دوو ساڵ دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی "قۆناغی چارەسەری لەتورکیا"

1 کاتژمێر پێش ئێستا

شنۆ هیرانی

لەقۆناغی وازهێنان لەچەکەوە بۆ قۆناغی چارەسەری سیاسیی
دوساڵ دوای ئەوەی پڕۆسەی ئاشتى، بەهەنگاوە سیاسییەکانی ئۆکتۆبەری 2024 دەستیپێکرد، پرۆسەکە ئێستا لەخاڵێکی جیاواز لەدەستپێکی خۆیەتی، ئەوەی لەسەرەتادا تەنها وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی چەکداریی‌و کێشەی په‌كه‌كه‌ دەبینرا، بەتێپەڕبونی کات، بوەتە پڕۆسەیەکی فراوانتر کە ئامانجه‌ سەرەکییەکەی گواستنەوەی دۆخی ئەمنی بۆ قۆناغێکی سیاسیی‌و یاساییە.

به‌گوێره‌ى بەڵگەو لێدوانە فەرمییەکان، دەستپێکی دیاریکراوی ئەم پڕۆسەیە لەیه‌كی ئۆکتۆبەری 2024 بوو؛ کاتێک لەپەرلەمانی تورکیا گفتوگۆو هەنگاوە سیاسییە نوێیەکان دەستیان پێکرد، دواتر، لە 22ی ئۆکتۆبەر، دوڵەت باخچەلی بەئاشکرا بانگەوازی ئەوەی کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌و وازهێنان لەچەک هەنگاوبنێت.

لەبانگەوازەوە بۆ بڕیار
گرنگترین خاڵی پڕۆسەکە لە27ی شوباتی 2025دا بوو؛ کاتێک پەیامی ئۆجەلان بڵاوکرایەوەو تێیدا بانگەوازی بۆ وازهێنان لەچەک‌و هەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌ کرا، دواتر لە12ی ئایاری 2025، په‌كه‌كه‌ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەو کۆتاییهێنان بەشەڕی چەکداریی خۆی ڕاگەیاند، ئەمە بوە یەکێک لەگرنگترین خاڵەکانی پڕۆسەکە، چونکە پڕۆسەکە لەقۆناغی بانگەوازو گفتوگۆوە چوە قۆناغی جێبەجێکردن.

لە 11ی تەمموزی 2025یش، لەناوچەی جاسەنە لەنزیکی سلێمانی، یەکەم کۆمەڵەیەکی 30 گه‌ریلایى په‌كه‌كه‌ بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانیان سوتاند، ئەو ڕوداوە بەیەکێک لەهێما گرنگەکانی قۆناغی نوێی پڕۆسەکە دادەنرێت، بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە، ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوو دەستپێکردنی چەکدانان، بەواتای تەواوبونی پڕۆسەکە نییە.

دوساڵ دوای دەستپێک؛ کێشەکە لەکوێیە؟
لەساڵی 2026دا، هەرچەندە هەنگاوە سیاسیی‌و یاساییەکان بەرەوپێشچون، بەڵام لەسەر چۆنیەتی تەواوکردنی چەکدانان‌و داهاتوی ئەندامانی په‌كه‌كه‌ هێشتا بابەتی جێی گفتوگۆ ماوەتەوە، لەهەڵسەنگاندنێکی ئاژانسی"Anadoluy" لەئایاری 2026دا، ئاماژە بەوەکراوە، لەهەندێک ناوچە هەنگاو نراوە بۆ چۆڵپێکردن‌و پاککردنەوەی بارەگاکانی په‌كه‌كه‌ هەبوە، بەڵام لەناوچەکانی وەک قەندیل، گارە، مەخمور، شنگال‌و ئاسۆس هێشتا کۆتایی تەواوی چەک‌و دامەزراندنی ڕێکخراوەکە ڕون نەبوە، ئەمە هەڵسەنگاندنی ئەو ئاژانسەیە، نەک بەڵگەیەکی سەربەخۆ بۆ سەلماندنی هەموو وردەکارییەکان، لەبەرامبەر ئەمەدا، لایەنی حکومەت پڕۆسەکە بەشێوەیەکی جیاواز دەبینێت‌و باس لەگەیشتن بەقۆناغی کۆتایی دەکات.

یاساییکردنی پرۆسەکەو چەند خاڵێکی نوێ
لەهاوینی 2026دا، پڕۆسەکە چوە قۆناغی یاسایی، لە6ی ئابی 2026، عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ دامەزراندنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چەکدانان‌و هەڵوەشاندنەوەی كه‌جه‌كه‌و په‌كه‌كه‌ پێشکەشی پەرلەمان کراوە، ئەم هەنگاوە گرنگە، چونکە پڕۆسەکە لە "سیاسیی‌و ئەمنی" دەگوازێتەوە بۆ "پرۆسەی یاسایی"، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەم چوارچێوە یاساییە تا چەند دەتوانێت متمانەی لایەنە کوردییەکان‌و کۆمەڵگەی کوردستانی تورکیا دروستبکات؟

کێشەکە تەنها په‌كه‌كه‌ نییە
یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانی تێگەیشتن لەپڕۆسەکە ئەوەیە کە کۆتاییهێنان بەچەکداریی په‌كه‌كه‌و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەتورکیا هەمان شت نین، لایەنی حکومەت زۆرجار جیاوازییەکەی نێوان «قۆناغی بێ‌ تیرۆر»و «پەرەپێدانی دیموکراسی» دەخاتەڕوو، لەهەڵسەنگاندنێکی فەرمی لەئۆکتۆبەری 2025دا، مەهمەت ئۆچوم ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار، ئەم دوو قۆناغەی بەدوو پرۆسەی جیاواز ناساندوە: یەکەم، قۆناغی گواستنەوە بۆ تورکیای بێ‌ تیرۆر؛ دوەم، قۆناغی پەرەپێدانی دیموکراسی، ئەم جیاوازییە لەڕوی سیاسییەوە گرنگە، چونکە پرسیارێکی بنەڕەتی دروستدەکات:

ئایا دوای کۆتایی چەکداریی، پڕۆسەکە دەچێتە قۆناغی چارەسەرکردنی داواکارییە سیاسیی‌و یاساییە کوردییەکان، یان لەهەمان ئاستی ئەمنی‌و یاسایی دەمێنێتەوە؟، وەڵامی ئەم پرسیارە لەساڵانی داهاتودا دیاریدەکرێت.

سلێمانی‌و هەرێمی کوردستان؛ بەشێک لەهاوکێشەکە
پڕۆسەکە تەنها ناوخۆی تورکیا نییە، چونکە بەشێکی گرنگی مێژوی په‌كه‌كه‌و بونی ئێستای لەعێراق‌و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیدارە، هەر هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بەچەکداری کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەنكەرەو بەغداو هەروەها هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی سلێمانی لەساڵی 2025دا بوە شوێنی یەکێک لەگرنگترین هەنگاوە سیمبولیکەکانی چەکدانانی په‌كه‌كه‌.

لەهەمانکاتدا، پەیوەندییە ئەمنییەکانی تورکیاو عێراقیش بەردەوام لەگۆڕاندان، لە 23ی ئەیلولی 2026، تورکیاو عێراق ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی هێواش‌و قۆناغ بەقۆناغی بنکەی باشیک ـ زێلیکان بۆ دەسەڵاتی عێراق، ئەگەر ئەم هەنگاوە بەپڕۆسەی ئاشتى تورکیاوە پەیوەندیدار بکرێت، ئەوا قۆناغی نوێ تەنها بەناوخۆی تورکیا سنوردار نییە، بەڵکو دەستی بەگۆڕینی هاوکێشەی ئەمنیی ناوچەکەش کردوە.

لە"کۆتایی شەڕ؛ بۆ دروستکردنی متمانە"
لەهەموو پڕۆسەکانی چارەسەری شەڕدا، قۆناغی وازهێنان لەچەک تەنها یەک بەشە، قۆناغی دواتر بریتییە لەدروستکردنی متمانەی نێوان لایەنەکان.

لەپڕۆسەی ئێستای تورکیاش ئەم پرسیارە گرنگە: ئەگەر په‌كه‌كه‌ بەتەواوی چەک دابنێت، ئەوا لایەنی دەوڵەت لەبەرامبەردا چ هەنگاوێکی سیاسیی‌و یاسایی دەدات؟، ئەم پرسیارە بەتایبەتی پەیوەندیی بەدۆخی یاسایی‌و سیاسیی کورد، پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و سیاسییە کوردەکان‌و چۆنیەتی گەشەپێدانی دیموکراسییەوە هەیە.

دوساڵی داهاتوو گرنگترە لەدوساڵی ڕابردوو
لەڕوانگەی سیاسییەوە، دوساڵی یەکەمی پڕۆسەکە زیاتر ساڵی شکاندنی تابۆکان، دروستکردنی دەرفەت‌و گۆڕینی ئەجێندای سیاسیی بوو، بەڵام دوساڵی داهاتوو دەتوانێت قۆناغی جیاواز بێت، قۆناغی تاقیکردنەوەی ئەوەی ئایا ئەو ڕێککەوتن‌و بانگەوازانە دەتوانن ببنە سیاسەت‌و یاسای بەردەوام یان نا؟.
 
سەرکەوتنی پڕۆسەکە تەنها بەژمارەی چەکە ڕادەستکراوەکان یان ژمارەی ئەندامانی په‌كه‌كه‌ کە لەشاخ  دەکشێنەوە ناپێورێت؛ بەڵکو بەوەش پێوانە دەکرێت کە ئایا تورکیا دەتوانێت لەقۆناغی ئاشتیه‌وه‌ بگاتە قۆناغی سیاسیی؛ واتە سیاسەتێک کە تێیدا کێشە کۆمەڵایەتی‌و نەتەوەییەکان بەئامرازە سیاسیی‌و دیموکراتیکەکان چارەسەردەکرێن، لەو ڕوانگەیەوە، دوساڵی داهاتوو تەنها بەشی دوەمی پڕۆسەیەک نین؛ بەڵکو تاقیکردنەوەی ئەوەشن کە ئایا "پڕۆسیسی قۆناغی چارەسەری" دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لەپەیوەندیی نێوان دەوڵەت‌و کۆمەڵگەی کوردی، یان نا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی