بـــــــــــۆ سلێمانی؟

11/02/2020

سامانی وەستا بەكر

چاندنی ئاشتی زۆر لە هەڵكەنینی ڕق قورسترە.
تێبینی/ هەر ناوهێنانێكی سلێمانی مەبەست لێی هەڵەبجەو گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین و پاشان سلێمانیە.
ئەوەی ئیدارە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم ئەیكەن زۆر لە چاندنی ڕق ئەچێ لە نێوان دەڤەرە جیاوازەكانی هەرێما نەك ‌هەڵكەنین و بنەبڕكردنی دووبەرەكی.

ئاخر كابینەكانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی و ئەوەی ئێستای مەسرور بارزانیش هەمان ئەو سیاسەتە بەرامبەر سلێمانی جێبەجێ ئەكەن كە لەسەردەمی حكومەتی بەعسا جێبەجێ ئەكرا.

بەعس كاتێ دڵنیابوو كە سلێمانی بۆ دەستەمۆ ناكرێ و بە ئاسانی ملكەچناكا ئیتر بیری بۆ دوو شت چوو بیكا بەرامبەر سلێمانی، ئەوانیش:

یەكەمیان دژایەتی سلێمانی لەڕێی ئازاردانی گەنجەكانی شار و سەركوتكردنی خەڵكەكەی و ناردنی زۆرترین هێز بۆ چاوترساندنی خەڵكەكەی.

دوومیش لەڕێی بچوكردنەوەی جوگرافیای سلێمانی و كێشانی بازنەیەك بەدەوریا كە بە شەقامی شەستییەكەی سلێمانی ناسراوە و ناساندنی ئەودیووی شەقامەكە وەك "الارچ المحرمە"واتا زەوی قەدەغەكراو.

ئەوكات حیزبی بەعس ناهەقی نەبوو وا لە سلێمانی بكات چونكە سلێمانی بووبووە لانەی كۆی شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكان و بنكەی چەماوەری زۆربەی حیزبەكان ئەگەر هەمووشیان نەبێ هەرچەندە گومان هەیە پێش ڕاپەڕین هیچ حیزبێكی كوردستانی بنكەی جەماوەری و ڕێكخراوی لە هیچ شارێكا وێنەی سلێمانی هەبووبێ.

سلێمانی بۆ حكومەتی ئەو سەردەمەی بەغا زیاتر ناوچەیەكی شەڕ و ئاشوب ئەچوو تا شارێك بەهۆی ئەو پۆلە كچ و كوڕەی سلێمانیەوە كە یان ڕوویان لە شاخ كردبوو یان لەناو شارا خەریكی كاری ڕێكخستن بوون. ئەم گەنجانە بە شێوەی جیاواز جیاواز بەردەوام لەڕێی چالاكی ڕامیاری، پارتیزانی، ڕێكخراوەیی، ڕێكخستن و پەكخستنی كاری حیزبی بەعسەوە وایان كردبوو كە حكومەتی ئەو كاتە زۆرترین چاودێری لەسەر سلێمانی هەبێ و لەو ڕێیەشەوە زۆرترین وێرانكاری لە سلێمانیا ئەنجامبات.

باشە ئایا سلێمانی بەروبوومی ئەو هەموو شۆڕش و یاخی بوون و هەڵچون داچوونەی بەرامبەر حیزبی بەعس ئەیكرد لە پێش ڕاپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١ هیچی چنیەوە یان پاداشتی ئەو زوڵمەی لەسەری بوو قەرەبوو كرایەوە؟
ئەگەر بەراوردێك لە پێش سلێمانیەكەی پێش ساڵێ ١٩٩١ و سلێمانیەكەی ئێستا بكەین بێگومان وەڵامەكە "نەخیر"ە.

خۆ  ئەگەر ئەو كارو خزمەت و جوانكاریانەی لەسەردەستی كەرتی تایبەت و دەوڵەمەند و خەڵكی شارەكە خۆیا كراوە لابەرین ئەوا زۆر بەڕوونی دەرەكەوێ كە حكومەتی هەرێم هەمان سیاسەتەكەی حێزبی بەعس دەرهەق بە سلێمانی پەیڕەو ئەكا و بەردەوامی بە هەردوو كارەكەی ئەو بەعسیە نەگلیسە ئەیا دژی سلێمانی. هەم لە ئازاردانی خەڵكی شار ئەگەر ئازاری فیزیكیش نەبێ ئەوا ئازاری دروونی خەڵكی شار بەردەوامە كاتێك ئەبینرێ ڕۆژ بەڕۆژ لەكۆی سێكتەرەكانا سلێمانی پشتگوێ ئەخرێ و بەراورد بە زۆری ژمارەی دانیشتوانەكەی و بەرینی خاكەكەی كەمترین بودجەی بۆ سەرفەكرێ یان ئەگەر بۆشی سەرف كرێ ئەوا بۆی خەرچ ناكرێ.

ئازاری دەروونی خەڵكی سلێمانی ئەوە نیە كە گرنگی بە هەولێرو دهۆك بیرێ بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەو ئومێدی سیاسیەكانە كە خەڵك وابیركاتەوەو دووبەرەكی خەڵكی ئەو دەڤەرانە لە هەڵكشانابێ هەتا خۆیان سوودمەندبن بەڵكو هەموو بەرەو پیش چوونێكی هەولێر و دهۆك یان هەر ناوچەیەكی تری كوردستان مایەی دڵخۆشی كۆی هەموو كوردێكە بە تایبەتی خەڵكی بەخشندەیی سلێمانی، هەولێر شایەنی خزمەتی زیاترە و بودجەی پێویستیش هەیە بۆ برەو پەرەپێدانی تا لە ئێستا جوانتربێ بەڵام پێویستە بودجەی سلێمانیش هاوتای گەورەی شارەكەبێ.

ئازاری دەروونی خەڵكی سلێمانی ئەوەیە كاتێك ئەبینرێ كە حكومەت لەبەر  كێبڕكێی  و بەرژەوەندی دوو حیزب و دوو كۆمپانیا و دوو بنەماڵە سلێمانی بكرێتە قوربانی.

ئاخر كەی كێشەی سلێمانیە تێچووی شەقامی سەد مەتری سلێمانی هەرچەندێكبێ و بەراورد بكرێ بە تێچووی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر، مەگەر ئەوە كاری حكومەت نیە؟

خۆ ئەگەر حكومەتێك نەتوانێ تەندەر بە شێوەی زیادكرنی ئاشكرا بدات بە كۆمپانیایەك كە باشترین كوالیتی و بە كەمترین تێچوو كارەكە ئەنجامبات لەترسی هەڕەشەی كۆمپانیایەكی ئەملا یان ئەولا ئیتر چ مانایەك بۆ بوونی حكومەت و سەرۆكەكەی ئەمێنێتەوە!

هیچ حیزبێك بۆ سلێمانی تێناكۆشێ هەروەك چۆن هیچ سیاسیەكی باڵا دەست و دەوڵەتمەداریش ئامادەنیە شەڕ بۆ ئەو شارە بكات. حیزبەكان تەنها سوود لە جۆش و ئازایەتی و ڕۆشنبیری و داهێنەرەكانی سلێمانی ئەبینن بۆ گەشەی حیزبی و كەسی خۆیان.

پارێزگارێ كە بە دەنگی ٢٤٠٠٠٠ كەس هەڵبژێرابێ و نەتوانێ پارێزەری مافەكانی شاربێ نەبونی باشترە لە بوونی، سەرۆكی حكومەت لایەنی كەم لەبەر بەرژەندی حیزبەكەی خۆ خۆشەویست كردنیشبێ ئەبوایە شەقامی ١٠٠ مەتری لەكارە پێشینەكانی بوایە بەڵام وا دیارە ڕق زاڵە بەسەر عەقڵا. جێگری سەرۆكی حكومەت ناهەقی ناگیرێ چونكە بۆ ئەو و حیزبەكەشی سلێمانی شوێنێكە بۆ ململانێی حیزبی و شكاندنی باڵەكان.

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی