شێخ بازیشمان گەرەك

16/12/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

كە هەڵۆو تەواورو پڵنگ و شێرزادو شێركۆمان هەبێت بازیشمان گەرەك ، قسە لە سەر ئەوە نیە شێخ باز كێیەو كێ‌ نیە ، قسە لە سەر ئەوەیە ئێمە سەرمایەداری نیشتمانیمان پێویستە ، سەرمایەدارێك پشت نەكاتە میلەتەكەی و سامانەكەی كە بەشێكە لە سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە نەباتە دەرەوەو وڵاتانی تر ، شێخ باز یان هەر دەوڵەمەندێكی تر لەو ڕوەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت ، من هەموو جار نمونەی عەلی بۆسكانی یان عەلیەكانی دیكەی سلێمانی عەلی ناجی و عەلی عارف ئاغا و هتد دێنمەوە لەوەی كە سەروەتەكەیان لە خزمەتی خەڵكا بووە ، هەمیشە بۆ دەوڵەمەندەكانی هاوڕێشم بە توانجەوە دەڵێم :
با دوو قات نەبێت خانوو سەراكەت 
پارەی قاتێكیان بدە بە  براكەكەت

ئەوە كاتی خۆی مامۆستا قانع وای دەگوت ، كەچی ئەوانەی ئێمە بە قات و دوو قات و ڤێللاو تەلارو گوندی ئەوروپی و ئەوانە واز ناهێنن و كەسیشیان براكەیان بیر نیە ، من هیوادارم شێخ باز كە ناوەكەی لە كاتی كۆمپانیای كارەوە بەرگوێم كەوتوە وانەبێت و سامانەكەی بە سامانی نیشتمان و خەڵكەكەی بزانێت ، هەڵبەت بۆ ئەو جۆرە دەوڵەمەندانەش باشترە نیشتمانی بن نەك حزبی ، یانی نمونەی فاروقی مەلا مستەفا ، ئەحمەد ئیسماعیل و ئەو جۆرە ناوانە بۆ حزبێك خۆی بە خاوەنیان بزانێت ، بۆ نیشتمان خۆی بە خاوەنیان نەزانێت ، وەك چۆن بیڵ گەیتس هی ئەم حزب و ئەو حزب نیە هی نیشتمانە .

من دەزانم كورتتلاین رێگەی دادگەری و یەكسانی ئەوەیە دەوڵمەندەكان بە گژ هەژاریدا بچنەوە ، بەو جۆرەی لە هەركوێ‌ هەژاری هەبوو ئەوان لەوێ‌ بن ، تا ئەو كاتەی هەژاری زۆر كەم دەبێتەوە ، یان نامێنێ‌ ، چیرۆكەكەی مەنفەلوتی بەو جۆرەیە ئەو كە بەڕێوەیە بۆ لای هاوڕێ‌ خانەدانەكەی لە رێگە توشی برسیەك دەبێت كە سكی دەگوشێ‌ بۆ پارویەك ، كە دەچێتە لای هاوڕێكەشی زۆری خواردووەو ئەویش توشی ژانە سك بووە ، باشە وەك ئەو دەڵێت ئەگەر زۆر خۆرەكە یارمەتی برسیەكەی دابا كەس سكی دێشا بێگومان نەخێر ، من قسەكەم بۆ شێخ باز هەر ئەوەیە چۆن دەكرێت رۆڵی هەبێت لە كەمكردنەوەی هەژاریدا لە وڵاتەكە ئەوە بۆمن گرنگە و هیچی تر .

چەند ساڵێك لەمەوبەر شێخ بایزێكمان هەبوو ، وەزیری دارای ، قسە خۆش و شاعیرو خۆش مەشرەب ، ئەو كاتی خۆی لە چەندین رێگەوە هەوڵی دەدا بە گژ هەژاریدا بچێتەوە ، هەر هیچ نەبوایە هەر كەس چووبایەتە لای لە خەمیدا بوو ، شێوازەكە باش بووە یان خەراپ ئەو وابوو ، پیاوێكی سەر ڕاست و خواناسیش بوو ، لە نێوان بازو بایزدا وەك ماتماتیك دەڵێت كۆلكەی هاوبەش زۆرن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی