گۆڕان و شەش مانگ تەمەنی كابینەی نۆ.

14/01/2020

هۆشیار عەبدوڵڵا

((كێشەی زۆربەمان ئەوەیە كە حەزمان لە پیاهەڵدانە نەك رەخنە،جا ئەگەر پیاهەڵدانەكە ببێتە هۆی لەناوبردنمان و رەخنەكەش ببێتە هۆی رزگاریمان... نورمان فینسنت بیل))

هەردوجار،ساڵی(۲٠۱۳ و ۲٠۱۸)دژی ئەوەبوم بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا بكا،چونكە دەمزانی ئۆپۆزسێۆن بەبێ گۆڕان لاواز دەبێ وەك دەیبینین،جیا لەوە گۆڕان دەیتوانی ئۆپۆزسیۆن بێ و فشارێكی جدی بێت لەسەر دەسەڵات،بەڵام مەرج نیە لە حكومەتدا بتوانێ یا رێگەبدەرێ هیچ بگۆرێ،مەگەر خۆی!‬

‫لە ۲٠٠۹ ەوە خەڵك چاوی لەوەبوو گۆڕان فشار بێ لەسەر یەكێتی و پارتی،گۆڕان ئەو ئەركەی لەنێوان ۲٠٠۹ بۆ ۲٠۱۳ باش ئەنجامدا بۆیە جارێكی تر خەلك ۲٤ كورسی و دەنگی زیاتریان پێدایەوە،بەڵام كاتێك ویستی بە تەنیشت ئەو دو هێزەوە بێت كە حزب نین(دۆڕان و بردنەوە)قبوڵ بكەن بەڵكو دەسەڵاتێكی سەپاون،پشتیوانی خەلكێكی زۆری لەدەستدا.‬

‫خەڵك دەیەوێ هێزێك هەبێت داكۆكی لێبكا،فشاربێ لەسەر ئەو هێزانەی كە سڵناكەنەوە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات،خەڵك دەیەوێ هێزێكی جیاواز هەبێت كاك نەوشیروانیش گۆڕانی بەو جیاوازیەوە دروستكرد،ئێستا جیاوازیەكانی گۆڕان و ئەوان بەرەونەمان دەچن،ئەوەش گەورەترین مەترسیە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان.

‫نەوشیروان مستەفا هێندە مەبەستی بو كە جیاوازبێ لە (ینك و پدك)وتاری (ئێمەوئەوان)ی بۆ تۆخكردنەوەی ئەو جیاوازیە فكریانە نوسی،لە ڕوی شكلیشەوە دژی زۆر مەراسیم و رێورەسم بو كە هێزەكانی تر دەیانكرد،دوای وەفاتی ئەو وەك ئەوەی دۆخەكە گەڕابێتەوە پێش ۲٠٠۹،جیاوازیەكان گۆڕان بۆ لەیەكچون.

‫وا شەش مانگ بەسەر بەشداریكردنی گۆڕان لەم كابینە نوێیەدا تێدەپەرێت،حەقی هەمو گۆڕانخوازێكە بپرسێت رای گۆڕان تا ئێرە لە رێكەوتنەكەیان،گۆڕانكاریەكان،چاكسازیەكان چیە؟گۆڕان لانیكەم دەبێ بە دەنگدەرەكانی بڵێ رازیە لەو حكومەتەی كە هێشتا بەشێكی پۆستەكانی پێنەدراوە یا لانیكەم رەخنەكانی ڕاشكاوانە دەخاتە بەردەم رایگشتی!‬

‫رێكەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پاشەكشەی پارتی لە زۆر بەڵێن كە سەرەتا بە گۆڕانیان دابو بەرپرسیارێتی مێژویی وەفدی دانوستانكار گران دەكا چونكە بەشێك لە پاشەكشەی گۆڕان و لاوازبونی بۆ ئەو رێكەوتنە دەگەرێتەوە،كە ئەوان واژۆیانكردوە و ئاڵاهەڵگریبون.

‫هەمو لێدوان و قسەكانی ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری گۆڕان(كە بەشێكیان پۆستیشیان وەرگرتوە)لە سەرەتای دانوستانەكاندا ماوە،بەتایبەت پەیوەست بەوەی گۆڕان شەش مانگی وەك دەرفەت بۆ ئەنجامدان یا سەرپێخستنی چاكسازی داناوە،وا شەش مانگەكە تێپەری،ئایا قسە و سەرنج و رونكردنەوەی ئەو بەرێزانە چیە؟!ئەم كابینەیە چی لەوانەی پێش خۆی جیایە بەتایبەت لەپەیوەست بە شەفافیەتی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان.

‫ئێمە ئەوسا وتمان دژی بەشدارین و پێمان هەڵەیەكی گەورەیە بەڵام رێزی بریاری بزوتنەوەكە دەگرین،ئێستا كاتیەتی ئەوانەی عەرابی ئەو رێكەوتنەبون بە ویژدان جواب بدەنەوە ئایا ئەو پۆستانەی ئێستا وەریانگرتوە ئەوانەن كە لە كۆبونەوەی جڤات یەكەمجار باسیانكرد؟یا زۆر جیاواز و كەمترن ؟! هەمو ئەو بەڵینانەی كە پارتی لە مەلەفی چاكسازی نەوت و داهاتی ناوخۆ و موچە و پێشمەرگە و پرسەكانی تر بە گۆڕانیداوە چیی لێ جێبەجێكراوە وەك خۆی؟!‬

لەو رێكەوتنەدا هەر لە سەرەتاوە،پارتی لە دەستەی وەبەرهینان و زیادكرنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم و جۆری وەزارەتەكان و بەشێك لەو وەزارەتانەی وەكیلی وەزیر بۆ گۆڕان دەبێت پەشیمانبۆوە،هەموانیش ئەزانن كە بریار بو سەرۆكی حكومەت یەك یاریدەدەری هەبێت بۆ چاكسازی دەسەڵاتەكانی بە یاسا رێبكخرێ بەڵام سەرۆكی حكومەت بێ ئەوەی یاسا رێگەی پێبدا چەندین یاریدەدەری بۆخۆی دانا و حكومەتێكی لەناو حكومەتدا بۆخۆی دروستكرد و پشكەكەی گۆڕانیش بو بە ئاردی ناو دڕكە زی.

گۆڕان چارەی تری نیە جگە لەوەی بەروی دەرەوەیدا گوتارە رەخنەییەكەی زیندوبكاتەوە و ڕو لە خەڵك و پشت لە دەسەڵات بێ،ئەوەی كە لە حكومەت بەشدارە مانای ئەوە نیە خۆی بكاتە بەشێك لەو هەمو بەدكاری و گەندەلێی و پیسخۆرەیەی كە هەیە،بە روی ناوەوەدا دەرچون لە دۆخی ناشەرعیبونی دامەزراوەكانی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەخوارەوە بۆ سەری سەرەوە ئێجگار پێویستە و چیتر نابێ دوابخرێ یا خۆدزینەوەی لێبكرێ!

ئەوانەی هێشتا شانیان لەژێر ئەمانەتی گۆڕان وەك هیوایەكی گرنگ نەهێناوەتەدەر و هێشتا لێی بێئومێد نەبون دەبێ بزانن ئەركیان بێدەنگی نیە لە دۆخی ئێستای گۆڕان بەڵكو ئەركیان هاواركردنە بۆ بەهێزكردنەوەی ئەو بزوتنەوەیەی مۆمی ئومێدی سەردەمێكی گرنگی كۆمەلگەی ئێمەیە و ناكرێ هەر وا لێگەرێین خامۆشبێ.‬

‫لەم هاوارەدا دەبێ خەم گوتارە رەخنەییەكەی گۆڕان بێ،ساڵی ۲٠۱۳ كاتێك بە كۆمەلێك پلان و پیلان قەناعەت بە نەوشیروان مستەفا كرا بەشداری حكومەت بكا،هێشتا لە میدیا كارم دەكرد،بە رونی پێی گوتین كە لە هیچ حاڵەتێكدا دەستبەرداری رەخنە نابین و قسەی خۆمان دەكەین،هەتا لە ژیانیشدا بو وایكرد.‬

‫بێوەفاییە بەرامبەر متمانە و پشتیوانی ئەو هەمو خەڵكەی قوربانیدا لە پێناوی گۆڕاندا ئێستا بێزاری و تورەییان لە گۆڕان نادیدەبگیرێ،گۆڕان لە بزوتنەوەیەكی كۆمەلایەتی فراوانەوە بەرەو ئاراستەیەكی كۆنەپارێزی نەریتی دەروا،خەڵك نارازیە و لەوەشدا بە جیاوازی رێژەی بەرپرسیارێتی هەمومان بەرپرسیارین و دەبێ هەردو پرەنسیپی پاداشت و سزا لە گۆڕاندا جێكەوت بكرێ تا هەڵەكان دیاربن بزانرێ خەڵك لەچی نارازیە؟!

‫گۆڕان بەو جۆرەی ئێستا و بێ گۆڕانكاری ریشەیی و نوێبونەوە لە هەمو ئاستەكانیدا بەتایبەتی لە روی فكریەوە،ناتوانێ بەردەوامبێت.‬

‫هەڵبەتە حزب یا رێكخراوی سیاسیی،سروشتی مرۆڤی هەیە هەمیشە تەندروست و بەهێز نیە،گۆڕان لەسەردەمانێكدا هێزی رچەشكێن و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستان بو،ئێستا بە زیاد لە هۆكاڕێك تەندروست و ساغ نیە،پسان و جێهیشتن و پشتێكردن هەرچەندی پاساوەكانی رەوا بن چارەسەر نیە و نەفەس درێژی زیاتری دەوێ بەتایبەت بۆ ئەوانەی بەهۆی گۆرانەوە دەرفەت و پۆست و پایەی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتوە،دەبێ لە هەمو ئەو باهۆزانە بەهێزتربن كە لەناوەوە و دەرەوە روەو گۆڕان دێت.

هەلبەتە لە نەخۆشكەوتنی نەوشیروان مستەفاوە دەیان پیلان و موئامەرە دژی گۆڕان لە زیاد لە ئاستێك لە لایەن زیاد لە گروپێكەوە دژی گۆڕان هەیە،بەڵام حزبێك لەناوخۆیدا بەهێز بێت و خۆی هەڵەی ستراتیژی نەكا بە دژایەتی دەرەكی بەهێز دەبێت نەك لاواز.

ئەركی هەڵگرانی فكری گۆڕانكاری(رازی و نارازی،ئەوانەی دور و ئەوانەی نزیكن،ئەوانەی دەرپەرێندراون یا رەنجێنراون و هێشتا هیوایەكیان بە گۆڕان ماوە)ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان بگەرێننەوە سەر دۆخەكەی جارانی،رەخنە و دەنگهەڵبڕینیش دەبێتە هەولێك بەو ئاراستەیەدا،چونكە وەك گوتراوە بێدەنگی مانای رازی بونە،رازیبونیش بە ترازانی زیاتری گۆڕان لەباربردنی دەرفەتێكە كە جارێكی تر ئاسان لە هەرێم سەرپێ ناكەوێتەوە.

دواقسە ئەوەیە پێویستە گۆڕان لەهەمو ئاستەكاندا سنگ فراوان بێت بۆ رەخنە،واز لەم بەشەیتانیكردنە بێنێت،كەسێك مادام تا ئەمڕۆ لە گۆڕاندایە فریشتەیە سبەی وازی لەگۆڕان هێنا بكرێتە شەیتان،ئەو حوكمە بۆ خەڵك ڵێگەرێن ئەوان دەزانن كێ وەفادارە و كێ بێوەفایە،دەبێ وەك نەوشیروان مستەفا جگە لە خواستنی ئومێدی ئەوەی خەونی گۆڕانكاری ون نەكەن هیچ قسەیەكتان دژیان نەبێت.

هەركەس و حزب و لایەنێك رەخنەی قبوڵ نەبێت سەرناكەوێت،قسەیەكی جوبران خلیل جوبران هەیە دەڵێ:(رەخنە وەك خۆشەویستیە مەیبەخشە بە كەسێك كە شایستەی نیە)،عادەتەن كەسێك شتێك جێگەی بایەخی نەبێ رەخنەی لێناگرێ،بۆیە ئەوانەی رەخنە دەگرن یا دۆخی ئێستای حزبەكەیان قبوڵ نیە،دەبێ وا حساب بكرێ خۆشەویستی و بایەخیان دەبەخشنە گۆڕان،دەبێ جێگەی رێزبن،نەك ڕق و نەفرەت و تۆمەت.

هۆشیار عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی