لە بۆشایی هێزی شەقامدا

19/01/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


دوانەی بەرپرس و ترس، هاوکێشەیەکی ڕاستەوانە لەنێوانیاندا هەیە. هەرکاتێک بەرپرسێک ترسی لە سزای میللەت و هاوڵاتیان نەبوو، ئەوا چی لەدەست بێت و چۆنی بوێت، ئاوهایش بۆ خۆیی گەز! دەکات. لەهەمان کاتدا کاتێک ترسی سزادان لای هەر بەرپرسێک و لە هەر وڵاتێکدا بووە کەلتوورو چووە ژیانی هەر تاک و بنەماڵەکەیەوە، ئەوا تاوان و گەندەڵی و خراپەکاریش ئەبێت شتێکی ئەستەم.

لە زەمەنی سەرۆک وەزیرانی (دەیڤید کامیرۆن)دا لە بەریتانیا، یاسایەکی چاکسازی! واژۆ کرد کە چەند دەرهەمێک باجی دەخستەسەر هاوڵاتیان، بەڵام (مێری کامیرۆن) کە دەکاتە دایکی (دەیڤید کامیرۆن)ی سەرۆک وەزیران، سکاڵای لەسەر کوڕەکەی تۆمارکرد بەو هۆیەی دژی هاوڵاتیان بڕیاری داوە، ئەوەبوو سکاڵاکەی (مێری کامیرۆن) کاریکردەسەر پێگەکەی دەیڤید کامیرۆن و لەپۆستەکەی دووریخستەوە.

ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان قبوڵ کرا، هیچ نییە جگە لەوەی لە کوردستاندا بەرپرسان و کاربەدەستانی هەرێم ترسیان نییە لە سزای میللەت و چاوەڕێی سزای میللەت نین. لە کوردستان هێزی شەقام هەمیشە دادگای سزادانی ئەو بەرپرسانە نەبووە، بۆیە لە فەراغی ئەو ترسەی بەرپرساندا ڕەنگە تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی کارێکی زۆر کەم بێت و لەئایندەیشدا دەست بۆ کاریتریش ببەن.

هەرچی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و گوتاری پۆپۆلیزمیشە، هێشتا نەیتوانیووە کۆکەرەوەی ئەو هێز و پاوەرە دژەی شەقام بێت کە لە ناخەوە دژی نادادی و خراپییەکانی دەسەڵاتە، تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ڕابردوو لەئێستادا بەشێکیان غەرقی شیرینییەکانی دەسەڵاتن و بەشەکەیتریشیان بەرەیەکی کەمی شەرمنن لە جوڵاندنی هەست و توڕەیی شەقام.

ئەو دۆخەی لە کوردستان تێدەپەڕێت، دەرئەنجامی بێترسییە لە جوڵەی شەقام. کە شەقام بۆشایی سیاسی! تێدا دەرکەوت و پارچە پارچە بوو!، ئیدی هێزی دەرەکی تا ئەندازەیەکی زۆر ئاسان داغڵ دەبێت، لەجیهاندا لەنێوان هێزی دەسەڵات و هێزی شەقامدا، هەموو دەم هێزی شەقام ترسناکتر بووە، بەڵام لە وێستگەیەکدا کە شەقام چۆڵە لەهێز و پاوەری پێویست، ئەوا لێکەوتەکەی هەر ئەوەیە کە هەنوکە لە کوردستان دەبینرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە