فراکسیۆنی پارتی دەتوانێت ببێتە پاڵەوانی چاکسازی؟!

12/01/2020

ئیبراهیم عەلی

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسی پەرلەمانییە لەگەڵ ١١ کورسی کۆتاکان دەکات (٥٠+١). بەم پێیە پارتی دەتوانێت هەر یاسایەک مەبەستی بێت تێیبپەرێنێت. بەپێچەوانەوەش هەر یاسایەک مەبەستی بێت دەتوانێت رێگری بکات لەتێپەراندنی. 


چی دەبێت ئەگەر فراکسیۆنی پارتی لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پررژە یاسای چاکسازی، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان بکات؟ پارتی چ پێویستی بەخانەنشین بوونی پەرلەمانتارەکانی هەیە بەموچەیەکی زۆر؟ خۆ ئەگەر یارتی مەبەستی بێت خانەنشینی پەرلەمانتارەکان هەڵوەشێنێتەوە هێز نییە رێگری لێ بکات! خۆ ئەگەر پارتی ئەم کارە بکات دەبێتە پاڵەوانی چاکسازی و کۆتایی بەو هەموو موزایەدەیە دێنێت کە لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە دەکرێت. 


کاتێک پارتی بەتەنها دەتوانێت خانەنشینی پەرلەمانتاران هەڵوەشێنێتەوەو هەڵیشی ناوەشێنێتەوە، کەواتە پارتی بەتەنها بەرپرسە لەمانەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بەموچەیەکی زۆر. 
پێویست بەرەخنە ناکات لەسەرۆکی پەرلەمان یاخود فراکسیۆنەکانی دیکە، پێویستە رووی رەخنەی هەمووان لەپارتی بێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. وەک چۆن هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەبێتە دەستکەوت و سەروەرییەکی گەورە بۆ پارتی، لەهەمان کات نەکردنیشی دەبێتە شەرمەزاری بۆ پارتی. نەک خەڵکی دیکە. هەر کەسێک لەبارەی چاکسازییەوە لەپەرلەمان قسە دەکات تەنیا قسەیە لەپێناو قسە. تکایە بیر لەوە بکەنەوه پارتی (٥٠+١)ی پەرلەمانی بەدەستە.  پەرلەمان واتە پارتی. نوقتە سەری دێڕ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی