دیاردەی قەرەباڵغی و دروستبوونی ڕیزە درێژەکانی ئۆتۆمبیل لەبەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی بەنزین، تەنها قەیرانێکی ئابوريی یان کێشەیەکی کاتیی خزمەتگوزاريی نییە؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی ڕونی بێڕێزیکردنە بەکەرامەتی هاوڵاتیان.
کاتێک هاوڵاتی بەچەندین سەعات لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لەگەرما یان سەرمادا دەوەستێت تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت لیترێک بەنزین بە750 هەزار وەربگرێ، حکومەت بەم سیاسەتە ناڕون و پشتگوێخستنەی، بەنادروستی مامەڵە لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا دەکات و لێکەوتەکانی زۆرن لەوانە؛ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە لەکاتێکدا هاوڵاتی لەڕیزەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ دەوەستنو کات بەو شێوەیە بەسەردەبەن.
هەروەها بێتوانایی حکومەتە لەدابینکردنو دابەشکردنی دادپەروەرانەی سوتەمەنی کە نیشانەی شکستە لەبەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، جگەلەوەی حکومەت لەجیاتی دابینکردنی ئاسایشو ئارامی بۆ خەڵک، ژیانو کاتی ڕۆژانەی کردوە بەزنجیرەیەک لەقەیرانی بەدواییەکداو لەهەموی مەترسیدارترو سەرسوڕهێنەرتر ملکەچیو بێدەنگیو خۆگرتنی بێوێنەی هاوڵاتیانە بەرامبەر بەم ستەمە ئاشکرایە هەڵوێستەکانیان تەنها بۆڵە بۆڵکردنێکە لەئاستی تاکو گروپی جیاجیادا کە هەندێ دەستەواژە بەدەم خۆیانەوە دەڵێنەوە: وەک «حکومەت چۆن وائەبێت، ئەمە کەی ژیانە، نابێ ڕیزی ژنانو پیاوان جیابکرێتەوە، ئەی ناوترێت یەکسانین!؟».
ئەمانەو چەندین هەڵچونی دەرونی تر تەنها لەقسەکردندا ماوەتەوەو نەبۆتە کردارو فشاری گۆڕانکاریی، ئەگەرچی باسیش لەچەندین هۆکار دەکەن لەوانە؛ نائومێدییەکی قووڵ لەدەسەڵاتو بڕوابون بەوەی ناڕەزایەتییەکان گۆڕانکاری دروستناکەن، ماندووبونی دەرونی هاوڵاتی بەهۆی قەیرانە یەکلەدوای یەکەکانەوە (وەک بڕینی موچە، گرانیو نەبونی خزمەتگوزاریی)، وێڕای ئەوەی قەیرانی بەنزینو ڕیزەکان پێویستی بەچارەسەری ڕیشەیی هەیە، پێشئەوەی ببێتە هۆی تەنها دۆخێکی ئاسایی کە تێیدا هاوڵاتی مافی ئاسایی خۆی وەک خێڕێک لەلایەن حکومەتەوە سەیر بکات.
دەرچون لەم دۆخانە، بە هۆشیاری تاکەکان دەستپێئەکات ، بەوەی بزانن ئەوەی دەرهەقیان ئەکرێ پێشێلی مافە سەرەتاییەکانەو پاشان هەڵوێستی کرداری بەیەکگرتوییو دەستەجەمعی بۆ ڕەتکردنەوەی ستەمو قبوڵنەکردنی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی