمەتگوزاریەكاندا.

دووەمیان: لەبەرئەوەی بەشی پلاندان هیچ بەرنامەیەكی راگەیەنراوی ئەوتۆی نیە كەواتە ناونیشانی بەشی (بەدواداچون)ی بۆ زیاد دەكرێت و جارێكی تر لە بەتاڵیدا ئەم بەشە دەبێتە پۆلیس بەرامبەر سەرجەم ناوەندە بچوك و گەورەكانی تەندروستی خوارخۆی كە زۆرجاریش رەنگە رێگربوبێت لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانكاری و پێشخستنێكی خزمەتگوزاریەكان كە تاك لایەنە لەناو ئەو نەخۆشخانانەدا بەرنامەی بۆ دانرابێت.

پلاندانانی تەندروستی پێویستە جیاوازبێت لە چیرۆكی ئەوانەی كە لە روكەشدا پەرۆشبون بەڵام ئامادەش نەبون مانگایەكی خۆیان بكەنە قوربانی بەرژەوەندی گشتی كە بەردەوام چارەسەرخوازان و ستافە تەندروستیەكان باجی نەمانی متمانەیەك دەدەن كە هیچ لایەكیان تێیدا بەرپرسیارنین و رۆژ لە دوای رۆژ كێشە و تەنگوچەڵەمەكانی نێوان پزیشك و كارمەندان لەگەڵ نەخۆش و كەسوكاریاندا زیاتر دەبێت و لە هەندێك باردا كێشەكان سەری كێشاوە بۆ پەلاماردان و هێرشكردنە سەریەكتری وەك ئەوەی ئەم دوو پێكهاتەیە لە دوو كۆمەڵگەی دژبەیەكەوە هاتبن. 

سادەترین ئەركی بەشی پلاندانان لە تەندروستیدا، لەوێوە دەستپێدەكات كە  ژمارەی ساڵانەی پێشبینیكراو بۆ هەر نەخۆشیەك هەڵبسەنگێنێت و رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابنێت، بۆ نمونە نەخۆشی شەكرە كە چارەسەری نیە ساڵانە ئەگەر سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار بكرێت ئەوا دوای دە ساڵی تر، كۆی دوچاربوانی شەكرە تەنها لە سلێمانیدا دەگاتە شەست هەزار كەس، شێرپەنجە دەگاتە زیاتر لە پەنجا و پێنج هەزار كەس، ئەگەر ئیدارەی كەرتی تەندروستی بەم چەشنەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە ساڵی ٢٠٣٠دا ژمارەی ئەو كەسانەی كە نەخۆشی قورسیان هەیە لە ژمارەی لەشساخەكان زیاتردەبێت.

لە نەبونی پلانی ستراتیژی بەشی پلانداندا، خوێنی هەزاران قوربانی دەكەوێتە ئەستۆی هەموی ئەوانەی پشتگیری لەم بەڕێوبەریەتیەی ئێستای كەرتی تەندروستی دەكەن و لە پێش هەموشیانەوە تاوانباری سەرەكی ئەو كەسانەن كە كەمتەرخەمی دەكەن لە چالاككردنی ئەم رەگەزە گرنگەی تەندروستی و ناكارایی و بێتوانایی لە دانانی پلان و پێشخستن بە ئەنجامدانی نمایشی لێپێچینەوە و بەدواداچون پەردەپۆش دەكەن.

سیامەند خەلیل

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی