کەس لە قسەکەی نەسڕوڵڵا نەگەیشت

13/01/2020

هەژار سدیق


دەبوایە دوای قسەکەی حەسەن نەسڕوڵڵا،سەرکردایەتیە پەرتەوازەو دڕدۆنگەکەی حیزبە کوردیەکانی باشور بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت،هەڵوەستەیەکی عاقڵانەو جددیان بکردبایە،نەك بەم هەموو بەیاننامە بێ زەوق و کرچ و کاڵانە وەڵام بدرێتەوە.

با واز لەسۆزو ئینتیمای پڕوپوچی ئێکسپایەری حیزبایەتی بێنین و پرسیارێك لە بەناو سیاسیەکانی کوردی باشور بکەین،ئایا هۆکار چیە نەسڕوڵڵایەکان،بەبۆنەو بێ بۆنە ئیهانەتان دەکەن،کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئێستا خەڵك و خاکی هەرێم،پۆڕی خوراوی دەمی داعش بوون.

بێگومان هیچ وەڵامێکت دەست ناکەوێ،ڕەنگە نەشزانن،هەموو هێرش و سوکایەتیەکانی نەسڕوڵڵایەکان،لەدرزی ناتەبایی و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی خۆیانە،چونکە حیزبە کوردیەکانی باشور،ئەوەندەی لەخەمی کۆکردنەوەی پارەو سامانی ڕەش و حەرامن،چارەگی ئەوەندە  لەخەمی خەڵك و تەنانەت داهاتووی خۆیان و منداڵەکانی خۆشیان نین،هەموویان مەست و سەرخۆش بوونە بەم سامانە حەرامەی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە کۆیان کردۆتەوە.

بێگومان بەدرێژایی ژیانی سیاسی و چەکداریان پارەی وا زۆریان نەبینیووە،هەندێ جار وا دەزانن خەو دەبینن.

ئەوان هەرچەندە وەکو مێگەلێك لەخەڵکی کوردستان دەڕوانن،بۆیە کەرتەکانی پەروەردەو تەندروستی و پیشەسازی و بازرگانی و تەنانەت ژینگەی هەرێمەکەشیان وێرانکردووە.

بەڵام دەبێ ئەوە بزانن،هێشتا  ئەم خەڵكە مەردو بەشمەینەتەیە لەبەرگریکردن  لەخاکی کوردستان و لەکۆمپانیای حیزب و تەنانەت لەشەڕی ناوخۆشدا دەکوژرێ و ئاوارە دەبێت،هیچ ئاڵتەرناتیڤێك شك نابەن،بۆیە قبوڵی ئەم هەموو سوکایەتی و مەینەتیانەی دەستی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەکەن.

هیوادارم قسەکانی حەسەن نەسڕوڵڵا ببێتە دەستپێکی بەخۆداچوونەوەو خۆئامادەکردن بۆ یەکخستنی ڕیزەکانتان و سازدانەوەی کوردەواری و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ڕوخاندنی قەڵاو دیوارە بەرزو سەختەکانی کە لەنێوان خۆتان و میللەتەکەی خۆتان دروستتان کردووە.

چونکە ئێستا سەردەکەمە گۆڕاوە،ئەڵتەرناتیڤ و کارێزماو دەوڵەتمەدار بەیەك (تویت) دروست دەبێت.

ئیتر پێویست ناکا لەمیللەتەکەی خۆتان بترسن،دڵنیابن میللەتەکەی خۆتان ناتانکوژێت و ماڵەکانیشتان تاڵان ناکەن،بەڵام ئەگەر ئێوە بەردەوام بن لەم ناتەبایی و دڕدۆنگیەی نێوانتان و برسیکردنی خەڵك و تاڵانکردنی سامانی وڵات،دوای هێوربوونەوەی ڕەوشی بەغدا،یەك تویتی سەرۆك تڕامپ بەسە بۆ ئەوەی هەرچی لەساڵی1991 ەوە کۆتان کردۆتەوە،بەیەك سعات هەمووی تاڵان بکرێتەوە.

دەبێ تێبگەن ئەوەی لەساڵی 1991 ەوە،تا ئێستا کوردستانی لەهەڕەشەکان پاراستووەو تا ئێرەی هێناوە ئەمریکایە نەك ئێوە و نەسڕوڵڵایەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی