ئەمریكاو هەرێمی كوردستان، بەبێ‌ ترس

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەبەز گۆران

لەگەڵ جێهێشتنی سوپای ئەمریكا، لە هەرێمی باشووری كوردستان، دیدگایەكی سیاسیی دروستبووە، كە خەڵك دەترسێنێت. بۆئەوەی بزانین دوای ئەو ئاڵوگۆڕە سوپاییە، پێویست بەوە دەكات بترسین، یان جۆرێكی تر ڕووانین دروست دەبێت بۆ هەرێم؟ بەر لە هەموو شتێك دەبێت تێگەیشتمان بۆ پەیوەندی نێوان كورد و ئەمریكا هەبێت. كاتێك بە مێژووی ئەو پەیوەندییەدا دەچینەوە دەزانین، لە هیچ كات و هیچ شوێنێكدا سەربازێكی ئەمریكی لە پێناو كورددا فیشەكێكی نە تەقاندوە، لە هەرشوێنێكیش ئەمریكا و سوپاكەی شەڕێكیان كردبێت، بۆ بەرژەوەندی خۆیان كردویانە، نەك بۆ كورد. هەمیشە پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندی سیاسیی بووە، نەك سەربازی. كورد پێویستی بەوەیە ئەمریكا لە ڕووی گوتاری سیاسییەوە پشتگیری بكات، نەك لە ڕووی سەربازییەوە. لە چەندین وێستگەی جیاوازدا ئەمریكا ئەم كارەی بۆ كورد كردووە و لە چەندین وێستگەشدا بە تەنیا جێی هێشتووە، واتە: ئەمریكا هێزێكە لە پێناو بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی سیاسیی و سەربازی دەكات، بۆیە جێهشتنەكەی چیرۆكێكی ترس ئامێز نییە. بەڵكو گۆڕینی ستراتیژییەتی بۆ هەرێم و عێراق و چەندین ناوچەی دیكە.

ترسی ئەو دیدە سیاسییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئایا ئەمریكا چیرۆكی دروستكردنەوەی هێزێكی توندڕەو لەناوچەكە دەست پێدەكاتەوە؟ ترسەكە كەمێك كەتواری تێدایە، بەڵام ئەمریكای سەردەمی ئێستا ڕەنگە پێویستی بەوە نەبێت، چونكە لە مانگەكانی داهاتوودا كۆمەڵێك گرێبەستی لەگەڵ عێراقدا كردووە، كە گرێبەستەكانی سەروی شەست ملیار دۆلارە، واتە: بۆچی ئەو بڕەپارەیە بخاتە ناو مەترسییەوە؟ یان بە واتایەكی تر، ئەمریكا لە ڕووی سیاسییەوە لە هەرێم و لە عێراق دەمێنێتەوە، پاشان لە ڕێگەی كۆمپانیاكانییەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەم دوو هێڵەی هەبێت، ئیتر چ پێویستی بەوەیە سوپاكەی بخاتە ناو مەترسییەوە؟ كاتێك تەماشای عێراقی ئێستا دەكەین، شیعەكان كارەكتەرێكیان كردووەتە سیمای حكومەتەكە، هەم شیعەیە، هەم ئەمریكییە و بەرژوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزێت، كەوایە: سوپا لەم دۆخەدا ئەركی نامێنێت، ئەمریكا بە سیمایەكی ترەوە لە عێراق و هەرێمدا پێگەی خۆی داكوتیوە(شەڕی ئێران و ئەمریكاش دروست ببێتەوە، بێگومان هەرێم فشاری كەمتری لەسەر دەبێت، چونكە سوپاكەی ئەمریكا چۆڵی كرد. ترسی دراوسێكانيش بە بوونی سوپای ئەمریكا چارەنەبووە، دراوسێكان بەچەندین جۆر لەناو هەرێمن و كاری خۆیان دەكەن و سوپا نەیتوانیوە دەریان بكات.)

دوای ئەم ئاڵوگۆڕە دەبێت سیاسییەكانی باشووری كوردستان لە خۆیان بپرسن. كێشەی ئێمە لەگەڵ مانەوەی سوپای ئەمریكایە یان لە گەڵ ناوەندی عێراق. ئێمە لەدوای ڕوخانی فاشیزمی بەعسەوە چووینەتە ناو كۆمارەكەوە، پێگەی سیاسیی و ئابووریمان هەیە، لە سەرۆك كۆمارەوە تا بەڕێوەبەری وەزارەتەكان شوێنمان هەیە. موچەی فەرمانبەرەكانمان لە عێراقەوە دێت، نەوتەكەمان(جگە لە قاچاخ) لە ژێر كۆنترۆڵی عێراقدایە، لە داهاتووشدا هێزەكانی پێشمەرگە دەخرێنە ناو مەنزومەی سوپای عێراقەوە، سنوورەكان چاویان لەسەرە بخرێنە ناو سیستەمی ناوەندەوە، بەشێك لە پاڵاوگە و بەنداوەكان خراونەتە سەرناوەند. بەشێك لە داهاتی ناوخۆ دەچێتەوە ناوەند، ناوچە جیاكراوەكانی هەرێم كێشەكانیان زیاتر بووە و بەردەوامیش دەبێت. ئەمانەو چەندین پرسی تر، كێشەی ئێمەی باشووری كوردستان گرێدەدات بە عێراقەوە، نەك مانەوەی سوپای ئەمریكاوە. ئیتر بۆچی بترسین كە سوپای ئەمریكا جێمان دەهڵێیت؟ بۆچی لەبری ئەوە سەرلەنوێ‌ بیر لەوە نەكەینەوە، وەك تیم(كە ڕوونادات) لە ناوەند سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكان نەبین؟ بۆچی پشت ببەستین بە چەند مارێنزێك؟ كەی هێرشێكی ڕاستەقینە بۆ سەر هەرێم هەبووە، چ لە ئێرانییەكان، یان لە توركەكان، مارێنزەكان بەرگریان كردووە؟ سوپای توركیا لە باشوورە، ئێران بە چەندین فۆڕم لە باشوورە، عەرەب بەچەندین فۆڕم لە باشوورە، سوپاسی ئەمریكا كە لێرەبوو چیكرد؟   

گوتاری سیاسیی ئەمریكا لەم سەردەمەدا ڕوونە، ناوەندی بەهێزی دەوێت. بەدوای ئابووریدا دەگەڕێت. هەموو كوردێك لەم گوتارە تێدەگات. بەڵام سیاسییەكانی ئێمە نایانەوێت بە وردی ناوماڵەكە چاك بكەن، هەوڵدەدەن گوتاری ترس بەرهەم بهێنن، بۆئەوەی كێشەكانی ناوەوە فڕێدەنە دەرەوە. هیچ گەلێكی خاوەن ئایدیا خۆی بە داگیركەردا هەڵناواسێت، چونكە داگیركەر لە هەر فۆڕمێكدا بێت بەرژەوەندییەكانی خۆی بۆ گرنگترە تا چارەنووسی گەلەكان. مادام ئێمە چووینە ناو كۆماری عێراقەوە، كەواتە كێشەكانی ئێمە لەناو كۆمارە نەك لە ئەمریكا. ئەشێت ئەمریكا لە ڕووی سیاسییەوە وەك هاوپەیمان بمێنێتەوە، بەڵام بۆ هەمیشە نابێتە قەڵغانمان، ئەوەی پێویستە لە سیاسییەكانمانی بپرسین:چیدەكەن لەگەڵ ناوەنددا، چیدەكەن بۆ ناوخۆی هەرێم. 

ئەوەی بۆ هەرێم زۆر جێگەی ترسە، ناوماڵەكەی خۆیەتی. ڕاستییەكەی هەرێم لە ڕووی ئاكاری بەڕێوەبردنەوە داڕزیووە. گەندەڵی، شكاندنی كەسایەتی مرۆڤی كورد، كێڵگەی نۆكەر بۆ بێبەهاكردنی بەهاكانی كورد، جیاوازی چینایەتی، ناكۆی حیزبی، سنووری جوگرافی حیزبی، شێواندنی دونیای كورد بە میدیای ئاڕاستەكراو، زۆری بێكاری، نەبوونی پڕۆژەی بوودجە، هەڵوسینی پەڕلەمان و هتد. ئەمانە ترسن، ئەمانە كێشە بنەڕەتییەكانی ئێمەن. كاتێك ئێمە دیوە لاواز و پڕخەوشەكەی خۆمان نابینین و ماڵێكی پەرتەوازەمان هەیە، بۆچی چاوەڕێ بین ئەویتری سوپای بێگانە لەگەڵماندا بێت؟ ئێمە گەلێكین چەندین شكستمان بینیوە، بەڵام هەرگیز چاوەڕان نەبووین سیستەمە سیاسییەكەی خۆمان تا ئەو ئاستە وێرانمان بكات، كە گەنجێك ئینتیمای بۆ خاكەكەی و ناسنامەكەی نەمێنێت. 

كاتێك تەماشای ڕۆژئاوای كوردستان دەكەین، دەزانین لە ڕووی سەربازییەوە شكستیان هێنا، بەڵام لە ڕووی ئاكاری بەڕێوەبردن و كەسایەتییەوە ماون. دەتوانن لە داهاتوودا بەو ئاكارە بەرزەی بەڕێوەبردن بچنە قۆناغێكی ترەوە، كە چارەنووسی گەلی كورد لەو پارچەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت. ئەمما ئێمەی باشووری گەلێكی پاكمان هەیە، كەچی سیستەمە سیاسییەكەمان دەیەوێت فێری كاری بەدی بكات، دەیەوێت گەندەڵی تا ئاستی خوارەوە ببات و كەسایەتییەكانی داڕزێنێت. ئەگەر سیستەمە سیاسییەكەمان دەستكاری ئاكاری خۆی بكات، هیچ ترسێك لەسەر ئێمە نییە. بۆیە سوپای ئەمریكا ڕۆیشتووە، ئاساییە با بڕوات. بەڵام ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە چیدەكەین؟ لە ڕووی ئابوورییەوە چیدەكەین؟ لە ڕووی جوگرافییەوە پڕۆژەمان چییە؟ لە ڕووی چارەسەركردنی خەوشەكانی خۆمانەوە چۆن دەست پێبكەین؟ ئەمانە پرسیاری ئێمەن، نەك مانەوە و ڕۆیشتنی سوپای ئەمریكا. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی