کێ و چی

10/02/2020

پەیکار عوسمان

 

(٤) - ئازادیخوازی لەوەدانیە کە دژبیت. بڕیاری پێشوەختەی دژبوون، لەگەڵ بڕیاری پێشوەختەی لەگەڵبوون، هەمان کۆیلایەتییە. "ئازادی" ئازادبوونی عەقڵ و ئیرادەو بڕیاری تۆیە، لە کۆتی پێشوەختەی (لەگەڵ و دژ) هەردوکیان! - فەسادو ستەمکاری ڕەزیلەتن، بەڵام موجەڕەد دژایەتی فەسادو ستەمکاری، نابێتە فەزیلەت. بەڵکو سەرەتا (ناستەمکاری و نافەساد) فەزیلەتەکەیە! یەعنی فەزیلەت، لە دژایەتی ئەوی ستەمکارەوە دەستپێناکات، لە ناستەمکاریی خۆتەوە دەستپێئەکات. - (پارتی و یەکێتی ستەمکارو فاسدن) نوقتە. بەڵام تەنیا دژایەتی پارتی و یەکێتی، ناکاتە جیاوازبوون لە پارتی و یەکێتی.

بەڵکو جیاوازبوون لە پارتی و یەکێتی، ئەکاتە فەزیلەت و دژایەتی ڕاستەقینەی پارتی و یەکێتی! - دژایەتی پارتی و یەکێتی ئامانج نیە، تەنیا وەسیلەیەکە بۆ تەحقیقی عەدالەت و بۆ دژایەتی ستەم و فەساد. ئەگەر دژایەتی ستەم و فەسادت لا ئامانجبێ، ئیتر دژی کۆی ستەم و فەسادیت، لە پارتی و یەکێتیداو لەوانیتریشداو لە هەمووشی گرنگتر لە خودی خۆتدا. - بەڵام ئەگەر دژایەتی ستەم و فەساد، کورتکەیتەوە لە دژایەتی پارتی و یەکێتیداو ئەمەت لا ئامانجبێ،، ئیتر لە تەنیشت فەسادی دەسەڵاتەوە فەسادی موعارەزەو لە تەنیشت فەسادی ئەودا فەسادی تۆو لەتەنیش بنەماڵەی سیندا بنەماڵەی صادو لەتەنیشت دوکانی ئەمدا دوکانی ئەو دروستئەبێ.. چونکە ئیتر شتەکە شەڕی فەساد نیەو شەڕی هێزە. هەریەك لەبری ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە، خۆی تەیارو بەهێز ئەکات بەهەمان کەرەستەکانی فەسادو ستەمکاری! - ئا لێرەوەیە کە هێزێکی بچوکی موعارەزە، بەقەت هەردو زلحیزبەکە، پەیجی تەشیرو ناوزڕاندنی هەیەو ئا لێرەوەیە کە لایەنێکی کۆنە موعارەزە، هاوشێوەی لایەنەکانی دەسەڵات، موڵکی گشتی لایە! -

یەعنی ئەگەر وەسیلەو ئامانجەکە تێکەڵکەین، ئیتر شتەکە لە شەڕی ئەخلاقەوە ئەبێتەوە بە شەڕی هێز. لە شەڕی هێزیشدا هەمووان وەکو یەکیان لێدێتەوەو فەسادی تەریب دروستئەبێ! بەڵام لە شەڕی ئەخلاقدا، جیاوازی دروستئەبێ و لە جیاوازیشدا، ئەخلاقی بەدیل دێتەگۆڕێ. - یەعنی دژایەتی فەسادو ستەمکاریی، تا خۆی شتەکەبێ و گەورەبێت، ئەخلاقە. کە وردمانکردەوە بۆ شتی تر، ئیتر ئەبێتەوە بە هێزو لە ئەخلاق ئەترازێ. ئێمەش لەگەڵ فەساددا، پێویستمان بە شەڕی ئەخلاقە نەك شەڕی هێز. چونکە ئەخلاق، هێڵی پێچەوانەی فەسادە. بەڵام "هێز" ڕاستەوانەکەیەتی و لە تەنیشتییەوە بە هەمان ئاڕاستەدا ئەڕوا! - زۆر هەن لە پشتی دژایەتی پارتی و یەکێتییەوە، هەڵگری هەمان ئەخلاقی پارتی و یەکێتین.

ئێمەش پێوستمان بە ئەخلاقێکی سیاسی ترەو بۆ ئەمەش، ئەبێ چیتر فلتەرێکمان هەبێ، کە نەیەڵین، لە پشتی دژایەتی پارتی و یەکێتییەوە، هەمان ئەخلاقی پارتی و یەکێتی، بە بەردەمماندا تێپەڕێ و باجی لەسەر نەبێت! - ئەخلاقی پارتی و یەکێتی، ئەخلاقی باشبوون نیە، ئەخلاقی لەگەڵبوونە. (لەگەڵم بیت باشی و لەگەڵم نەبی جاشی) زۆر هەن لە پشتی بانگەشەی دژایەتی پارتی و یەکێتییەوە هەڵگری هەمان ئەخلاقن و هەمان ژەهر ئەڕێژن و هەمان عەقڵیەت تۆخئەکەنەوە! دەی تۆ ئەگەر لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا، بەمانیش نەڵێ ی ستۆپ، ئیتر وەکو وایە ئاو ببێژیتەوە. - ئێمە بۆیە نەیاری پارتی و یەکێتین، چونکە نەیاری ئەخلاقی سیاسیی ئەوانین.

دەی ڕقسازییەکەی دژەکانی "پارتی و یەکێتی"ش، هەر هەمان ئەخلاقەو هەر هەمان فەساد دروستئەکاتەوە! - بناغەی فەسادی سیاسی ئێمە، ئەو ئاوی ڕقەیە کە لە شەستەکانەوە لە ململانێ ی مەلایی و جەلاییەوە ڕژا. لەوێوە سیاسەت یەکسان کرا بە ڕق. لەوێشەوە سیاسەتی ئێمە، زڕو نەزۆك دەرچوو، چونکە ڕق هیچی لەسەر ناڕوێ! - چارەسەر دەرچوونە لەم زەلکاوی ڕقە. "فکر"، یان دژایەتی گەندەڵی، یان دژایەتی پارتی و یەکێتی، یان هەرشتێکی تر، پاساونین بۆ مانەوەمان لەم زەلکاوە نائەخلاقییە ناعەقڵانییە نائینسانییەدا. پاساوەکە هەچی بێت، تۆ لەهەمان زەلکاودایت.

جا لەبری ئەوەی هەریەکەو بە پاساوێك سەری تێخەین، گرنگە هەر یەکەو بەڕێگایەك لێ ی دەرچین. - تۆ لە فکرەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە گیرفانەوە. لە دینەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە ئیلحادەوە. لە کوردایەتییەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە دژەکوردایەتیەوە. لە حیزبەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە خێڵەوە. لە سەلەفییەتەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە فیمینزمەوە. لە جەلالییەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە مەلاییەوە. لە پۆپۆلیزمی قەومچێتییەوە بچیتەوە سەر ڕق، یان لە پۆپۆلیزمی موعارەزەوە.. دواجار تۆ لەناو هەمان پرۆسەی ڕقسازیی و لە هەمان ئەخلاق و عەقڵیەتدایت.

- پرسیارەکەش ئەوەنیە، لەکوێوە بچینەوە ناو ئەم زەلکاوە، تا هەریەکەو بەشێوازی خۆی، خۆی تێنێت. مەسەلەکە ڕێگاکانی چوونە ناو ئەم گووە نیە، مەسەلەکە خودی گووەکەیەو پرسیارەکە ئەوەیە چۆن لێ ی دەرچین؟؟ - گرنگە هەر یەکەمان خۆمان بخەینە بەردەم ئەم پرسیارە، بۆئەوەی هەموومان، بکەوینە ناو پێچەوانەی ڕقسازیی! بەمەش ئیتر، لەبری ئەوەی خاڵی هاوبەشمان ڕق بێت کە خاڵێکی پەرتکەرە، لە خاڵێکی بانڕقدا کۆئەبینەوە، کە ئەوە خاڵی هاوبەشی ڕاستەقینەیە، چونکە خاڵی هاوبەش ئەبێ کۆکەرەوەبێ و نابێ پەرتکەربێت. ماویەتی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی