نۆبەی حەسەن نەسروڵڵایە!

13/01/2020

لوقمان غەفوور

ئەگەر شەوێكی درەنگ، موشەكێكی فرۆكەی بێ فرۆكەوان، حەسەن نەسروڵلا - بریكاری ئێرانی لە لوبنان، ھەڵگرت و بردی بۆ لای قاسم سولەیمانی. دڵتان دانەخورپێ!

دوا دیداری سولەیمانی و نەسوڵڵا چەند ڕۆژێك پێش كوشتنی سولەیمانی بووە، بەیانی 2 جێنیوەری سولەیمانی لوبنان جێدێڵێت بەرەو سوریا و ئێوارەی 3ی جێنیوەری لەڕێگەی فرۆكەخانەی سوریاوە، قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە.

نیوە شەوی هەینی 3ی جێنیوەرەی سێ مووشەك فرۆكەخانەی بە غدای هەژاند، كە بۆتە هۆی كوژرانی 7 بەرپرسی عیراقی و ئیرانی لەنێو كوژراوەكاندا، قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای قودس-ی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندس جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوو.

لە دواهەمین لێدوانیشیدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: سولەیمانی بە نیاز بووە هێرش بكاتە سەر چوار باڵێۆزخانە!

یەكێك لەو باڵێوزخانانەی ئەمریكا كەئێستا ترسی لەسەرە باڵیۆزخانەی ئەمریكایە لە لوبنان، بۆیە هەفتەی پێشوو پێنتاگۆن بەشێك لە لیوای 173ی پەرەشوتی لە ئیتالیاوە گواستەوە بۆ ناو باڵیۆزخانەی لوبنان.

ئایا داواهەمین بینینی نێوان سولەیمانی و نەسروڵڵا باسی چی كراوە وا ئەمریكییەكان باڵێۆزخانەی ئەمریكا لە لوبنان پڕ دەكەن لە سەرباز؟

هەرچەندە 12ی جێنیوەری حزبوڵڵای لوبنانی ئەوەی رەتكردەوە كە سولەیمانی نیازی هێرشی هەبوو بێت بۆ سەر چوار باڵێۆزخانە بەر لە گەڕانەوەی بۆ بەغدا. بەڵام حەسەن نەسوڵڵا -ی سكرتێری حزبوڵڵا لەیەكەم رۆژەوە باسی تۆڵەی لە ئەمریكییەكان كردوەوە و زەینەب كچی قاسم سولەیمانی-یش داوای لە نەسروڵڵا كردووە كە تۆڵەی باوكی بۆ بكاتەوە. كەواتە حەسەن نەسوڵڵا كێیە؟

حەسەن نەسروڵڵا -٥٩- سكرتێری حزبوڵڵای لوبنانی، كە سێیەم سكرتێری حزبوڵڵای لوبنانییە، لەدوای كوشتنی عەباس موسەوی- دووەم سكرتێری حزبوڵڵای لوبنان-ی لەسەردەستی ئیسرائیل ساڵی 1992.

زۆربەی جار بە سەید حەسەن بانگدەكرێت، ئێستا حزبەكەی لەلیستی تیرۆردا ناسراوە بەبێ ھیچ چەند و چونێك لەلایەن ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتەوە. تەنانەت لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە، بەڵام ڕوسیا ڕەتیكردۆتەوە كە،ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بێت بەڵكو ڕێكخراوێكی كۆمەڵایەتی، سیاسی، شەرعییە. ئەمە لە كاتێكدا كۆماری چین بێلایەنی ھەڵبژاردووە.

ئەو لە خێزانێكی شیعە مەزھەب لە برج حەمود لە بەیروت لەدایكبووە، باوكی میوەو سەوزەی فرۆشتووە، بەڵام سەری كردۆتە خوێندنی لاھوتی.

لەقوتابخانەی سەن ئەلفیل لە بەیروت خوێندویەتی كە زۆربەی خوێندكارەكانی مەسیحی بوون. بەھۆی شەڕی ناوخۆی لوبنان ساڵی 1975 كاتێك ئەم 15 ساڵ دەبێت ئەگەڕێنەوە بۆ ماڵی پاپیرانیان لە (بازوریا). خوێندنی دواناوەندی لە قوتابخانەی سووەر تەواو دەكات و پەیوەندی دەكات بە بزوتنەوەی ھیوا، كە بزوتنەوەیەكی سیاسی شیعی بوو لە لوبنان.

واز دەھێنێت و دەستدەكات بەخوێندن لە پەیمانگای شیعی لە بەعلەبەك لەدۆڵی بەقاع، دواتر پەیوەندی ئەكات بە قوتابخانەی فێربوونی ئەیەتوڵڵا محەمەد باقر ئەلسەدر لە عیراق كە بزوتنەوەی دەعوەی ئیسلامی لە سەرەتای 1960 لە عیراق دایانمەزراند.

دواتر سەرقاڵی خوێندنی باڵای ئیسلامی بوو لە قوتابخانەی ئاینی نەجەف لە عیراق. بەھۆی فشاری بەعسییەكان لەسەر حزبی دەعوە و ھاتنە سەركاری سەدام حسێن، حەسەن نەسروڵڵا ناچاربوو ساڵی1979، نەجەف جێھێڵێت و ڕووەو لوبنان بگەڕێتەوە.

كاتێك گەڕایەوە لە فێرگەی (ھیوا)ی عەباس موسەوی دەستی كرد بە خوێندن. دواتر بوو بە نوێنەری (بزوتنەوەی ھیوا) لە پارێزگای بەقاع و ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لوبنان، ساڵی 1982 حزبوڵڵای لوبنانی خۆی ئاشكرا كرد و شانبەشانی ڕژێمی سوریا و مرابتوون و بزوتنەوەی فەتح و بزوتنەوەی ھیوا و حزبی شیوعی لوبنانی دژی ئیسرائیل كەوتنە شەڕكردن. بەڵام بەھۆی ھێرشی ئیسرائیلەوە حەسەن نەسروڵڵا لوبنان جێدەھێڵێت بەرەو ئێران دەچێت لەوێ قاسم سولەیمانی ئەناسێت و پێكەوە بەشداری شەڕی بەسرە ئەكەن لە شەڕی عیراق - ئیراندا.

ساڵی 1989 گەشتیكرد بۆ قوم- ئێران، بۆ خوێندنی دراساتی بەرزتر و پێیوایە ئیسلام ئەتوانی چارەسەری ھەموو كۆمەڵگە بكات. بەڵام دوای كوشتنی موسەوی ساڵی 1992 بووە سكرتێری حزبوڵڵای لوبنانی. تا ساڵی 1996 لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕو و ململانێ و بوردومانی یەكتردا بوون. ساڵی 1996 دوای 16 ڕۆژ بۆردوومانی خۆرئاوای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە. ناچار ھەردوولا گەیشتنە ڕێكەوتن كە ھێرش نەكەنە سەر یەكتر.

ساڵی 2013 حەسەن نەسروڵڵا شانبەشانی سوپای سوریا، دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا جەنگی. خاوەنی 5 منداڵە، ساڵی 1997 كوڕە گەورەكەی لەكاتی شەڕكردن لەگەڵ ئیسرائیلییەكان كوژرا.

لوقمان غەفوور


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی